خستنەڕووی راستییەكان لەبارەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن

ليست هناك تعليقات


د.هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
-
پاشخانی بابەتەكە

پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و راپرسیی هەرێمی كوردستان و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، یەک لە بابەتە ھەرە گرنگ و لەپێشنەکانی بەردەم کاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوون. ھەوڵ و ھیمەتی ھەموولایەکیشمان بۆ ئەوە بوو، بە پشوویەکی درێژەوە، خاڵی ھاوبەشی نێوان سەرجەم فراکسیۆنەکان بدۆزینەوە و بنەمای سفر یان 100 لە بیرکردنەوە و جوڵەی فراکسیۆنەکان، زاڵ نەبێت بە سەر لۆجیکی دیالۆگ و لێکتێگەیشتندا.


لەو پێناوەشدا و لەپێناوی ئەوەی ئەو زەمینەسازییە سیاسییە لەبارە بهێنرێتە ئاراوە، كە ئەم پرسە نیشتمانییانە بەپێی رێككەوتن و گرتنەبەری رێوشوێنە یاسایی، پەیڕەوی و پەرلەمانییەكان، هەنگاوەكانیان بۆ بگیرێتەبەر، لە رێكکەوتی 3 ـی 11ـی 2021ـەوە، واتە ساڵێک بەر لە کۆتاییھاتنی وادەی خولی پێنجەمی پەرلەمان، کۆبوونەوە و دیداری فراکسیۆنەکان لەسەر پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دەستیان پێکرد. پێش ئەم رێكکەوتەش، خودی کۆمیسیۆن بە سێ نووسراوی جودا به نووسراوەكانی (ژ. 76 له 5 ـی 8 ـی 2019)، (ژ. 62 له 4ـی 8ـی 2021) و (ژ.13 لە 3ـی 3ـی 2022)، داوای لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو، چارەنووسی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی کۆمیسیۆن یەکلایی بكەنەوە، بەو پێیەی لە مانگی 12ـی 2019ـەوە وادەی یاسایی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران کۆتایی ھاتبوو، سەرباری ئەوەش، شوێنی دوو کۆمسیار بە بەتاڵی مابوونەوە.

دوای چەندین ھەوڵ و دانیشتن، بە داخەوە فراکسیۆنەکان نەگەیشتنە لێکتێگەیشتنی ھاوبەش. گفتوگۆكانیش كاتی زۆریان خایاند، بەجۆرێك ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان لە وادەی یاسایی خۆیدا، زەحمەت و ئەستەم كرد. سەرەنجامیش لەپێناو رێگریكردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی و دامەزراوەیی، بە ناچاری، بە دەنگی زۆرینەی ھەرە زۆری ئەندامانی پەرلەمان، یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان ژمارە (12)ـی ساڵی 2022، تا 31ـی 12ـی 2023 دەنگی لەسەر درا. پاساوی یاسایی دەرچوواندنی ئەم یاسایە، گرتنەبەری سەرجەم رێكارە یاسایی و ئامادەسازییەكان بوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. ئەمەش بەڕوونی لە ھۆیەکانی دەرچووانی یاساكەدا، جێگیر كراوە.

لە كاتێكدا، هەوڵە فرەلایەنەكان بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازییە هەمەلایەنەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەر بەردەوام بوون، هاوتەریب هەوڵەكانی دروستكردنی بەربەستی زیاتر و دۆزینەوەی بەهانەی یەك لە دوای یەك بۆ خۆدزینەوە و ملنەدان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لابردنی بەربەستەكانی بەردەمی پرۆسەكە، بەردەوام بوون.

كاتێكیش كە گرتنەبەری رێكارە پەیڕەوییەكان تەوەری كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (4)ـی ئاسایی لە رێكەوتی 22ـی 5ـی 2023ـدا، زیاد كرا، هەر بەگوێرەی بنەما و ڕێكارە پەیڕەوییەكانیش، بڕگەكە جێبەجێ كراو بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران ، بەگوێرەی بڕیارەیاسای ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجوومەنەكە كاراكرایەوە. بەدوای ئەوەشدا رێكارە تەواوكارییەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە گیرانەبەر. بڕیارەكە لە رۆژنامەی فەرمیی "وەقایعی كوردستان" ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاوكرایەوە. هەردوو كۆمیسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خوارد و بەگوێرەی فەرمانی ژمارە (1603) لە رێکكەوتی 28ـی 5ـی 2023، دەستبەكار بوون، كە ئێستا بەشێوەیەكی پەیڕەویی و یاسایی ئەنجوومەنی كۆمسیاران كارا كراوەتەوە، لەمپەرێكی سەرەكی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، نەهێڵدراوە.

لەپێناو روونتركردنەوەی راستییەكان و دەرخستنی حەقیقەتەكانی پەیوەست بەم پرسە نیشتیمانییە گرنگە، بەپێویستی دەزانم بەشێك لە راستی و بەڵگەكانی پەیوەست بەو بابەتە بۆ رای گشتیی كوردستان روون بكەمەوە. هەندێك بابەت و وردەكاریی و پیلان بۆ تێكدانی دانیشتنەكە و سەرنەگرتنی ئەم هەوڵە هەن، با بمێنن بۆ كاتی خۆی.

هەوڵەكان بۆ لابردنی لەمپەرەكان لە دانیشتنێكی نائاسایی و كردنەوەی وەرزی بەهارەدا

لەپێناو رەخساندنی ئەو زەمینە سیاسییەی پرۆسەی هەڵبژاردن پێویستییەتی و نزیككردنەوەی بۆچوونە سیاسییە جیاوازەكان لەبارەی پرسەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردن، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوی فەرمیی کۆبوونەوەی رۆژی 18ـی 1ـی 2023ـدا ئامادەیی پارتیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوازی فرەبازنەیی (4 بازنەیی)، بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری عێراق بە پێداویستییەکانییەوە و داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و پلاندانانی عێراقیش بکرێنە بنەما. بەم هەنگاو و دەستپێشخەرییە، مەودای جیاوازیی بۆچوونەکان لە سەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن بە رێژەی 95٪ کەمکرایەوە. سەبارەت بە پێكهاتەكانیش ھەڵوێستی فەرمیی پارتی ئەوە بوو؛ پێکھاتەکان خۆیان لەگەڵ "یونامی" لەسەر ھەر فۆرمولەیەک رێکبکەون، پارتی پێشوازی لێ دەکات.

دوای ئەم هەڵوێست و ھاتنەپێشەی پارتی و نیازپاکییە، ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان داوای کۆبوونەوەیەکی دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی بەشدار لە کابینەی نۆیەممان کرد. لە 19ـی 2ـی 2023 لە نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان ئەو کۆبوونەوەیە بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا، داوام کرد ئێمە پێش 1 ـی 3، کە رۆژی کردنەوەی وەرزی بەھارەیە، دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان ئەنجامبدەین بۆ دوو بابەت:

1- خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەموو ئەو پێشنیازەیاسایانەی بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن کە پێشتر پێشکەشکراون، واتە پرۆژەکانی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشووری.

2- کۆمیسیۆن کارا بکەینەوە و بۆ ئەوەش بە پێی یاسای کۆمیسیۆن لیژنەیەک بۆ وەرگرتنی سیڤی شوێنە بەتاڵەکان لەو کۆبوونەوە نائاساییەی پەرلەمان دروست بکەین.

داواشمان کرد کە لەم کۆبوونەوە نائاساییەدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاساكان دەکەین و خەسڵەتی بەپەلەش دەدەینە پێشنیازەکان بۆ ئەوەی دەستوبردیان تێدا بكرێت و لە دانیشتنی 1 ـی 3 ـدا، دانیشتنی کردنەوەی وەرزی بەھارە، خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بکەین و پاشان لە دانیشتنی دوای ئەوەدا، ھەم دەنگ بە ھەمواری یاساکە بدەین ھەم دەنگیش بە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران و هەڵبژاردنی دوو کۆمیسیاری نوێ بۆ پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان، بە ئەنجام بگەیەنین.

بۆ مێژوو، سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ ئەوە بوو؛ ئاساییە دانیشتنە نائاساییەكە ئەنجام بدرێت و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاساكان بكرێ، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەم پێشنیازە پەسەند نەكرد و داوای كرد كە مۆڵەتی چەند ڕۆژێكیان بدرێتێ بۆ ئەوەی بچنەوە سلێمانی و لەگەڵ قیادەی خۆیان تاوتوێی بكەن. ئێمە ئەوكات پێمان راگەیاندن كە ئەگەر ئێستاش ئەو دانیشتنە نائاساییە نەكرێت، خۆ دەبێت ئەم دوو بابەتە لە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەدا هەبن.

پاش چەند رۆژێک، سەرۆکی فراکیسیۆنی یەکێتی و جێگرەکەی ھاتنەوە لای من و لە نووسینگەی خۆم داوایان کرد بۆ دانیشنتی 1 ـی 3 ئەو دوو پرسە نەخرێنە بەرنامەی كارەوە، چونكە هەوڵێك هەیە كە هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی، كۆبوونەوەیەكی خێرا بكەن و خاڵە هاوبەشەكان كۆنووس بكەن، پاشان ئەو خاڵە هاوبەشانە لە پەرلەمان كاریان لەسەر بكرێت. من، ئیتر لەوەوە تێگەیشتم، كە سەرۆکی پەرلەمان "ئۆکەی" حیزبەکەی لا نییە بۆ ئەوەی نە دانیشتنە نائاساییەكە بكرێت، نە ئەو دوو بابەتە گرنگەش بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەوە، بەڵام دیسان لەپێناو پێدانی دەرفەتێكی دیكە و هەماهەنگی هاوبەش، رەزامەند بووین كە ئەو دوو بابەتە نەخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی 1-ـی 3ـوە.

بۆچی تەنانەت لیژنەی یاساییش خوێندنەوەی بۆ پێشنیازەیاساكان نەكرد؟

لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بەھارەدا، فراکیسیۆنی پارتیش پێشنیازەیاسای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پێشکەش کرد. هاوكات لیژنەی یاساییش، ڕۆژی یەكشەممە 12ـی 3 ـی 2023 رایانگەیاند كە 13ـی 3 كۆبوونەوەی لیژنە دەكرێت بۆ ئەوەی پێشنیازەیاساكانی، كە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەلایەن یەکێتی و پارتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشووری، پێشکەشکراون، ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی بکەن تا لە نزیکترین دانیشتندا (بڕیار درا بوو كە چوارشەممە 15ـی 3 دانیشتنی پەرلەمان بكرێت) بخرێنە بەرنامەی کارەوە و خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت.

ھەڤاڵانی یەکێتی، ھەم لە فراکسیۆن ھەم لە لیژنەی یاساییش رازی نەبوون نەنانەت لە لێژنەی یاساییش كۆبوونەوە لەبارەی پێشنیازەیاساكانەوە بكرێت. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بە سەرۆکی فراکسێۆنی پارتی وتبوو ئەو دانیشنتەی لیژنەی یاسایی ببێت، کاریگەری لەسەر کۆبوونەوە بڕیارلێدراوەكەی پەرلەمان لە 15ـی 3ـشدا دەبێت. جارێكی دیكە، هەر لەپێناو پێدانی دەرفەتێكی دیكە و ڕەخساندنی زەمینەیەكی دیكە بۆ ڕێككەوتنی هاوبەش، ئەو كۆبوونەوەیەی لێژنەی یاساییش ئەنجام نەدرا.

گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی گرنگی پەیوەست بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن

پەرلەمانی كوردستان له‌ دانیشتنی ژماره‌ (2)ـی ئاسایی خۆی له‌ڕێكه‌وتی 15ـی3ـی2023ـدا به‌ بڕیاری ژماره ‌(8)، لیژنه‌یەكی په‌رله‌مانیی لە 5 كەس پێكهێنا، كە تایبه‌ت بوو بە وه‌رگرتنی ناو و سیڤی كاندیدان بۆ پڕكردنەوەی دوو پۆستە بەتاڵەكەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران. بەدوای ئەوەشدا جەنابی سەرۆكی هەرێم (كاك نێچیرڤان بارزانی) لە 26ـی 3ـدا به‌ فه‌رمانی هه‌رێمی ژماره‌ 90 بە ئەركی یاسایی خۆی هەستا و 18ـی 11ـی 2023 ـی وەك رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دیاری كرد. دوابەدوای ئەوەش جەنابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم (كاك مەسرور بارزانی)ـیش به‌فه‌رمانی ژماره‌ (1472) له‌ 16ـی4ـی2023 ـدا ئاماده‌یی حكومه‌تی بۆ دابینكردنی سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی كۆمسیۆن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ربڕی.

هەموو ئەمانە لە كاتێكدا بوون كە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵ لەمەڕ تانەكانی كە لە یاسای ژمارە (12)، یاسای بەردەوامبوونی خوولی پێنجەمی پەرلەمان درابوون، بەڕێوە دەچوون. ئەمەش پێویستی دەكرد كە پەرلەمانی كوردستانیش بە ئەركی یاسایی و مێژوویی خۆی هەستێت و هەنگاوەكانی خۆی چڕ بكاتەوە و ئامادەكاریی بۆ ئەگەر و سیناریۆكانی لەمەڕ بڕیاری چاوەڕوانكراوی دادگای فیدڕاڵی ئامادە بكات. بەڵام بەداخەوە ڕێگریی لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەكرا.

چەندین جاری دیکە داوامان کردەوە کە دانیشتنی پەرلەمان بکرێ و بابەتی خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەمواری یاسای ھەلبژاردن بکەین و دانیشتن بۆ خوێندنەوەی دووەم بکەین و لە دانیشتنی دەنگدان بۆ ھەمواری یاسا، دەنگ بە کاراکردنەوەی کۆمسێۆن بدەین، بەلام بەداخەوە نە سەرۆکی پەرلەمان و نە فراکسێۆنی یەکێتی دوا بریار و ئۆکەی حیزبەکەیان لا نەبوو، بۆیە نەدەتوانرا دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.

ئەمە لە كاتێكدا، كە پێشتر و لە کاتی چوونمان بۆ سلێمانی لە ٢٨ ـی ١ ـی ٢٠٢٣ و کۆبوونەوەمان لەگەل شاندی یەکێتی، لە ناو کۆبوونەوە چەندین جار تکا و ڕجام لە برایانی یەکێتی کرد رێگە بە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسێۆنی یەکێتی بدەن دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی یەکەمی ھەموارەکان کە پرۆژەی خۆتانە و کاراکردنەوەی کۆمسێۆن وەک خۆی کە رێککەوتنی ھەموو فراکسێۆنەکانە جێبەجێ بکرێ، بە داخەوە ھیچ بە پیرەوە ھاتنێکمان لێ نەبیبینین.

دوای ئەوەی دادگای فیدرال دانیشنتنی بڕیاردانی لەبارەی یاسای ژمارە (12)ـیەوە بۆ ٣ ـی ٥ ـی 2023 دوا خست، چەند جارێکی دیکە داوامان کرد کە سود لەم دەرفەت پێدانە وەربگرین و ھەر ھیچ نەبێت خوێندنەوەی یەکەم بکرێ و کۆمسێۆن کارا بێت بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دادگای فیدراڵێش بسەلمێنین کە بەردەوامی خوولی پەرلەمان بۆ ئەم ھەنگاونانە یاساییانەیە كە پرۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پێویستیەتی. بەڵام بە داخەوە ھیچ وەڵامێکی پۆزەتیڤمان لە برایانی یەکێتی، نە لەناو پەرلەمان و نە لە دەرەوەی پەرلەمان، وەرنەگرت.
سوودوەرنەگرتن لە دەرفەت و دەستپێشخەری و بەڵێنەكان

لەم سەرووبەندانەدا، بەشی ھەڵبژاردنی پارتی و دەزگای ھەڵبژاردنی یەكێتی لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بوون و لەسەر زۆر خاڵ رێککەوتبوون. داوامان کرد ئەو خاڵانەی رێککەونتیان لەسەر کراوە بکرێنە بنەما بۆ ھەموارەکان و با لە پەرلەمان کاریان لە سەر بکرێ، بەڵام دیسان رێگە بە تیمی یەکێتی لەپەرلەمان نەدرا ھەنگاو بنێن.

دوای دەستپێخەرییەكەی (سەرۆک بارزانی) کە لە مەراسیمی کردنەوەی "یادگەی نیشتیمانی بارزانی"ـدا لە 11ـی 5ـی 2023ـدا، وەکو شاندی مەکتەب سیاسی پارتی رۆژی چوارشەمە ١٧ ـی ٥ چووینەوە سلێمانی. لەگەڵ دەستپێكی كۆبوونەوە هاوبەشەكەی هەردوو مەكتەبی سیاسییدا، سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەڕێز (كاك بافڵ تاڵەبانی)، لوتفی كرد و پاش بەخێرهاتن، ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەگەر بابەتێكی پێویست هەبوو، پەیوەندیم پێوە بكەن. بۆیە لەو کۆبوونەوەكەدا بە شاھێدی ھەردوو شاند سێ جار تکا و ڕەجام لە برادەرانی یەكێتی كرد كە ڕێگە بە(د. رێواز) و فراکسێۆنی یەکێتی بدەن کە پەرلەمان بۆ كاركردنەوەی كۆمسیۆن، وەك خۆی، و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، دانیشتنێك ئەنجام بدات. لەم پێناوەشدا هەر گەرەنتیەكی یاسایی و سیاسییان بۆ دڵنیایی خۆیان دەوێت، ئامادەین، بە جۆرێك با سەرەتا كۆمسیۆن كارا بكەینەوە و مەرجی ئەوەی بۆ دادەنێین كە تا یاسای هەڵبژاردنیش هەموار نەكرێتەوە، كۆمسیۆن هیچ هەنگاوێك ناهاوژێت. تەنانەت پێشمان وتن خۆ ئەگەر كۆمسیۆن كاراش بكرێتەوە پارتی زۆرینەی تێدا نییە و بێ لایەنەكانی دیكە ناتوانێت هەنگاو بنێت.

سەرەنجام لەسەر ئەوە رێککەوتین شاندی ھەڵبژاردن و فراکسیۆن بێنە پەرلەمان و بە ئامادەبوونی من و (د. رێواز) کۆببنەوەو ھەوڵی نزیک بوونەوە بدەین و را ھاوبەشەکان بۆ کۆبوونەوەی دواتری مەکتەب سیاسی ھەردوولا بھێنینەوە.
ھەمان رۆژی کۆبوونەوەمان لە سلێمانی، دوای نانخواردن داوام لە کاک (د. خەسرەو گوڵ محەمەد) ئەندامی شاندی یەکێتی کرد لەگەل (کاک بافڵ) قسە بکات بەوپێیەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دیار نییە چۆن و بە چی ئاڕاستەیەك دەبێت. بۆیە ئێمە دەبێت ئامادەسازیی خۆمان بكەین و پێش بڕیاری دادگا، هەرچۆنێك بووە، ئێمە كۆمسیۆنی خۆمان كارا بكەینەوە. پاش گەڕانەوەمان، بەڕێز (كاك بافڵ) پەیوەندی پێوەكردین و داوای ڕوونكردنەوەی زیاتری ئەو بابەتەی لێكردین كە لەگەڵ (كاك د. خەسرەو) قسەمان لەسەر كردبوو. منیش بابەتەكانم بۆ بەڕێزیان ڕوونتر كردەوە و داواشم لێكرد كە ئەو دەرفەت و كاتەی لەبەردەستماون بقۆزینەوە و سوود لە دەستپێشخەرییەكەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) وەربگرین. هەروەك بە بەڕێزیشیانم وت ئێمە سبەی، هەینی ۱9 ـی ٥، لە پەرلەمان کۆ دەبینەوە ئەگەر ڕێنمایی تیمی یەكێتی بكرێ ڕێك بكەوین، لە ماوەی یەك هەفتەدا كۆمسیۆن كارا بكەینەوە و خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ پێشنیازەیاساكانی پێشكەشكراو بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكەین. بەڕێزیشیان وتی "ئێمەش هاوكار دەبین"!

بەڵام لە کۆبوونەوەكەی رۆژی هەیینیدا لە پەرلەمان هیچ شتیکی نوێ لە هەڵویستی شاندی یەکێتیدا نەبینرا. لەسەر كاغەزێك سێ پرسیارم نووسی و دامە دەست بەڕێز (د.ریواز) و داوام لێکرد لەگەڵ قیادەی خۆیاندا لە سلێمانی باس و گفتوگۆیان لەبارەوە بكات. پرسیارەکانیش ئەمانە بوون:

- ئایا لەبەرامبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی پێکەوە دەبین یان نا؟
- ڕێگە دەدەن کۆمسیۆن کارا بکەینەوە ؟
- چ زەمانەتیکی یاسایی و سیاسیتان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن دەوێ؟
رۆژی شەممە 20 ـی ٥ ـی 2023، برایانی یەکێتی چەند کۆبوونەوەیەکی کارگێڕییان هەبوو. لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا بەڕێز (د. ڕێواز)ـیش بە ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشدار بوو بوو، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێك بۆ ئەو پرسیارانە بەدەست نەهاتن و هیچ شتێكی نوێش نەهاتنە پێش.

رۆژی یەکشەمە۲۱ ـی ٥ ـی 2023، شاندی مەکتەب سیاسی یەکێتی هاتنە پیرمام و لەگەل شاندی پارتیدا كۆبوونەوە. بە شاهێدی هەردوو شاند جارێكی دیكەش سێ جار تكا و ڕجام لێكردنەوە كە ڕێگە بە سەرۆكی پەرلەمان بدەن بۆ ئەوەی بابەتی كۆمسیۆن بخەینە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە و فراكسیۆنی یەكێتیش هاوكار بێت. تەنانەت کاک (مەحمود محەممەد) سەرۆکی شاندی پارتی، پێی وتن فەرموون با سبەی بابەتی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دانانی هەردوو وەزیرەکەتان و گۆڕانکاریەکانی ئێمەش بخەینە بەرنامەی کارەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ بەپیرەوەهاتنێكمان بۆ ئەم تەرح و پێشنیازانە لێ نەبینین!

تەنانەت هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، پێمان وتن لە پێناوی یەكلاییكردنەوەی بابەتی پێكهاتەكانیش، با یەكێتی و پێكهاتەكان لەگەڵ "یۆنامی" بەبێ پارتی كۆ ببنەوە و بگەنە ڕێگەچارەیەك. لەو كۆبوونەوەیەدا هەر ڕێككەوتنێك بكرێ لەو بارەیەوە، پارتی پشتیوان دەبێت و پەسەندی دەكات، بەڵام دیسان گەرموگوڕییەكیش بۆ ئەم پێشنیازە بەدی نەكرا. هەموو ئەمانەش لەكاتێكدا بوو كە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان ژمارە (4)ـی ئاسایی لە 22ـی 5ـدا ڕاگەیەندرا بوو.
ئیتر دەبوا چاوەڕێی چی بین؟

كە هیچ بەپیرەوەهاتنێك بۆ پێشنیازە یەك لەدوای یەكەكان نەبوو. تكاوڕجاكانی ئێمەش سوودێكیان نەبوو. بەڵێنەكانیش جێبەجێ نەكران، نەدەزانرا چاوەڕێی چی بین و تاكەی چاوەڕێ بین. بۆیە لەپێناوی لابردنی بەربەستێكی گەورەی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چیتر بەفیڕۆنەدانی ئەو كاتە كەممەی كە لە بەردەستدا ماوە. هەروەها ئەو لێژنە پەرلەمانییەی كە بۆ وەرگرتنی "سی ڤی" بۆ پڕكردنەوەی شوێنی دوو كۆمسیارەكەی كۆمسیۆن پێكهێنرابوو، سەرجەم كارەكانی خۆی تەواو كردبوو، یادداشتیشی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرز كردبووەوە.

بۆیە فراكسیۆنی پارتی به‌ پشتبه‌ستن بە دەقی ڕوون و زەلالی برگه‌ی چواره‌می مادده‌ی (48)ـی په‌یره‌وی ناوخۆ، 24 كاتژمێر بەرلە وادەی دانیشتنەكەی ڕۆژی 22ـی 5 داواكارییەكی بۆ زیادكردنی بڕگه‌یه‌ك بۆ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنەكە پێشكەش كردبوو، به‌مه‌به‌ستی كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی دوو كۆمسیاره‌كه‌ی. ئه‌م هه‌نگاوه‌ یاساییه‌ش‌ مافێكی یاسایی و په‌یره‌ویی بێچەندوچوونی هەر سەرۆكی فراكسیۆنێك، یان نوێنەری پێكهاتەیەك یان 10 ئەندامی پەرلەمانە كە پێشكەشی بكەن. پەیڕەو تەنها قەیدی 24 كاتژمێری بۆ پێشكەشكردنی داواكارییەكە بۆ زیادكردنی خاڵێك لە بەرنامەی كاری ڕاگەیەندراو، داناوە. كاتێكیش داواكارییەكە لەو ماوە یاساییەدا پێشكەش كرا، ئیتر به‌پێی حوكمه‌كانی بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ مادده‌ی (16) و بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌ی (47) په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانیش، بەرپرسیارێتی یاسایی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان تا هه‌مواری به‌رنامه‌ی كاری ڕاگه‌یه‌ندراو بكه‌ن و ئه‌و بڕگه‌یه‌ی كه‌ داواكراوه‌ بۆی زیاد بكه‌ن.

هەمان رۆژ، من و بەڕێز سکرتێری پەرلەمان چووینە لای بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان و داوامان کرد کە بە ئەركی یاسایی خۆمان هەستین و ئەو خاڵە بۆ بەرنامەی کار زیاد بکەین. بەڵام بەڕێزیان ئامادە نەبوو كە بەرنامەی كاری هەمواركراو ئیمزا بكات و گوتی "لەگەڵی نیم و لەگەڵیشی نابم، سبەی خاڵی یەكەم و دووەم جێبەجێ دەكەم و بۆ ئەوەی كۆمیسیۆن لەوێ نابم"!
پێمان وت کە هیچ کات بە دەستەوە نەماوە و رێککەوتنی هەموو لا هەیە كە کۆمیسیۆن وەک خۆی کارا بكرێتەوە و لیژنەكەش كاری خۆی بە ئەنجام گەیاندووە. بۆیە تكایە با ئەم پرسە یەكلایی بكەینەوە و رۆژی سێشەممەش دانیشتنێكی دیكە بۆ خوێندنەوەی یەكەمی پێشنیازەیاساكانی پەیوەست بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و خەسڵەتی بەپەلەیان بدرێتێ، بەڵام دیار بوو هیچی لە حیزبەكەیەوە پێ نەگوترابوو. بۆیە بەرنامەی كاری واژۆ نەكرد و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆش، بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بەڕێز سكرتێری پەرلەمان، بەرنامەی كار ئیمزا كرا و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بۆ بەرنامەكە زیاد كرا.

ئیوارەی رۆژی یەکشەمە 21ـی 5 ، بەڕێز کاک عیماد ئەحمەد، سەرۆکی شاندی یەکێتی تەلەفۆنی بۆ کردم و داوای کرد کە دانیشتنی سبەی دوابخەین. پێم وت " ئێمە ڕازین و فەرموو بە بەڕێز د. رێواز بڵێن با رایبگەیەنێت دانیشتن بۆ سێشەمە یان چوارشەمە دەکرێت و بەرنامەی کاریش کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دانانی وەزیرەکانی یەکێتی و ئاڵوگۆڕەکانی ئێمەش بێت لەنێو پەرلەماندا".

رۆژی دووشەمە 22ـی 5 كاتژمێر 8 و 51 دەقیقەی بەیانی، نامەیەكی دەنگیم بۆ بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان نارد و داوام لێكرد با دانیشتنەكەی ئەمڕۆ دوابخەین، بەمەرجێك بەڕێزیان هەر هەمان كات دانیشتنێكی دیكە رابگەیەنێت بۆ سبەینێ (واتە سێشەممە 23ـی 5) و بەرنامەی كار هەمان ئەو خاڵانە بن كە لەگەڵ (كاك عیماد) باسمان كردبوو. لە هەمان كاتیشدا بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی نامەیەكی دەنگی بۆ بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نارد و هەمان داوای لێكردبوو، بەڵام بەداخەوە، نە سەرۆكی پەرلەمان و نە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش وەڵامێكی ئەرێنییان بۆ ئەم پێشنیازە پێ نەدرایەوە.
کە چووینە دانیشتنەکەش، پێش دەستپێک، دیسان پرسیارم لە بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان کرد؛ ئایا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی بۆ پێشنیازەكەی ئێمە هەیە، گوتیان: "نەخێر"!

بۆیە كاتێك دانیشتنەكە دەستیپێكرد، بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بە خراپبەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی و لێكدانەوەی نادروست بۆ دەقەكانی پەیڕەوی ناوخۆ، دواخستنی دانیشتنەكەی راگەیاند. لە كاتێكدا بەهیچ شێوەیەك دانیشتنی راگەیەندراو كە نیسابی یاسایی دەستەبەر بێت، پێش جێبەجێكردنی بڕگەكانی و تەواوكردنیان لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەماندا نییە. بەڵكو لە كاتی دانیشتنەكاندا ئەگەر دواخستن و هەڵپەساردنێك پێویست بووایە، ئەوا بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی (48) ئەوە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی دەبوو لەگەڵ رەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی. بەو پێیەش سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە دانیشتنێكی یاسایی و پەیڕەوی بەجێهێشت، بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19) ئەركی بەڕێوەبردنی دانیشتنەكە دەكەوێتە ئەستۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان. بەتایبەتیش كە زۆرینەی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمانی، بەدەنگدان، لەگەڵ بەردەوامبوونی دانیشتنەكەدا بوون.

بۆیە، ئێمە بە ئەركی یاسایی و پەیڕەوی خۆمان هەستاین و دانیشتنەكەمان بەڕێوەبرد. وێڕای هەوڵی بەردەوامی ئەندامانی یەكێتی بۆ راوەستاندنی دانیشتنەكە، بەڵام بە جێبەجێكردنی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (48)ـی پەیڕەوی ناوخۆ، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران خاڵی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن هێنرایە خاڵی یەكەمی دانیشتنەكە و پاشانیش بە زۆرینەی دەنگی 58 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، (45 ئەندامی فراكسیۆنی پارتی، 2 ئەندامی فراكسیۆنی بزووتنەوە، 1 ئەندام فراكسیۆنی سەردەم و 10 ئەندام لە پێكهاتەكان)، بڕگەكە پەسند كرا و بەپێی بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆن، كارا كرایەوە و دوو كۆمیسیاری نوێشی بۆ هەڵبژێردرا.

پاش ئەوەش، لەبەرئەوەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە هۆڵی دانیشتن و باڵاخانەی پەرلەمانیشی بەجێهێشتبوو، بە ئامادە نەبوو هەژمار دەكرێت. بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19)ـی پەیڕەو و سەرجەم دەسەڵاتەكانی لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە پیادەدەكرێت. ئەمەش بە حوكمی پەیڕەوە و پێویستی بەهیچ جۆرە تەفویز و بریكارییەك نییە. هەربۆیە، بەپێی سرووشتی بڕیارەكە و گرنگی ناوەڕۆكەكەی بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بڕیارەكە بۆ لایەنە پەیوەنددارەكان نێردرا بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی.

سەرەنجامیش بڕیارەكە لە رۆژنامەی فەرمی "وەقایعی كوردستان" ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاوكرایەوە. هەردوو كۆمیسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەكار بوون.

دەرەنجام

ئەوەی كراوە، وێڕای گرتنەبەری سەرجەم رێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، جێبەجێكردنی رێككەوتنێكی فرەلایەنەی سیاسی نێوان پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووە كە لە 11ـی 3ـی 2023ـدا لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەنجامدراوە، كە تایبەتە بە كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن وەك خۆی و پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی.

كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن، بابەتێكی خیلافی نێوان لایەنەكان نەبووە. بەڵكو ئەگەر لە پێشتردا پارتی بەپێی ماف و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی خۆی، داوای دەكرد كە بەرمەبنای هەڵبژاردنەكانی 2018ـی كوردستان و 2021ـی عێراق كۆمیسیۆن دابڕێژرێتەوە و كارا بكرێتەوە. چونكە لە كاتێكدا پارتی لە پێكهاتەكەی ئێستادا لە كۆی 9 كۆمیسیار، سێ كۆمیسیاری هەیە، ئەوا بەپێی ئیستیحقاقی ئەو دوو هەڵبژاردنە، كۆمسیارەكانی دەبوون بە چوار، بەڵام لەپێناو لابردنی بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن و رەخساندنی زەمینەی لەباری هەمەلایەنە بۆی و گەیشتن بە رێككەوتنی نیشتیمانی، دەستبەرداری ئەم مافەی خۆیشی بوو.

ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە؛ ئەگەر كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن بابەتێكی خیلافی نەبووبێت، بۆچی هەوڵی لەمپەر دروستكردن لەبەردەم كاراكردنەوەیدا درا، بۆچی هەوڵی زۆر بۆ تێكدانی ئەو دانیشتنەی درا كە كۆمیسیۆنی تێدا كارا كرایەوە؟

ئێستاش جەخت دەكەینەوە پرۆسەی هەڵبژاردن ئامرازی یەكەمی پیادەكردنی دیموكراسی و دەستاودەستپێكردنی دەسەڵاتە و مافێكی بنچینەیی گەلی كوردستان و هاووڵاتییانیەتی. مافێكی حیزبی و تایبەت نییە تاوەکو بكرێتە كەرەستەی دانوستاندن و رێگرییلێكردن. بۆیە داوادەكەین پێكەوە پەلەبكەین لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەمواركردنی هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (1)ـی ساڵی 1992ـی هەمواركراو لەسەر بنەمای چوار بازنەیی و بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری و بە بنەماكردنی داتاكانی وەزارەتەكانی بارزگانی و پلاندانانی عێراق. ئەمەش لەپێناوی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆی لە 18ـی 11ـی 2023ـدا.

كەواتە، ئێستا كە ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، بەگرتنەبەری رێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، كارا كراوەتەوە، هەر ڕێگریی و لەمپەردروستكردنێك لەبەردەم كارەكانیدا، لە هەرلایەكەوە بێت، بە پاڵنەری سیاسییە و ئامانجیش لێیان راگرتن و خاوكردنەوەی هەنگاوەكانە بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif