سعودیە دەیەوێت ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ عێراق بەرزبکاتەوە

ليست هناك تعليقات


لە جەددە دیداری ئەنجوومەنی ھاریکاریی سعودیە - عێراق بەڕێوەدەچێت کە ئەمە پێنجەمین دیداری ئەنجوومەنەکەیە. هەشت وەزیری حکومەتی عێراق لە دیدارەکەدا بەشدارن و وەزیری نەوت دەڵێت، پشکی شێری ئەو رێککەوتننانەی کردوویانە لە بوارەکانی نەوت، غاز، وزە و پیشەسازین.

ماجد بن عەبدوڵڵا، وەزیری بازرگانیی سعوديه بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تیمی کارکردنمان کۆدەبێتەوە و باسی ھەموو دۆسییەکانی تایبەت بە ئابووری و وەبەرھێنان و بازرگانی دەکات، باسی ھەل و ئاڵنگارییەکانیش دەکات، لەم خولەی دیداری پیاوانی خاوەنکاری سعودی و عێراق بەڕێوەدەچێت کە 200 خاوەنکار و بزنسمان بەشداریی تێدا دەکەن، ئەم جۆرە کۆبوونەوانە پەیوەندییەکان بەرەوپێش دەبات و زیاتر نزیکمان دەکاتەوە ھەلی زیاترمان بۆ دەڕەخسێنێت و بەبازاڕکردن و وەبەرھێنان بەرەوپێش دەبات."

ئەنجوومەنی ھاریکاریی سعودیی عێراقی لە ساڵی 2017 بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی سعوديه و عێراق لە بوارە جیاجیاکان دامەزراوه. وەزیری پلاندانانی عێراق کە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی کرووە دەڵێت، پەیوەندییەکانی سعوديه و عێراق لە "باشترین قۆناخدايه."

محەممەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق باسی لەوە کرد، "ئەم ئەنجوومەنە شەش ساڵ پێش ئێستا دامەزراوە و ئەنجامی کارەکانی ئێستا بەدیاردەکەون، نیازەکان راستەقینەن، شەراکەتەکەمان راستەقینەیە بۆ ئەوەی لە ھەموو بوارەکان دەست بە کارکردن بکەین بە تایبەت ئابووری و سیاسی، هەروەها وەبەرھێنان لەسەر ھەموو ئاستەکان لەبواری کشتوکاڵ یان پێشەسازی یان کەرتی پترۆکیمیاوی و وزەی نوێ بکەین، ھیوادارین ئەم ئەنجوومەنە نموونەیەکی شەراکەتی راستەقینە بێت کە ھەموو وڵاتان چاوی لێبکەن بۆ ئەوەی ھەموومان بەیەکەوە بتوانین رووبەڕووی ھەموو ئاڵنگارییەکان ببینەوە کە رووبەڕووی ناوچەکەمان دەبێتەوە بەتایبەت وڵاتە عەرەبییەکان."

ھەشت وەزیری حکومەتی عێراق بەشداریی دیدارەکەیان کردووە، وەزیری نەوت دەڵێت، لە بوارەکانی نەوت، غاز، وزە و پیشەسازی رێککەوتننامەکان پشکی شێریان بەرکەوتووە.

حەيان عەبدوالغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ سعوديه رێککەوتنمان لە زۆر بوار ئیمزاکردووە؛ لەوانە بواری وەبەرھێنان و بەشداری لە بەرەوپێشبردنی کێڵگەی نەوتی عەکازی نەوت، لەگەڵ کۆمپانیای ئارامکۆ رێککەوتن دەکەین بە ئامانجی وەبەرھێنانی گاز کە بەرھەمھێنانی غاز دەگاتە 400 مليۆن پێ سێجا بۆ پشتیوانیی تۆڕی نیشتمانیی کارەبا بۆ دابینکردنی بڕی پێویستی غاز بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا رێککەوتنمان کردووە بۆ دروستکردنی شاری پیشەسازی لە سنووری نێوان ھەردوو وڵات."

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان سعوديه و عێراق لە ساڵی 2022دا گەیشتووەتە 1,5 ملیار دۆلار، بەڵام سعوديه دەیەوێت بۆ ئەمساڵ رێژەکە بگەیێنێتە 5 ملیار دۆلار.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif