کەسابەتە چەورەکەی پەرلەمان

ليست هناك تعليقات


هادی حمەڕەشید

خێربێت لە دەنگە ناڕەزیەکەدایە

۱
سەرباری ئەوەی کە قوماری یەکێتیی و پارتیی ئایندەی پەرلەمان و هەندێ دامەزراوە و مەعالیمی هەرێمی بە ناڕوونیی و تا ئاستی لە ناوچوون بردووە، بەڵام هێشتا حیزب و گرووپەکانی دنیای ئێمە زۆر بە پەرۆشیی و تامەزرۆییەوە ئامێز بۆ هەڵبژاردن و پەرلەمان ئەکەنەوە!

خول لەدوای خول ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کەم و کەمتر ئەبێتەوە و کەچی هیچ لایەنێك بیر لە پاڵنەرەکانی پشت بەشداریی نەکردن ناکاتەوە و داتاکانی ڕێژەی بەشداریی بەجدیی شی ناکەنەوە!

ئەوەندەی سەرزەنشتی خەڵك ئەکەن لە بەشدارنەبوونیان، ئەوەندە لە کەموکوڕییەکانی خۆیان ناپرسنەوە!

نایانەوێت کە تێبگەن بایکۆت و ڕێژەی کەمی دەنگدەر ئەنجامە نەك هۆکار!

نیگەرانیی خەڵك لە پەرلەمان و دەنگنەدان بە لۆژیك و هەنگاوی عەقڵانییە نەك وەك بیرکردنەوەی ئەوان کە یان سۆز و دەروێشایەتییەکی حیزبییە یان هەوڵێکی خۆدەوڵەەندکردنی شەخسییە!

خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان(ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردستان) لە 19ی 5ی 1992 ئاستی بەشداری 84.4% ئەمە چەندی ساختە بووە و چەندی ڕاستەقیینەیە، لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە تامەزرۆیی و دڵگەرمیی خەڵك بەرچاو و نکولیی نەکراو بوو!

خودی پەرلەمانیش گرنگییەکی زۆری لای هێزە بەشدارەکان هەبوو، پارتیی کە بەنزیکەی ٤۳۷هەزار دەنگ پلەی یەکەمی بەدەستهێنابوو، سەرباری ئەوەی کە چواردە هەزار دەنگ لە پێشی یەکێتییەوە بوو، کەچی داوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان کرد و سەرۆکی حکومەتیان ڕەدکردەوە، بۆیە جەوهەر نامیق کە لە دەرەوەی ماڵی بارزانیی بەهێزترین کارەکتەری ناو پارتیی بوو و هاوکات بەهێزترین سکرتێری مەکتەبی سیاسیی مێژووی پارتیی بوو پۆستەکەی وەرگرت.

جگە لەوەش تیمێکی بەهێزی یاسایی و ئیداریی و ئەهلی نەزەر و تەنانەت سەربازیی و ئەمنیی لە هەردوو حیزبی براوە چوونە پەرلەمانەوە.

ئەوەش ڕاستە کە سێ کەسایەتیی بەهێزی ئەو سەردەمە؛ جەلال تاڵەبانیی و مەسعود بارزانیی و نەوشیروان مستەفا هیچ پۆستێکی تەشریعیی و تەنفیزییان وەرنەگرت، بەڵام هاوشانی خەڵکانی تەکنۆکرات و پیشەیی، کۆی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتیی و کەسایەتییە بەهێزەکانیان ناردە پەرلەمان بە پلەی یەکەم و حکومەت پاش ئەو!

لەگەڵ جەوهەر نامیقدا د.ڕۆژ نوری شاوەیس و فرانسۆ حەریریی و فەلەکەدین کاکەیی و ئیدریس هادیی و شێروان حەیدەریی و بارزانی مەلا خالید و فرسەت ئەحمەد(کە کرا بە سکرتێری پەرلەمانیش) چوونە پەرلەمانەوە(کە ئەو سەردەمە بەهێزترینەکانی پارتیی بوون)

یەکێتییش هاوشانی د.فواد مەعسوم کە بۆ سەرۆکی حکومەت بەربژێرکرابوو تیمێکی زۆر بەهێز و نەوعییان خستە لیستەکەوە؛ د.کەمال فواد و مولازم عومەر و حەمەتۆفیق ڕەحیم(کە کرا بە جێگری سەرۆکی پەرلەمان)و کۆسرەت ڕەسوڵ و عومەری سەید عەلیی و شەوکەتی حاجی موشیر و د.عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و مستەفای سەید قادر و شێرکۆ بێکەس و ئەرسەلان بایز و حەسەن کوێستانیی و جەلال جەوهەر و بەکری حاجی سەفەر و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و د.خەسرەو گوڵ و د.جەلال شەفیق و مام ڕۆستەم و سەعدی پیرە و نەوشیروان فواد مەستیی و سیروان نەورۆڵیی و سەلام کەریم خان...

لە هەردوو لیستەکە هەندێکیان برانە حکومەتەوە و بەزۆرییش لە پەرلەمان مانەوە.

سەرۆکی پەرلەمان بە بڕوا و هیواوە کاری ئەکرد و ئەیووت: (ئەتوانرێت لەڕێگای ئەم پەرلەمانەوە کوردستان بکرێت بە وڵاتێکی نموونەیی)

بۆیە کە شەڕی ناوخۆ دەستپێئەکات و هەولێر بە پارتیی چۆڵ ئەکرێت بۆ ماوەیەك جەوهەر نامیق لە پەرلەمان ئەمێنێتەوە و لەگەڵ بەشێك لە هاوپیشەکانی لە یەکێتیی هەوڵی ئاشتەوایی ئەدەن.

۲
پاش جەولە یەك لەدوای یەکەکانی شەڕی ناوخۆ و پڕۆسەی ئازادیی عێراق (یان بەقەولی ئەمریکا خۆی) پڕۆسەی داگیرکاریی عێراق و دەستگیربوونی سەرکردەکانی کورد لە غەزوبەزی پارەی هائیلی عێراق، ئیتر وردە وردە هەڵبژاردن و پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و تەنانەت ئەنجوومەنی نوێنەرانییش بێبایەخ کرا و لە خولێکەوە بۆ خولێکیتر ڕێژەکە دابەزیی تا ئاستیی(داتای نافەرمیی) ڕێژەی سەدی شەست و حەوت بەشداریی دەنگدانیان نەکردووە!

لەم نێوەندەدا ئەوەی کە نایەوێت ئەو ڕێژە بەرزە بسەلمێنێت و باکی بە بەشداریی خەڵك نییە،حیزب و گرووپە سیاسییەکانن کە بە بنبەست گەیشتوون لە سیاسەتدا و بە هیچ کلۆجێکیش ناتوانن دەستبەرداری ئیمتیاز و مەعاش و چەوروشیرینیی پەرلەمان ببن!
۳
لە خولی سێیەمی پەرلەماندا کە لە هاوینی ۲٠٠۹دا ئەنجام درا، ئەوەی پێیئەوترا وزەی ناڕازیی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا؛ لە هێڵی ئۆپۆزسیۆنی حیزبیی و لە پەبلیك فیگەری ڕۆشنبیریی و ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمیی و تەنانەت سەربازیی پێکهاتن و لیستی گۆڕانیان دروستکرد.

(وێڕای سەدان سەرنجمان لەسەر ئەو بزووتنەوەیە)گۆڕان هەوڵێکی جدیی هەبوو بۆ بەسەنتەرکردنی پەرلەمان و ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵك، بەڵام ئەوە ئەنجامەکەی بوو کە لە خوولی چوارەمدا بۆ دوو ساڵ پەرلەمان داخرا و پارتیی مۆرێکی گەورەی بارەگای بارزانیی لەو باڵەخانەیە دا و بە هەمووانی ووت:ئەوەی لە ناو هاوکێشەکەی مەسعود بارزانییدا سیاسەت نەکات توڕهەڵئەدرێتە دەرەوە و تا ئەتککردن(هەتکی شەرەف)ـیش ئامادەن پەرلەمانتار بچووك بکەنەوە!

٤
خوولی چوارەم جگە لە ئەو مۆرەی کە بارەگای بارزانیی بەو دامەزراوەیەیدا کێشای،هاوکات سەرەتای بە تەپەدۆرکردنی پەرلەمان دەستی پێکرد، نەك وەك خوولی یەکەم حیزبەکان ئامادە نەبوون کە ڕیزی پێشەوەی مەکتەبی سیاسییەکەیان بنێرنە پەرلەمان، بگرە ئەگەڕان لەو سایت و تەلەفزیۆن و دیوەخان و بێ ئیش و دانەمەزراویان ئەگرت و کاندیدیان ئەکردن!

بەناوی سەربەخۆ و دوورکەوتنەوە لە کادیرە حیزبییەکان دەیان مرۆڤی چەنەباز و بێ مەبدەئـ وچاوچنۆك خرانە ناو پەرلەمان و شێك نەما بەناوی خەمی خەڵك، پێشبڕکێ بوو لەسەر خۆنواندن و لێدوانی ناو میدیا و شەڕەدەنووکی ناو سۆشیالمیدیا و بەجارێ پەرلەمان بوو بە بار بەسەر خەڵکەوە!

٥
لەدوای کەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و چوونە دەرەوەی وزە ڕاستەقیینەکەی، هاوکات بێ ئومێدبوونی چەندین سەرکردەی یەکگرتووی ئیسلامیی و کۆمەڵی دادگەریی لە گۆڕانکاریی و چاکسازیی لە ناو حیزبەکانیاندا، لێرە و لەوێ کۆمەڵێك گرووپی ناڕازیی لە جووڵەدان.

بە گشتیی خەڵکێکی باش و ئەهلی نەزەری سیاسیین، بەڵام گرفتی گەورەیان(هەڵبەت مەرجیش نییە هەموویان وابن) تێنەگەیشتنە لە سرووشتی گۆڕەپانەکە!

چۆن حیزبەکانی دەسەڵات و هاوبەشە سیاسییەکانیان(بە تازە و کۆنیانەوە) لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، خەڵك تاو ئەدەن بۆ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانێکی داگیرکراو، ئەمانیش هەر ئەو گوتارەیان پێیە!

لە کوردستاندا دیوارێکی جیاکەرەوە هەیە لە سیاسەتدا، دیوێکی تەنیا پارتیی و یەکێتیی لێیە، لەم دیوەی دیوارەکەوە باس باسی دەسەڵاتە، لەسەری سەرەوە تا ئەندامی کۆمیتە و ناوچە،خۆیان بە خاوەنی کوردستان ئەزانن، دابەشی ئەکەن بەسەر لایەنگران و ئەندامانی خۆیاندا، پۆست ئەبەخشنەوە، خەڵك دائەمەزرێنن، خەڵك زیندانیی ئەکەن، تیرۆر ئەکەن و خەڵك ئەکوژن،ساڵ ئەکەن بە دە مانگ و کەی ویستیان مانگ ئەکەن بە حەفتا ڕۆژ، گرووپی کۆمپانیا دروست ئەکەن و نەوت هەناردە ئەکەن و بە هەزار ڕێگا سەرانە لە خەڵك ئەسەنن و مەرز داگیر ئەکەن و ئەوەی نەشێ و بشێ ئەیکەن، هەندێ جار تەنانەت ئیش بۆ هاوبەشە ئۆپۆزسیۆنەکەشیان نا هێڵنەوە و خۆیان ڕەخنەکەش ئەگرن و تا ئاستی جنێو و تەشهیریش خۆیان لەیەکتر زیز ئەکەن

دیوەکەیتری دیوارەکەش حەشاماتێکە کە بەزۆریی لەبری دەسەڵات لە یەکیان گیرکردووە!

سرووشتی ئەم دیوەی دیوارەکە گرنگە لێی تێبگەین؛

لەم دیوەدا کە زیاتر ژاوە ژاوە، خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە کە ساحێب ماڵ نین، ڕاستە زۆرجار بەشدارن لە حکومەتدا، بەڵام بەشدارێکی زۆر بێ دەسەڵاتن و سەرەتای بەشدارییان بەهار ئەهێننە ئەژنۆیان، بەڵام ساڵێك بەسەر بەشدارییان تێناپەڕێت دەست بە ڕەخنەگرتن ئەکەن و ئەڵێن خۆ ئێمە هیچمان بەدەست نییە!

هەیانە تا ئێستاش لە حکومەتن، بەڵام کاتێك باسی شکستی کابینەکە ئەکرێت، ئەوانیش خۆیان پێ بێتاوانە!

هەیانە لەساڵی ۱۹۹٤ دامەزراوە، سوبحانەڵڵا لەساڵی ۱۹۹٦ـەوە لە حکومەتتدان، بە سەرە یەك بە یەك میم سین و سەرکردایەتییەکەیان بردە حکومەتەوە و خانەنشین بوون، کەچی تازە بە تازە پڕۆژەی(چوارچێوەی نیشتیمانیی بۆ دەنگە ناڕازییەکان) دروست ئەکات!

ناڕازیی چیی؟! بۆ مەگەر هێشتا جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەتان نییە؟!

فیگەرە دیارەکانتان زانکۆی کەسیی هەیە و موستەفیدە لەو دەسەڵاتە!

هەر لە تەنیشتی ئەوانەوە، حیزبێکیتر لە حکومەتە تا دەسەڵات بیەوێت، کە دەسەڵات وەریانناگرێت هێشتا لە حکومەتە خۆجێیەکان ناکشێنەوە تا چەند مانگێکی ئەمێنێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، پاك و بێگەردیی بۆ خوا کەچیی بەڵێنی کشانەوە ئەدەن و بڕیارەکەش بەسەر پشتی کیسەڵدا ناگاتە قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانیان و لە پۆستەکانیان ماونەتەوە!

تازەترین حیزبیان؛ سەرمایەیەکی زۆر زەبەلاحی لەو سیستمە گەندەڵەدا کۆکردووەتەوە و لە زۆرینەی مەکەب سیاسییەکانی دەسەڵاتش موستەفیدتر بووە، ئەگەر هاوڵاتییەکی ئاسایی باج و ڕسومات نەدات هیچ مەعامەلاتێکی بۆ ڕاهی ناکرێت، کەچی ماشائەڵڵا ئەو چەند ملیار دینار پارەی ئاو و کارەبا قەرزارە و نایدات و تەحەددای حکومەتیش ئەکات!!

بەڕاست ئەمە بچێتە حکومەتەوە چیی ئەکات؟!

برادەرێکیتر هەیە کە تەنیا خۆی و مێزێك و تاقمێك قەنەفەی پەنجا هەزارییە، هەموو حەفتەیەك کۆنگرەیەك ئەگرێت و ئەڵێ لەگەڵ فڵان حیزبیتریش یەکمان گرت، ئەویش هەر بە هیوای پانتاییە ناڕازییەکەیە!

خاڵی هاوبشی هەمووشیان؛ سەرۆکی تاقانە و بێبەدیلە!
بەجدیی ئەمانە چ تروسکاییەکیان تێدایە؟!

٦
بۆ ئەوەی کارتەکان تێکەڵ نەبن؛ خەڵکانێکی باش و پەرێزپاك لە کوردستاندا ماون کە ساڵانێکە لەسەر بۆچوونە نەگۆڕ و ڕیفۆڕمخوازانەکانیان باجیان داوە، گرووپگەلێك هەن کە سەرنجی جدییان لەسەر سیستمی سیاسی لە کوردستاندا هەیە؛ بەڵام ئەوانیش وا خەریکە ئەکەونە هەڵە گەورەکەی بەرەو پەرلەمان چوون و خولانەوە لە بازنەی بۆشی پەرلەمان و هەڵبژاردندا!

ئیشکالێکی گەورەیە کە لەم گۆڕەپانەدا بیت و لە بنەماکانی یارییەکە تێنەگەشتبیت!

ئەمانە تائێرە باشیان هێناوە، بەڵام ؛

یەك/کەس بە تەنیا سۆپەرمان نییە و پێویستە واز لە ناکۆکیی بهێنرێت و بیر لە دروست کردنی ڕەوتێکی سیاسیی(نەك حیزب)خاوەن تێڕوانینی ستراتیژیی بکەنەوە.

دوو/ واز لە بازرگانییکردن بە دەنگی خەڵکەوە بهێنن، تا ئەوکاتەی(کە ڕەنگە دوو خولی هەڵبژاردنی پێویست بێت) و لەگەڵ ئەو زۆرینەیەدابن کە بایکۆتی هەڵبژاردن ئەکەن، کەمپەین بکەن و خاوەندارێتیی لە بایکۆت بکەن.

سێ/ بەغدا بکرێت بە قوڵایی سیاسەتکردن و لەڕێگای کۆمەڵێك کارەکتەری سیاسیی شارەزای سەر گۆڕەپانەکە نوێنەرایەتیی شەقامی کوردیی بکەن، لەلای ناوەندە نێودەوڵەتیی و عێراقییەکان باس لە پڕوپوچیی هەڵبژاردن لە کوردستان و خاڵییبوونەوەی پەرلەمان لە مانا ڕاستەقیینەکەی بکەن، لە تەخوین نەترسن و بەبێ ڕتووش باس لە گۆڕینی سیستمی سیاسیی لە کوردستاندا بکرێت.

چوار/ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا سەدان ژن و پیاوی ئازا و دوور لە هەوڵدان بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی هەیە، ئەمانە بەڕێگای گونجاو کۆبکرێنەوە و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و بۆ گێڕانەوەی متمانە بۆ سیاسەت بخرێنەگەڕ.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif