کۆتایی ساڵی 2024 سەرژمێریی گشتی لە عێراق دەکرێت

ليست هناك تعليقات


وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕیاریدا کۆتایی ساڵی 2024 سەرژمێریی گشتی لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەنجام بدات. یەکێک لەوپرسانەی کە یەکلایی دەکرێنەوە، دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانە لە بودجەی گشتی، ئەویش پاش تەواوبوونی سەرژمێری.

بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، هەرێمی کوردستان 14%ی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت، ژمارەی دانیشتووانی عێراق هەر بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتەکە، گەیشتووەتە 44 ملیۆن و 249 هەزار و 883 کەس.

یاسر حوسەینی، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، "ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراق گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکیانەی هەن، کە هەموو ساڵێک دووبارە دەبنەوە لە کاتی پڕۆژەیاسای بودجە بەتایبەتی. هەر پارێزگایەک ژمارەیەک دەڵێت، کە زۆر لە داواکاریی خۆیان زیاتر بووە، تەنانەت ژمارەکان روون نەبوون. ئێمە داوا دەکەین سەرژمێری بە زووترین کات ئەنجام بدرێت، تاوەکو بزانین هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتووانی چەندە و پشکی چەندە؛ هەروەها پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووریش بە هەمان شێوە."

کورد لە شیوازی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە ناڕازییە، چونکە دیاریکردنی نەتەوەی لێ دەرکراوە، ئەمەش وادەکات چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی نەکرێنەوە.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "هەندێک ترساون و دەڵێن، ئەمە هەنگاوێکە بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140، ئێمە گوتمان، نەخێر ئەمە بۆ ئەوەیە بانکێکی زانیارییان هەبێت، تاوەکو بزانین رێژەی دانیشتووان چەندن، ئەوان مەترسییان هەیە لە دەڤەری مادەی 140 ژمارەی کوردان و ئەوانەی زەرەرمەند بوون دیار نەبێت، هەندێکی دیکە بەرژەوەندییان لەمە هەیە، دیارینەکردنی سەرژمێری لە بەرژەوەندییان بووە، تاوەکو لە بودجە و پشکیان لە بودجە و پلە و پایەی خۆیان زیاتر بکەن."

عێراق پێشتر، بڕیاری دابوو هه‌ر 10 ساڵ جارێك سه‌رژمێریی گشتی لە وڵات ئەنجام بدات، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان رێگربوون. ئه‌و سه‌رژمێرییانه‌ی ئه‌نجامی داون له‌ ساڵانی: 1927، 1934، 1947، 1957، 1965، 1977 و 1987 بوون، دواجاریش 1997 بوو، ئێستا عێراق کار بە سەرژمێریی 1957 دەکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif