گازی سرووشتی دەکەینە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات

ليست هناك تعليقات


سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندێکی ئەنجومەنی کاری عێراقی - ئەمریکی کۆبووەوە و رایگەیاند، دەبێت خۆیان بۆ پشتبەستن بە وزە نوێبووەوەکان لەبری نەوت ئامادە بکەن و وەبەرهێنانیش لە گازی سرووشتیدا دەکەن، تاوەکو ببێتە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات بۆ عێراق.

نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ (چوارشەممە، 14-6-2023) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سوودانی پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی کاری عێراقی - ئەمریکی بەسەرۆکایەتیی ستیڤ لوتز، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، عێراق شایستەی ئەوەیە ببێتە ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ کەرتی تایبەت و کۆمپانیا بیانییەکان. دەشڵێت، حکومەت زنجیرەیەک بڕیاری داوە بۆ ئاسانکاری رێوشوێنەکان بۆ وەبەرهێنەران و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان لەم بوارەدا.

محەممەد شیاع سوودانی باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق هەڵگری میراتێکی قورسە، کە لە شەڕی هەشتاکانەوە دەستی پێکردووە و کاریگەری نەرێنیی لەسەر زۆرینەی سێکتەرەکان دروستکردووە. دەشڵێت، نابێت عێراق تەنیا پشت بە نەوت ببەستێت، بەو پێیەی ئەمڕۆ جیهان رووەو جێگرەوەکانی نەوت و وزە نوێبووەوەکان هەنگاو دەنێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، وڵاتانی جیهان ملیاران دۆلار بۆ سەرچاوەکانی وزەی جێگرەوەی نەوت خەرج دەکەن، بەتایبەتی لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا. بۆیە پێویستە وڵاتانی پشتبەستوو بەو سەرچاوەیە، خۆیان بۆ وزەی نوێ ئامادە بکەن.

محەممەد شیاع سودانی جەختی لەوەش کردەوە، عێراق خاوەنی سامانێکی سرووشتیی زۆرە، کە وەبەرهێنانیان تێدا نەکراوە. هەروەها بەهۆی هەڵکەوتەکەشیەوە دەتوانێت ببێتە وڵاتێکی کشتوکاڵی و پیشەسازی.

سەبارەت بە وەبەرهێنان لە کەرتی گازی سرووشتیی هاوەڵ، کە ئێستا بەشی زۆری بەفیڕۆدەچێت، سوودانی باسی لەوە کردووە، دەستیان پێکردووە و تێچووی ساڵانەی لەسەر ئابووریی عێراق 4 ملیار دۆلارە. دەشڵێت لەم رووەوە چەند گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیا چینی و ئیماراتییەکان هەیە و نیوەی ئەو بڕە دابین دەکەن کە عێراق هاوردەی دەکات.

سوودانی لەبارەی گازەوە زیاتر دەڵێت، خەریکی ئامادەکاریین بۆ راگەیاندنی خولی شەشەمی کێڵگەکانی گاز و لەڕووی وەبەرهێنانی گازی سرووشتییەوە یەکەمجارە عێراق هەنگاوێکی لەمجۆرە بنێت. گوتیشی، وەبەرهێنان لەو کێڵگە گازییانە دەبێتە سەرچاوەی دارایی گرنگی حکومەت.


 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif