رەجەب تەیب ئەردۆغان، دامەزرێنەر و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی لە 21مین ساڵڕۆژی چوونە دەسەڵاتی پارتەکەیدا رایگەیاند، 14ـی ئایار سەرکەوتنێکی دیکە دەخەنە سەر خەرمانی سەرکەوتنەکانی 21 ساڵی رابردوو.
پارتی داد و گەشەپێدان -ئاکپارتی کە ساڵی 2001 دامەزرا، لە یەکەم هەڵبژاردندا بردیەوە و رۆژی 7-5-2002 بە فەرمی دەسەڵاتی وەرگرت. ساڵانە ئاکپارتی ئەو یادە دەکاتەوە. ئەمساڵیش هاوکات لەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی ئەردۆغاندا هاتووە: "لەوەتەی دەسەڵاتی وڵاتمان وەرگرتووە لە 2002 تائێستا هەموو هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ بەهێزترکردنی تورکیا. خوا و گەلەکەمان دەزانن کە لەو پێناوەدا چەند ئاستەنگی زۆرمان بڕیوە. داهاتی تاکە کەسمان لە سێ هەزار و 600 دۆلارەوە گەیاندە 10 هەزار و 650 دۆلار. هەروەها هەناردەی ساڵانەشمان لە 36 ملیار دۆلارەوە گەیاندووەتە 255 ملیار دۆلار. یەدەگی بانکی ناوەندیشمان گەیاندووەتە 115 ملیار دۆلار".
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی رۆژی 14-5-2023 کە سەرۆککۆمار و پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "لە 14ـی ئایاردا ژمارەی ئەو سەرکەوتنانە زیاد دەکرێن کە لە میانی 21 ساڵی رابردوو نراون و دەست لەناو دەست لەگەڵ گەلەکەمان 100 ساڵەی تورکیا بونیاد دەنێین".
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە بەبێ جیاوازی ناسنامەی سیاسی، مەزهەبی و رەگ و ریشە، تەواوی هاووڵاتییانی تورکیا رۆڵیان لەو سەرکەوتنانەدا هەیە، کە لە بەرژەوەندیی گەل و وڵاتن.
پارتی داد و گەشەپێدان -ئاکپارتی لە 14-8-2001 لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوڕێکانییەوە دامەزرا. ئاکپارتی لەوەتەی دامەزراندنییەوە تائێستا جڵەوی دەسەڵاتی لەدەستە و لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا پلەی یەکەمی پارتە سیاسییەکانی بەدەستهێناوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق