هادی حمەڕەشید
-
زۆری لەسەر ووتراوە، نزیك بە پەنجا ساڵ یەکێك لە بڕیار بەدەستانی سیاسیی بوو لە کوردستاندا، بەڵام ڕەنگە هێندەی ئەم چەند ساڵەی کە ئەکەوێتە پاش مەرگییەوە لەسەری نەوترابێت.
هیچ مەرگێك هێندەی مەرگی نەوشیروان مستەفا نەبوو بە سەراسیمە بۆ خەڵکە ڕاستگۆکەی ناو سیاسەت( کە کەمینەیەکی کەمینەن) ئەو سەروەختێکی خراپ ڕۆیشت و بە دوای خۆیدا هەموو شتێکی بە شێواویی جێهێشت!
زۆری لەسەر ووتراوە، بەڵام لایەنی کەم ئەبوو پاش مەرگی ئەو کۆتایی بە سیاسەتی(بە شێخکردنی سیاسەتبازان) بهێنرایە، ئەبوو کێ بەردەوام ئەبێت لە کاری حیزبیی و کێش جارێکیتر تێهەڵئەچێتەوە بۆ ئەبەد (دەروێشایەتی)ـیان لە ناخی خۆیاندا بکوشتایە، ئاخر ئەوەندە ئەو پیاوە تەقدیس کرا، کاتێك ئێمەومانان ووتمان: (وانابێت) لەشکرێك لە مورید و دەروێش بە قەمە و سیخ و شمشێرەوە بۆمان هاتن!
لەکاتێکدا ئێمە ووتمان: نەکردەنییە کە مەلا مستەفا نەیویست (بەهێزی) ناو (بەهێزەکان) بێت، بەڵکو هات مەکتەبی سیاسییەکەی پاکتاو کرد و کۆمەڵێك لاوازی لە شوێنیان دانا!
تاڵەبانیی وەك یەکێك لەو پاکتاوکراو و ناڕازییانە تێهەڵچووەوە لەسیاسەت و یەکێتیی دروست کرد، ئەویش هاتەوە و وەك مەلا مستەفا، نەیویست(بەهێز)ی ناو (بەهێزەکان) بێت، بەڵکو دەستیکرد بەهێنانە پێشەوەی کۆمەڵێك ماستاوچیی و چاوشۆڕ!
ئێوەش( نەوشیروان مستەفا) دیسانەوە لەو ملهوڕییەی ئەو ناڕازیی بوون، هاتن گۆڕانتان دروست کرد، ئێ ناکرێت ئێوەش وەك ئەوانەی پێش خۆتان ڕەدی بکەنەوە کە (بەهێز)ی ناو (بەهێزەکان)بن و هەرچی هیچ لەباردا نەبوو و پاتاڵ هەیە هێناتان و خستتانە شوێنی خەڵکە بەهێزەکە و بزووتنەوەکەتان پێ لاواز کرد؟!
ئەو بە وێرانەخاك کردنی گۆڕانەوە ڕۆیشت، چونکە وەك ئەوانەی پێش خۆی (بەشێخ کرا) بوو، ئێ خۆبەخۆ مەقامی شێخ بۆ شێخزادەیە و جێنشین کوڕانی ئەون!
ئەبوو پاش ئەو جارێکیتر کەس نەکەوتایەتە داوی هیچ(شێخ)ـێکیترەوە، بەڵام بەداخەوە لەتازەترین ڤێرژنی حیزبایەتییدا شێخێك بە سەدان هەزار دۆلار قەرزاری خەڵکەوە، بە سەدان درۆی شاخدارەوە، بە دەیان تەجمیل و فەیسێکی ساختەوە، تازە تەکیە و خانەقامان بۆ ئەکاتەوە؟!
لە نەوشیروان مستەفا و ئەوانەی پێش ئەویش دەستکراوەترە، دەزگا و ئۆرگانی حیزبەکەی هەڵئەوەشێنێتەوە، چاوەش و ئەدمین و لایکچیی و شایەری گەورەی گەلەکەمان دەرئەکات و کەس ناوێرێت بڵێ(لەل)!
پێش نەوشیروان مستەفا ئەم ئاوە ڕژا بوو، ئێمە چاوەڕێ بووین ئەو ئاوێکیترمان بۆ بڕێژێت، ئاوێك تا ئێمە لەبری قاچمان سەری تێخەین!!
بەڵام حەیف کە نەیڕشت...
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق