سەرۆکی پێشووی ڤاگنەر بە نهێنی بەخاک سپێردرا

ليست هناك تعليقات


دەسەڵاتدارانی رووسی لە رێوڕەسمێکی نهێنی و رێکارێکی تووندی ئەمنیدا، لە گۆڕستانێکی دەرەوەی شاری سانت پیتەرسبێرگ لە رۆژئاوای رووسیا تەرمی سەرۆکی پێشووی گرووپی چەکدارانی ڤاگنەریان بەخاکسپارد.

رۆژی سێشەممە، 29ی ئابی 2023، شەش رۆژ لە دوای کوژرانی لە ئەنجامی کەوتنەخوارەی فڕۆکەکەیدا، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی کۆمپانیای ڤاگنەر لە گۆڕستانێکی دەرەوەی شاری سانت پیتەرسبێرگ، ئەو شارەی شوێنی لەدایکبوونیشی بووە، لە رێوڕەسمێکی نهێنیدا بەخاکسپێدرا.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کورتی گرووپەکە لەسەر پەیجەکەیان لە تەلەگرام، رێوڕەسمەکە دوور لە چاوی میدیاکان و رۆژنامەڤانەکان بەڕێوەچووە و لە سبەینێ رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئاب، هەرکەسێک دەیەوێت دوا ماڵئاوای لە پریگۆژین بکات، دەتوانێت سەردانی گۆڕەکەی بکات لە گۆڕستانی پۆکرۆڤیسکی لە رۆژئاوای شارەکە.

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆ و وێنەنانەی لە ئاژانسەکان بڵاوکراونەتەوە، گۆڕەکەی پریگۆژین بە گۆڵ داپۆشراوە و ژمارەیەکی زۆری پۆلیس و گاردی نیشتمانیی رووسیایی پارێزگاری لێ دەکەن.

بەگوێرەی میدیای رووسی، نزیکەی 20 بۆ 30 لە کەسوکارە نێزیکەکان و هاوڕێکانی پریگۆژین ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون و نزیکەی 40 خولەکیشی خایاندووە.

رۆژی 23ی ئابی، 2023، پریگۆژین لەگەڵ دوو جێگرەکەی و چوار لە پاسەوانەکانی لەنێو ئەو 10 کەسەدا بوون، کە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەی فرۆکەیەکی تایبەت لە باکووری شاری مۆسکۆ، گیانیان لەدەستدا.

مردنی پریگۆژین لە کاتێکدایە کە دوو مانگ لەمەوبەر لە 23ی حوزەیرانی 2023، گرووپەکەی بە سەرکردایەتیی پریگۆژین یاخیبوونێکی یەک رۆژەیان لە دژی سەرکردایەتیی رووسیا راگەیاند بۆ ماوەی چەند کاژێرێک شاری رۆستۆڤی باشووری رووسیای کۆنترۆڵ کرد، کە ئەوکات بە گەورەترین ئاڵنگاریی دەسەڵاتی پووتین بینرا لەوەتەی هاتووەتە سەر دەسەڵاتی کریملن لە ساڵی 1999.

دواتر چەکدارانی ڤاگنەر فڕۆکەیەکی سەربازیی رووسییان لەو شارە خستەخوارە و فڕۆکەوانەکەیان کوشت و بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتن، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە مۆسکۆ، پریگۆژین فەرمانی بە چەکدارەکانی دا بکشێننەوە.

لە دوای گیانلەدەستدانی پریگۆژین، کریملن بە تووندی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە حکومەتی رووسیا لەپشت کوشتنی سەرۆکی پێشووی ڤاگنەرەوە بوو و رۆژی سێشەممەش رایانگەیاند کە پووتین بەشداریی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پریگۆژین ناکات.

ئەوکات پووتین لەبارەی کەسایەتی پریگۆژینەوە کە ئاشکرای کرد لەساڵانی 1990ەکانەوە ناسیوویەتی، دەڵێت "ئەو بازرگانێکی زیرەک بوو، بەڵام هەمیشە چارەنووسێکی زەحممەتی هەبووە، چونکە لە ژیانیدا هەڵەی زۆر گەورەی کردووە".

رۆژی یەکشەممە، 27ی ئابی 2023، لێکۆڵەرانی رووسی رایانگەیاند، ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی، مردنی پریگۆژین، پشتڕاست کردەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گومانەکان لەسەر تێوەگلانی کرێملن لە تێکشکانی فڕۆکەکە زۆربوون.

لە دوای مردنی پریگۆژین، رۆژی پێجشەممە 25ـی ئاب، دیمتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، رایگەیاند "قسە و باسێکی زۆر دەربارەی تێکشکانی فڕۆکەکە و مردنی کارەساتباری سەرنشینەکان، لەنێویاندا پریگۆژین دەکرێت؛ بەدڵنیاییەوە، ئەو گریمانەی رۆژئاوا لە گۆشەیەکی دیاریکراودا دەخرێنەڕوو؛ هەموو ئەمانە درۆیەکی رەهان."


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif