پێگەی جیۆسیاسی توركیا لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا

ليست هناك تعليقات


بورهان شێخ رەئوف
-
توركیا خاوەن پێگەو قورساییەكی جیوسیاسی گەورەیە لە قەیرانە نێودەوڵەتییەكاندا، بەتایبەتی لە قەیرانی ئۆكرانیا و ململانێی روسیا و خۆرئاواییەكان و قەیرانی سوریادا، بۆیە هیچ لایەنێك و بە تایبەتی وڵاتانی زلهێز ناتوانن ئەم پێگەیە نادیدە بگرن .

هەر لەسەر ئەو بنەما و هۆكارەشە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ، لەیەك كاتدا، هەوڵدەدات دەستكەوتی گەورە بەدەست بهێنێت لە روسیا و لە خۆرئاواش، چونكە روسیا لەململانێكەیدا لەگەڵ خۆرئاوادا پێویستی بە توركیایە، بۆیە زۆرجار دەچێتە ژێرباری داخوازییەكانی و تەنانەت چاویش دەنوقێنی لە هەندێك هەڵسوكەوتی ئەو وڵاتە، كە دژبە روسیاشن و پاساویشی بۆ دەهێنێتەوە، دواترینیان دوای گواستنەوە پێنج لە سەركردەكانی رێكخراوی تیرۆریستی ئازورف (نازیە تازەكان)بوو بۆ ئۆكرانیا، چونكە روسیا دەزانێت قەبارەی ئەو فشارەی لەسەر توركیایە، لەلایەن هاوپەیمانی خۆرئاواییەكان چەندە زۆرە، هەموو ئەمانەش تەنها لە بەرئەوەی ئەنقەرە بەرەوخۆی رابكێشێت، یان هیچ نەبێت بێلایەن بێت لەو ململانێیەدا .

لەلایەكی ترەوە خۆرئاواییەكان فشار لە توركیا دەكەن، بۆئەوەی پابەندی بكەن، سزاكانیان بەسەر روسیادا جێبەجێ بكات، چونكە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە و پێویستە لەسەری پابەندی بڕیارەكانی بێت، بەڵام تائێستا فشارەكان نەگەیشتۆتە ئاستی ناچاركردنی ئەنقەرە بۆ پابەند بوون، لە ترسی ئەوەی پەنا بۆ روسیا ببات و روسیا ئەو فشارانە بقۆزێتەوە بۆئەوەی توركیا ببەستێتەوە بەخۆیەوە .بەڵام فاكتەری لاوازی توركیا لەم هاوكێشەیەدا، خراپی دۆخی ئابورییەكەیەتی، كەناتوانێت پشت لە خۆرئاوا بكات، بەجۆرێك توركیا ناچارە هەموو بڕیارەكانی خۆرئاوا لە ئایندەیەكی نزیكدا جێبەجێ‌ بكات، ئەوەش سەرەتاكانی بەدەركەوت و وازی لە مەرجەكانی هێنا بۆ وەرگرتنی سوید لەهاوپەیمانی ناتۆ، لەبەرامبەر داخوزایە كۆنەكەی خۆی بۆ ئەوی جارێكی تر لە یەكێتی ئەوروپا وەربگیرێت، چونكە ئەنقەرە بۆباشتركردنی دۆخی ئابوری، زۆر پێویستی بە خۆرئاواییە .

ئەگەرچی ئەردۆغان دەستكەوتی زۆری لە جەنگی ڕوسی - ئۆكرانی و خۆرئاواییەكان و قەیرانی سوریا بەدەستهێنا، بەڵام دوای سەركەوتنی لە خوولی سێیەمی سەرۆكایەتیەكەیدا ئێستا لەتەنگژەیەكی گەورەدایە، بە تایبەتی دوای ئەوەی :

1. شكستی هێنا لەوەی بەر لە داڕمانی بەردەوامی بەهای لیرە بگرێت، كە گەیشتۆتە ئاستێكی پێوانەیی، كە هەرگیز پێشتر ئەمەی بەخۆیەوە نەدیووە، سەرەڕای هەموو هەوڵ و كۆششەكانی خۆی وەزیرە تازەكەشی كەپسپۆڕێكی دارایی ناودار و بەتواناشە. 

2. شكستی وەرگرتنی رەزامەندی و هەڵكردنی تیشكی سەوزی ئەمریكا و خۆرئاواییەكان بۆ پەلاماردانی باكوری سوریا واتە خۆرئاوای كوردستان.

3. شكستی ئەو بانگەشەیەی كەساڵانێكە دەهۆڵی بۆ دەكوتێت، دوای سەدساڵ كۆتایی هاتنی پەیماننامەی لۆزان و هەمواركردنەوەی بەندەكانی كەلەگەڵ خواست و ئارەزووەكانی خۆیدا بگونجێت، كە زیندووكردنەوەی سەروەرییەكانی سەلتەنەتی عوسمانییە .

ئەردۆغان لە خوولی كۆتایی سەرۆكایەتیەكەیدا، دەخوازێت سۆزی خۆرئاواییەكان جارێكی تر رابكێشێتەوە، دوای دووركەوتنەوەیەكی زۆر هەر لە ساڵی 2003 ەوە، كاتێك بواری نەدا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، خاكەكەی بەكاربهێنن بۆ داگیركردنی عیراق، هەروەها ئەو سیاسەتەی ئەردۆغان لە ناوچەكەدا پەیڕەوی دەكرد دژ بە بەرژەوندی خۆرئاوا بە گشتی .

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif