هەڵبژاردنەکان لە کوردستان و بیرکردنەوەی گەنجان

ليست هناك تعليقات

ڕوەیدا مستەفا
-
لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو ئامادە دەکات، لەنێو گەنجاندا نەبوونی پەرۆشی بەرامبەر هەڵبژاردن دەبینرێت. ئەوان لە جوڵەی سیاسەتی هەرێمەکە دابڕاون و وا هەست دەکەن تارمایی ئەو کاریزما تاکەکەسییەی بەسەر گوتاری سیاسییدا زاڵە، باڵی بەسەر دەنگی ئەوانیشدا کێشاوە. لەکاتێکدا سیاسەتمەداران سەرنجیان لەسەر کەسایەتییە، دیبەیتی سیاسیی جیدی لەبیرکراوە و ئەو سیاسەتانەش کە دەکرێت لە سوودی ئەندامانی گۆشەگیرکراوی کۆمەڵگەدا بن، فەرامۆشکراون.

گەنجانی کوردستان، زۆر حەزیان لە کاروباری نێوخۆیی نییە و زیاتر خولیای ئەوەن بەشێک بن لەو تۆڕەی خەڵکی جیهان بەیەکەوە دەبەستێتەوە؛ ئەوان هەروەها خولیای ماتریاڵی ئۆنلایینن. بانگەشە سیاسییەکانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش بەوە دەناسرێنەوە کە سەرنجیان لەسەر کەسایەتییە و کەمتر بایەخ بە سیاسەت دەدەن؛ ئەوە لەکاتێکدایە کە دەبێت سەرنج لەسەر ئەوەبێت سیاسەتمەداران دەتوانن چ بۆ دەنگدەرانیان بکەن، بەتایبەتی دەنگدەری گۆشەگیرکراوی کۆمەڵگە.

هەرێمی کوردستان پێویستی بەو سیاسەتمەدارانەیە کە ئامادەن گوێبگرن و وەبەرهێنان بۆ خۆشگوزەرانی دەنگدەرانیان بکەن. هەرێمی کوردستان پێویستی بەو سیاسەتانەیە کە لە درێژمەودادا سوودیان بۆ منداڵان، کەسانی پێگەیشتوو و تاکە گۆشەگیرکراوەکانە، لەجیاتی ئەوەی پێویستی بە چارەسەرکردنی کاتیی کێشە هەستیارەکان بێت.

لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا سیاسەتەکان زۆر لە سیاسییەکان گرنگترن، چونکە سیاسەتەکان ئەو هەنگاوە کۆنکرێتییانە پیشاندەدەن کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە دەنرێن. دەکرێت سیاسەتمەداران کاریزمایان هەبێت و جۆش و خرۆش لەلای دەنگدەر دروست بکەن، بەڵام ئەوە سیاسەتەکانیانە کە سەرئەنجام کاریگەرییەکەریی لەسەر کۆمەڵگە رەنگ دەداتەوە.

داهاتووی هەرێمی کوردستان پشت بە توانای سەرکردەکانی دەبەستێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو خەڵکە، کە نوێنەرایەتییان دەکەن. سیاسەتمەداران دەتوانن باشتر خزمەتی دەنگدەرەکانیان بکەن و کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر و یەکسانتر دروست بکەن، بە سەرنج خستنەسەر سیاسەت نەوەک کەسایەتی. هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان دەستکەوتەکانی زیاتر بپارێزێت و رێگەیەک بە ئاڕاستەی داهاتوویەکی باشتر هەڵبژێرێت.

بەڵام، ئەستەمە چینی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەکاتی بانگەشەی پارتەکانیاندا سەرنج بخەنە سەر سیاسەت لەجیاتی ئەوەی سەرنجیان لەسەر کەسایەتییەکان بێت. قسەی بەتاڵی سیاسییەکان هیچ کات ناتوانێت شوێنی ئەو هەنگاوە کۆنکرێتیانە بگرێتەوە کە دەبێت بنرێن بۆ ئەوەی کواڵێتیی ژیان لە هەرێمی کوردستان باشتر بکەن. ستانداردی ژیان، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی سوودمەندی گەورە نین، پێویستی بە باشکردنە، بەتایبەتی لەو بوارەی پەیوەندی بە دەرفەتی یەکسانەوە هەیە.
بۆ نموونە، دەرفەت بۆ خوێندن لە زانکۆکان سەردەمانێک لە هەرێمی کوردستان بۆ هەموو کەس وەک یەک بوو و نمرە بڕیاری لەسەر ئەوە دەدا گەنجەکان لە کوێ دەیانخوێند، بەڵام ئەمڕۆ خێزانە دەوڵەمەندەکان دەتوانن منداڵەکانیان بە نمرەیەکی کەمتر لە قوتابیانی دەرچووی قوتابخانە گشتییەکان بۆ زانکۆ تایبەتەکان بنێرن. ستاندەرد و کواڵێتی خوێندن لە قوتابخانە گشتییەکاندا تاوەکو رادەیەکی زۆر نزمە؛ وەبەرهێنان لە زانکۆ تایبەتییەکان دەکرێت، ئەوە لە کاتێکدایە زانکۆ گشتییەکان جێدە‌هێڵدرێن تاوەکو خۆیان بتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن.

ئەم نایەکسانییە لە هەرێمەکەدا تەشەنەی سەندووە و وایکردووە، ساردبوونەوەیەک لای دەنگدەری گەنج دروست بێت. لە دوایین هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراقدا، رێژەی بەشداری خەڵک زۆر کەم بوو، بەجۆرێک ریکۆردی تۆمار کرد؛ تاوەکو ئێستا نازانرێت ئەو دۆخە لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان رەنگ دەداتەوە یان نا، بەڵام روونە کە دەبێت چینی سیاسیی هەرێمەکە جەخت لەو سیاسەتانە بکەنەوە کە لە بەرژەوەندی هەموو کۆمەڵگەدان، بەتایبەتی تاکی گۆشەگیرکراو، ئەمەش ئەگەر بیانەوێت داهاتوویەکی بەهێزتر و یەکسانتر بونیات بنێن.
 
 
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif