رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوتمان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە راگیراوە

ليست هناك تعليقات


وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، عێراق هەناردەکردنی 500 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانەی لەدەستداوە.

حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق زانیاریی زیاتری لەو بارەوە نەدرکاند، بەڵام گوتیشی، ئەو نەوتەی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە دەکرا نەوتی کێڵگەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بوو.

رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا. رۆژی 04-04-2023 بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رێککەوتنێک واژۆکرا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 11-5-2023، حەییان عەبدولغەنی رایگەیاند، وەزارەتەکەی داوای لە کۆمپانیای بۆتاشی تورکیا کردووە دەست بە هەناردەکردن و بارکردنی نەوتی کوردستان بکرێتەوە.

رۆژی هەینی، 12-05-2023، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت لە دووەم رۆژی چالاکییەکانی یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە بارزان بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، هێشتا دیار نییە هەناردەی نەوتی کوردستان کەی دەستپێدەکاتەوە و لەو بارەوە چاوەڕێی لایەنی تورکی دەکەن.

بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لەو 48 رۆژەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، زیانەکەی یەک ملیار و 405 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری ئەمریکی بووە. ئەو 48 رۆژە، شەش رۆژیان دەکەونە مانگی ئادار، 30 رۆژ مانگی نیسان و 12 رۆژیش مانگی ئایار.

بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات؛ لە مانگی ئاداردا عێراق هەر بەرمیلێک نەوتی بە بڕی 79 دۆلار فرۆشتووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif