لوبنان دەگەڕێنینەوە سەردەمی چاخی بەردین

ليست هناك تعليقات


وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جارێکی دیکە هەڕەشەی لە بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی کرد و گوتی، بیر لە ‌هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیل نەکاتەوە.

رۆژی سیشەممە، 8ـی ئابی 2023، یوئاف گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەردانی ناوچە سنوورییەکانی باکووری ئیسرائیلی لەگەڵ لوبنان کرد و لەوێ بە رۆژنامەڤانی راگەیاند، ئەگەر لە داهاتوودا شەڕ لەنێوان وڵاتەکەی و گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانی رووبداتەوە، هاوشێوەی شەڕەکەی ساڵی 2006، ئەوا ئیسرائیل "لوبنان دەگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردین".

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت "هیچ هەڵەیەک مەکەن! ئێمە جەنگمان ناوێت، بەڵام ئامادەین بەرگری لە هاووڵاتییان و سەربازان و سەربەخۆییمان بکەین".

ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە گرژی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل سەریهەڵداوە و سوپای ئیسرائیل هێزێکی زۆری بۆ ناوچەکە جووڵاندووە، ئەمەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ دروستبوونی هەر شەڕێک لەسەر ناوچە سنوورییەکان.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە یەکێک لە کەسە تووندەکانی حکومەتی ئیسرائیل ناسراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەندیی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باش نییە، بەتایبەت لەسەر پرسی یاسای هەموارکردنەوەی سیستمی دادوەری ئیسرائیل.

ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە گوتی "دەبێت دوژمن باش تێبگات، کاتێک دێتەسەر باسی ئاسایشی ئیسرائیل، ئێمە هەموومان یەکگرتووین و ئێستاش حیزبوڵڵا و نەسروڵڵا ئاگادار دەکەمەوە، هەڵە نەکەن، ئێوە لە رابردوودا هەڵەتان کردووە و باجی قورسیشتان داوە، ئەگەر خودا نەکردە، دۆخەکە لێرە [سەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان] یان شەڕ رووبدات، ئەوا ئێمە لوبنان دەگەڕێنینەوە بۆ چاخی بەردین".

لە مانگی ئاداری رابردووش، لەو ناوچەیە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تەقییەوە کە ئیسرائیلییەکان دەستی تۆمەتیان بۆ حیزبوڵڵا راکێشا، بەڵام ئەوان ئەو تۆمەتەیان رەتکردەوە.

لە ساڵی 2006، حیزبوڵڵای لوبنانی رووبەڕووی سوپای ئیسرائیلی بوونەوە لەو جەنگەی بە جەنگی 34 رۆژی ناسرا و لەوکاتەشەوە هەردوولا چەند جارێک رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، بەڵام شەڕەکان درێژەی نەکێشاوە، سەرەڕای ئەوەی سەرکردایەتیی ئیسرائیلی و حیزبوڵڵا بەردەوام هەڕەشە لە یەکدی دەکەن و رایدەگەیێنن گەڕێکی نوێی ناکۆکییەکان ئەوەندە دوور نییە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif