پیسبوونی هەوا گەورەترین هەڕەشەی جیهانییە

ليست هناك تعليقات

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە رۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە نیشانی دەدات، هەڕەشەی پیسبوونی هەوا لەسەر تەندروستیی مرۆڤ لە زیانەکانی جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان گەورەترە؛ چەقی هەڕەشەکەش لە باشووری ئاسیایە، ئەگەرچی چین لە بەرەنگاربوونەوەیدا بە خێرایی بەرەو پێش دەچێت.

لێکۆڵینەوەکە لەلایەن پەیمانگەی سیاسەتی وزە لە زانکۆی شیکاگۆی ئەمریکییەوە کراوە، رەخنە لە سەرکردەکانی جیهان دەگرێت لەسەر ئەوەی کە وەکو پێویست پارەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە تەرخان نەکردووە. ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پارەیەی بۆ پاراستنی کوالێتیی هەوا دانراوە، بەشێکی بچووکی ئەو پارەیەیە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە گوێزراوەکان بەلاوەنراوە.

راپۆرتی ساڵانەی پێنوێنی کەشوهەوا کە لەلایەن زانکۆی شیکاگۆوە ئامادە کراوە نیشانی دەدات، پیسبوونی هەوا بەهۆی دووکەڵی ئۆتۆمبێل، کارگە، ئاگری دارستانەکان و هۆکارەکانی دیکە، "گەورەترین هەڕەشەی دەرەکییە بۆ سەر تەندروستیی گشتی،" کە مەبەست لێی هەڕەشەی دەرەوەی لەشی مرۆڤە.

ئەگەر جیهان بۆ تاهەتایە ئەم هۆکارە پیسکەرانە کەمبکاتەوە و بگاتە ئەو ستانداردانەی کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ کوالێتیی هەوا دایناون، ئەوا تەمەنی هەر مرۆڤێک دەتوانێت سەرووی 2.3 ساڵ زیاد ببێت.

تەنۆلکە وردیلەکانی نێو هەوا دەبنە هۆی نەخۆشیی سییەکان، نەخۆشیی دڵ، جەڵتە و شێرپەنجە.

بەراورد بەوە، بەکاربردنی تووتن و بەرهەمەکانی، تەمەنی مرۆڤ 2.2 ساڵ کەم دەکاتەوە، بەدخۆراکیی منداڵ و دایکانیش بەرپرسە لە کەمکردنەوەی 1.6 ساڵ لە تەمەنی مرۆڤ.

ئاسیا و ئەفریقیا گەورەترین بارگرانییان لەسەرە، لە کاتێکدا کە خراپترین ژێرخانیان هەیە. هەروەها بەشێکی کەمی یارمەتییە مرۆییە بێبەرامبەرەکان وەردەگرن.

بۆ نموونە، تەواوی کیشوەری ئەفریقا، ساڵانە کەمتر لە 300 هەزار دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی هەوا وەردەگرێت.

کریستا هاسێنکۆف، بەڕێوەبەری پرۆگرامی کوالێتیی هەوا لە پەیمانگەی سیاسەتی وزە دەڵێت، "دابڕانێکی گەورە هەیە لە نێوان ئەو شوێنانەی کە پیسبوونی هەوایان لە خراپترین دۆخدایە و ئەو شوێنانەشی ئێمە پێکەوە و لە سەرانسەری جیهان سەرچاوەکانمان بۆ تەرخانکردوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە."

لە کاتێکدا کە پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتیی هەیە بە ناوی "سندووقی جیهانی" کە ساڵانە 4 ملیار دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئایدز، مەلاریا و سیل خەرجدەکات، هیچ شتێکی لەو شێوەیە بۆ پسیبوونی هەوا نییە: "کەچی پیسبوونی هەوا ساڵانی زیاتر لە تەمەنی مرۆڤ لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و کامیرۆن کەمدەکاتەوە بەراورد بە ئایدز، مەلاریا و هەڕەشە تەندروستییەکانی دیکە."

بەنگلادیش خراپترین هەوای هەیە

لەسەر ئاستی جیهان، باشووری ئاسیا گەورەترین کاریگەریی پیسبوونی هەوای لەسەرە. بەنگلادیش، هیندستان، نیپال و پاکستان یەک بەدوای یەک پیسترین هەوایان هەیە، کە لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە لە رێگەی پێوانەکردنی رێژەی تەنۆلکە وردەکانی نێو هەواوە دەپێورێت.

لە بەنگلادیش، هەر یەک مەتر سێجا هەوا، 74 مایکرۆگرام تەنۆلکەی وردیلەی تێدایە، ئەگەر ئەو رێژەیە کەمبکرێتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە WHO دایناوە، کە بریتییە لە 5 مایکرۆگرام تەنۆلکە لە هەر مەتر سێجایێکدا، ئەوا تەمەنی دانیشتووانی ئەو وڵاتە 6.8 ساڵ درێژدەبێتەوە.
مەبەست لە تەنۆلکەی وردەیلە ئەوانەن کە تیرەکەیان 2.5 مایکرۆ مەترە.

دەلهی، پایتەختی هیندستان لەسەر ئاستی شارە گەورەکانی جیهان، "پیسترین" شارە و ساڵانە تێکڕای 126.5 مایکرۆگرام تەنۆلکەی 2.5 مایکرۆمەتری لە هەر مەتر سێجایێکیدا هەن.

هاسێنکۆف دەڵێت، چین "بەرەوپێشچوونی گەورەی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی هەوا بەدەستهێناوە" کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستی بەو هەوڵانە کردووە.

لە نێوان ساڵانی 2013 و 2021، پیسیی هەواکەی 42.3٪ دابەزیوە. ئەگەر ئەم باشبوونە بەردەوامبێت، ئەوا هاووڵاتییانی چینی تەمەنیان 2.2 ساڵ زیاد دەکات.

لە عێراق، لە هەر یەک مەتر سێجادا، 24.6 تەنۆلکەی 2.5 مایکرۆمەتری هەیە، ئەگەر ئەو رێژەیە بۆ ستانداردی WHO کەمبکرێتەوە، ئەوا تەمەنی تاکی عێراقی 1.9 ساڵ زیاد دەبێت.

لە ئەمریکا، لە ساڵی 1970ـەوە، رێکاری یاسایی وەک دەرکردنی (یاسای هەوای پاک) پیسبوونی هەوای بە رێژەی 64.9٪ کەمکردووەتەوە و وایکردووە ئەمریکییەکان تەمەنیان 1.4 ساڵ زیاد بکات.

بەڵام هەڕەشەی ئاگری دارستانەکان کە لە گەورەبوونی بەردەوامدایە، بوونەتە هۆی ئەوەی لە هەندێ شوێنی رۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەمریکای لاتین و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا پیسبوونی هەوا زیاد بێت

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif