دوو مەترسی جدی لەسەر کەوتنی ئاردۆغان

ليست هناك تعليقات


 عوسمان گوڵپی

-
چەند ڕۆژێکی کەم لەبەردەم  پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی تورکیادا ماوە، بە پێی شارەزایانی پرسی تورکیا یەکێكە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە لە ڕابردوودا تەنها هەڵبژاردنەکانی ( ١٩٥٠ و ١٩٦١ و ١٩٨٣ و ٢٠٠٢) بە ئەندازەی ئەم هەڵبژاردنە گرنگبون، کە ململانێیەکی توند لە نێوان هاوپەیمانە ڕکابەرەکاندا هەیە و بە پێی ڕاپرسیە جیاوازەکانیش ڕێژەی دەنگیان نزیکە لەیەکەوە.

ململانێی توند لە هەڵبژاردنەکاندا لە نێوان (رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان و کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری- CHP)دایە کە هێزەکانیتر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا لەدەوریان کۆبونەتەوە.

ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە بۆ ئاردۆغان حیزبەکەی، کە مەترسی جدی لەسەر کەوتنی دروستکردوە، بە ىروای من مەترسیە جدیەکە لەسەر کەوتنی ئاردۆغان، نە هەدەپەیە و نە جەهەپە، بەڵکو دوو خاڵی سەرەکی هەن ئەگەری کەوتنی ئاردۆغان بەهێز دەکەن، یان با بڵێین دوو خاڵ هەن بەتەواوی هەڵبژاردنەکەیان کردۆتە هەڵبژاردنێکی مەترسیدار بۆ ئاردۆغان و حیزب و هاوپەیمانەکانی، ئەوانیش ئەمانەن

یەکەم/ گولەنیەکان

گولەنیەکان ئەگەرچی لە چوارچێوەی پارت و لیستییکی دیاریکراوی هەڵبژاردندا نین بەڵام بەهێزی پێگەیان وایکردوە کە مەترسی جدیبن لەسەر ئەردۆغانی دۆستی ڕابردوویان، گولەنیەکان وەك قوتابخانەیەکی بەهێزی توندوتۆڵ لە هەموو جومگەکانی(سەربازی و مەدەنی)ی تورکیادا بوونیان هەیە و هەر ئەمانیش بە پشتیوانی بەهێزی ئاردۆغان دانران بۆ بردنەوەی لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، بەڵام لە ئێستادا گولەنیەکان وێڕای داخستنی هەزاران قوتابخانە و دامەزراوەیان، هەڵمەتی دەستگیرکردنیان لە چەندساڵی ڕابردودا هەزارانیانی توندی زیندانەکان کردوە کە زۆربەیان خەڵکی ئاینی و ئەکادیمی خاوەن پێگەی ناوچەکانی خۆیانن و کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگەی تورکیا هەیە، ئەوە وێڕان نانبڕاوکردن و دەرکردن لە وەزیفەی هەموو ئەوانەی کە بە نزیك لە گولەنیەکان دانراون، ئێستا گولەنیەکان بۆیان گرنگ نیە بەرامبەرەکانی ئاردۆغان کێن بەڵکو چەقی بیرکردنەوەی گولەنیەکان کەوتنی ئاردۆغانە، بۆیە ڕۆژی هەڵبژاردن سەدان هەزار قوتابی و هاوسۆزی گولەنیەکان و کەسوکاری دەیان هەزار زیندانی دەچنە سەرسندوقەکانی هەڵبژاردن و بێدەنگ بێدەنگ بە نیەتی کەوتنی ئاردۆغان دەنگ دەدەن، ئەمەش یەکێكە لە مەترسیە جدیەکان لەسەر کەوتنی ئاردۆغان.

دووەم/ دۆستەکانی ڕابردوو و دژەکانی ئێستای ئاردۆغان

ئاردۆغان کە دەسەڵاتی گرتە دەست تیمێکی بەهێزی کاریگەر لە حیزبەکەیدابوون بۆ بردنەوەی پارتەکەی لە هەڵبژاردن، بەڵام ئاردۆغان نەیتوانی ئەم تیمە بهێڵێتەوە بەبەهێزی، بۆیە ئێستا تیمە بەهێزەکەی ڕابردووی ئاكپارتی زۆرترینی لەدەرەوەی هاوپەیمانێتی ئاردۆغانن و بۆ خستنی ڕابەرەکەی ڕابردوویان کۆبوونەتەوە و لەگەڵ دووژمنەکەی ڕابردوویان بوونەتە هاوپەیمان و دەیانەوێ دۆستە پێشینەکەیان کۆتایی پێ بهێنن،(لێرەدا کاتی ئەوە نیە بڵێین بۆچی ئاردۆغان ئەم هموو کەسایەتیە کاریگەرەی لێ دوور کەوتنەوە)، کە دیارترین و کاریگەرترینیان( ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە، عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن) ئەوە وێڕان ئەو کەسە کاریگەرانەی کە ڕۆڵیان لە بەهێزکردنی حیزبەکەی ئاردۆغاندا هەبوو و ئێستا لەگەڵ کەوتنی ئاردۆغاندان و پشتیوانی(ئەحمەد داودئۆغڵو، عەلی باباجان و هاوڕێکانیان) دەکەن

لە ڕووی سیاسی و پێگەی حیزبیەوە ئەو دووخاڵەی سەرەوە مەترسیان لەسەر کەوتنی ئاردۆغان جدی کردوە، چونکە ئەم هێز و کەسایەتیانە لە بازنەی ئاکپارتی چونەتە دەرەوە و پشتیوانی ئاردۆغانیان جێ هێشتوە، ئەگەرنا ئەوانیتر لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووشدا هەمان دژایەتی ئێستایان هەبووە بۆ ئاردۆغان و نەیانتوانیوە بیخەن، کوردیش بەهۆی دابەشبوونی بەسەر هاوپەیمانێتیەکاندا ناتوانێ ببێتە هێزی یەکلاکەرەوە، ئەوە وێڕای ئەوەی هیچ هێزێکی کوردی کە هەدەپە بەهێزەکەیانە نەیتوانیوە ببێتە جێگەی متمانەی زۆرینەی دەنگدەرانی کورد.

پێشبینی کردن بۆ ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا ئاسان نیە، وێڕای ململانێی بەهێزی نێوخۆیی تورکیا، ئەوا بەشێك لە وڵاتانی کاریگەری وەك ئەڵمانیا و ئەمریکا خواستنی کەوتنی ئاردۆغانیان هەیە، کە دەکرێت ببنە گرفت بۆ داهاتوو.
لە کۆتایدا ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی بەهێزی پرسی هەڵبژاردنی تورکیا، ئایا سندوقی دەنگدان بە ئاسانی دەتوانێ کۆتایی بە دەسەڵاتی ٢١ ساڵەی ئاردۆغان بهێنێت؟ یان نەخێر پرسی تەزویر و گرفتەکانی دوای دەنگدان و ململانێکان تورکیا ڕووبەڕووی دۆخێکی نوێ دەکەنەوە کە نیشانەی پرسیار لەسەر دیموکراسی و هەڵبژاردنی تورکیا دادەنێن، چونکە لەئەگەری دەرچونەوەی ئاردۆغاندا ڕەنگە نەیارە نێوخۆییەکان و وڵاتانی کاریگەری نەیاری ئاردۆغان چاوەڕێی هەڵبژاردنێکیتر نەکەن و ڕێگایتر دەدۆزنەوە بۆ کەوتنی بەرامبەر، بەتایبەت تورکیا دەستو پەنجەی لەگەڵ کودەتادا نەرم کردوە و تەنها لە ماوەی ٦٠ساڵدا ئەم کودەتایانە ئەنجامدراون و هەندێکیان سەرکەوتوو و هەندێکیشیان شکستیان خواردوە (١٩٦٠،١٩٧١،١٩٨٠،١٩٩٣،١٩٩٧،٢٠١٦)، بۆیە تاکە ڕێگای باو لە تورکیا تەنهاهەڵبژاردن نیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif