دووساڵ دوای هەشتی تەمووز

ليست هناك تعليقات


لاهور جەنگی، دوو ساڵە لە هیچ جومگەیەکی حیزبی و بەرپرسیارێتی کرداریدا نەماوە، راستر دەکرێت بلێین لە زیندانێکی فراواندا بووە

بەڵام بەو دۆخەشەوە هێشتا لاهور جەنگی تاکە مەترسی سەر یەکێتیە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەمەش لە بەر چەند هۆیەك کە دەکرێت ئەمانە بەشێکیانبن

یەکەم

کوڕانی تاڵەبانی هەموو ئەو پاساوانەی دایان بە گوێی ڕای گشتیدا بۆ لێدان لە لاهور جەنگی و پێیان تۆمەتباریان دەکرد، هیچیان بە قازانجی خەڵک کاریان لەسەر نەکرا، بەڵکو ئەگەر دۆخەکە خراپتر نەبوبێ ئەوا باشتر نیە لەو کاتەی کە لاهور جەنگی بڕیار بەدەست بوو ، ئەمە وایکرد لای هاوڵاتیان هەموو ئەو قسانەی بەرامبەر لاهور دەکران بە شەری پۆست و ململانێی حیزبی جێگیر ببن 

دووەم

بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بوونە بڕیاربەدەستی تەواوەتی یەکێتی و هەموو ئەوانیتریان لە ناوەندی بڕیار دابڕی، واتە بافڵ تاڵەبانی لە بری ئەوەی دەسەڵاتەکان دابەشبکات و پێگە بۆ ئۆرگان و ناوەندەکانی حیزبەکەی بگێڕێتەوە و ڕۆڵ دابەشبکات، بە پێچەوانەوە تەواوی ئۆرگان و کەسەکانی لە ناوەندی بڕیار دابڕی و هەموو ڕۆڵەکەی بردەوە لای خۆی، لە کاتێکدا تاڵەبانی باوک بەو هموو پێگەیەوە گەر بە رووکەشیشبوبێ هێشتا ڕۆڵێکی هێشتبویەوە بۆ ئۆرگانەکان و پێگەی کەسی و دامەزراوەکانی حیزبەکەی.

سێهەم

یەکێتی لە دوای ٨ی تەمووزەوە ژمارەیەك گرفتی نا پێویستی بۆ خۆی دروستکرد و بەتەواوی ململانێکانی خۆی بچوکردەوە بۆ شتی بچوکو لاوەکی، لە کاتێکدا یەکێتی لەدوای هەشتی تەموز دەبوو سەرقاڵی هەنگاوی گەورە و پلانگەلێك بوایە کە لە ئاست ئەو بەڵێنانەدابێ لە دوای ٨ی تەمووز بە ئەندامانی خۆی و خەڵکی زۆنی سەوزی دان

چوارەم

لە دوای هەشتی تەمووزەوە یەکێتی بەناوی گۆڕانکاریەوە هەندێك هە نگاوی وەك خۆڕێکخستنەوە هەڵناوە بەتایبەت بۆ کەنار خستنی ئەوانەی نزیکن لە لاهور جەنگی یان ئەگەری هەیە لەگەڵیدابن، ئەم خۆ رێکخستنەوەیە بەتایبەت لە مەکتەب و مەڵبەندەکاندا تێکەڵ کراوە بە تۆڵەکردنەوە و ململانێی رابردووی شەخس و باڵەکان و ئەمەش وایکردوە کەنار خراوەکان ئەگەر دۆستی لاهوریش نەبووبن دەبنە دۆستێکی شاراوە،چونکە لە گۆشەیەکی خراپ و لاسەنگەوە دەست بۆ ئەو پرسە برا

پێنجەم

یەکێکیتر لە هۆکارەکان خودی لاهور جەنگیە، ئەگەرچی لە رووداوەکانی ٨ی تەمووز دەستەوەستان بوو لەبەردەم هموو ئەو شتانەی بەسەر خۆی و نزیکەکانیدا هێنرا و هیچ یەکێك لەو هەنگاوانەی نەنا کە چاوەڕێ دەکران و لاواز دەرکەوت، بەڵام ئەوەی ڕەنگە باری لاری تارادەیەك راست بکاتەوە، جێنەهێشتنی سلێمانی بوو وێڕای مەترسیەکانی سەری ئەو پێداگری لەسەر مانەوە لە سلێمانیدا کرد

لە کۆتایدا ئەوەی ماوە بوترێت ئەوەیە کە لە ئێستادا ئەگەرچی وا دەردەکەوێت کە لاهور جەنگی پیگەی حیزبی و سیاسی و جەماوەری نەمابێت بەڵام بەو دۆخەشەوە هێشتا هەڕەشەی جدیە لەسەر دەنگەکانی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا، ڕەنگە یەکیتی باشتر لەوە تێبگات و بزانێت کە ڕاستە لە هەشتی تەمووزەوە توانیویانە لاهور جەنگی لە پۆست و چەک و داهات دوور بخەنەوە بەڵام نەیانتوانیوە لە دڵی ئەندام و لایەنگر و دەنگدەری یەکێتیدا دەری بهێنن و جێگای پێ لێژ بکەن، هەربۆیە ئەمە مەترسیە جدیەکەی هەڵبژاردنی داهاتووی یەکێتیە، هەر بۆیە پێموانیە یەکێتی بچێتە هەلبژاردنێکەوە کە لاهور جەنگی لیستی تێیدا هەبێت و ئەم پرسە بۆ یەکێتی لە یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان گرنگترە و پێویستە دەرچەیەکی چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە

عوسمان گوڵپی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif