نەتەوە یەکگرتووەکان: شەش هەزار کەس لە سوودانەوە ئاوارە بوون

ليست هناك تعليقات


 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی شەش هەزار کەس کە زۆربەیان ژنن، لە دوو هەفتەی رابردوودا بەرەو کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست رایانکردووە.

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێوارەی یەکشەممە (30ـی نیسانی 2023) رایگەیاند، "70٪ـی ئەو شەش هەزار کەسە ژنانن، 15٪ـیان کچن و 10٪یشیان پیاون و ئەوانی دیکەش 400 هاووڵاتیی کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست بوون".

لە 15ـی نیسانەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ، ناسراو بە حمێدتی، دەستیپێکردووە، هەرچەندە چەند جارێک ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام پێکدادانەکان بەردەوامن.

وەزارەتی تەندروستیی سوودان لە دوایین ئاماردا، کە رۆژی شەممە بڵاویکردەوە، دەڵێت لەگەڵ دەستپێکی شەڕەکەوە، 528 کەس کوژراون و چوار هەزار و 599 کەسی دیکەش بریندار بوون.

کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست، دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای سوودان و یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان. وڵاتەکە خۆی لە ساڵی 2013ـەوە چەند جارێک تووشی شەڕی نێوخۆیی بووەتەوە.

رۆژی 27ـی نیسان، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو نزیکەی سێ هەزار کەس لە سوودانەوە روویان لە کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست کردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە رێکخراوەکە هۆشداری دەدات لەوەی 120 هەزار کەس لە باکووری کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست، پێویستییان بە هاوکاریی خێرای مرۆیی هەیە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 75 هەزار کەس بەهۆی شەڕی نێوخۆیی سوودانەوە لە خەرتووم، نیلی شین، کوردۆڤان و دارفوور ئاوارەبوون و 20 هەزار کەسیش پەنایان بردووەتە بەر چادی دراوسێی سوودان و چوار هەزار کەسی دیکەش چوونەتە سوودانی باشوور و سێ هەزار و 500 کەسی دیکەش روویان لە ئەسیوپیا کردووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif