دیسانەوە شکستی ئیسلامی سیاسی

ليست هناك تعليقات


عادل باخەوان
-
لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ، چەمکی شکستی ئیسلامی لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی رۆژئاوادا بە گشتی و ناوەندە فەرەنسییەکاندا بەتایبەتی کاری لەسەر دەکرێت و چەندین تێز و دژە تێزی لەسەر بەرهەمهێندراوە و لە کتێبە کوردیەکانمدا بە درێژی باسم کردوون و لێرەدا ناگەڕێمەوە سەریان، بەڵام ئەوەی لە ئێستا و ئێرەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات، دەرفەتێکی یەکجار گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخ و پێگەی ئیسلامی سیاسی لەنێو پەیوەندییەکانی هێزدا.

تونس، مەغریب، ئێران، سعودیە، میسر، عێراق، کوردستان: ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ئێمە لەبەردەم دوو دیاردەی سۆسیۆلۆژیی گەورەداین، یەکەمیان گەڕانەوەی دەوڵەت بە میکانیزمەکانی ئاسایشەوە و دووهەمیشیان ئاوابوونی خۆری ئیسلامی سیاسی بە مۆدێلە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەیەوە.

تونس و مەغریب

لە 17ی نیسانی ئەمساڵدا راشید غەنووشی، رابەرە مێژووییەکەی ئیسلامی سیاسیی تونسی، راپێچی زیندان کرا. ئەم فاکتە بە تەنها پەیوەندیی بە ئەکتەرێکی سیاسییەوە نییە، بەڵکو لەنێو هەلومەرجێکی بابەتی فراواندا بەرهەم دێت کە هەڵگری چەندین رەهەندی گشتگیرە. لەنێو ئەم هەلومەرجەدا، سەرۆکە ئۆتۆکراتەکەی تونس دەرگا لەسەر قۆناخێکی 10 ساڵی دادەخات کە تێیدا ئیسلامی سیاسی نەک هەر بەنێو کۆمەڵگەدا، بەڵکو بەنێو دەزگاکانی دەوڵەتیشدا دەکشا.

لێرە بەدواوە چیدی تونس ئەو مۆدێلە لە دیموکراسی نییە کە لە یەک کاتدا هێزە ئیسلامییەکان و هێزە عەلمانییەکان پێکەوە بەشداریی دەسەڵات بکەن و پێکەوە دەوڵەت و کۆمەڵگە بەڕێوەببەن. بە پێچەوانەوە، لێرە بەدواوە تونس دەبێت بەو رووبەرەی کە تێیدا خۆری دیموکراسی و ئیسلامی سیاسی پێکەوە ئاوا دەبن.

ئەم ئاوابوونە سەرەتای قۆناخێکی نوێی کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، قۆناخێک کە نە جێگەی دیموکراسیی تێدا دەبێتەوە نە ئیسلامی سیاسی! ئەمە خواست و بڕیار و لایەنگری و ئارەزوو نییە، بەڵکو فاکتێکی کۆنکرێتییە کە هەموو لایەک دەبێت لێی تێبگات.

لەدوای ساڵی 2011وە و لە دەرەنجامی شۆڕشەکانی گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، دەوڵەتەکان ناچاربوون بەوەی چەندین کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ هێزە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسیدا دروستبکەن و لە چەندین ئاستی جیاوازدا رێککەوتنیان لەگەڵدا واژۆ بکەن و دەرگای بەڕێوەبردنی دەوڵەتیان لێ بکەنەوە.

تراژیدیای هێزەکانی ئیسلامی سیاسی لەوەدایە کە لە میکانیزمەکانی عەقڵی ساردی دەوڵەت تێنەگەیشتن و لە زۆربەی دۆخەکاندا بە عەقڵی شۆڕشگێڕانەی تاودراو بە مۆراڵ و سۆزەوە لەگەڵ جیهاندا مامەڵەیان دەکرد و ئەمەش وایکرد بە خێرایی فڕێبدرێنەوە ئەو پەراوێزانەی کە لێیەوە هاتبوون.

لە پەنای ئەم فاکتەدا، فاکتێکی دیکەش هەیە کە دەبێت ئاماژەی پێبدەین: ئەو جەماوەرە بەرفراوانەی کە بە درێژایی مێژووی ئیسلامی سیاسی لە دۆخی ئۆپۆزیسیۆنبووندا سازیدابوو، لە دۆخی گەیشتنی بە دەسەڵاتدا لەدەستیدان و لێرەوە داپڵۆسین و فڕێدانی بۆ نێو پەراوێزەکان لەلایەن دەسەڵاتە ئۆتۆکراتەکانەوە ئاسانتر بوو.

کاتێک قەیس سەعید پەلاماری نەهزە دەدات، ئەم حیزبە چیدی هەمان ئەو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە مەزنەی 2011 نییە کە هەژموونی بەسەر کێڵگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کردبوو، بە پێچەوانەوە، لە ساڵی 2019دا نەهزە دوو لەسەر سێی ئەو جەماوەرەی لەدەستداوە کە لە 2011دا هەیبووە. واتە قەیس سەعید پەلاماری حیزبێک دەدات کە وەکو رۆژنامەی لۆمۆند دەڵێت، لە ساتەوەختی کەوتنێکی تراژیدیدایە.

بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی دەکەوێت تەنها نەهزە نییە، ئەوەی راپێچی زیندان دەکرێت، بەبێ ئەوەی چەندین ملیۆن کەس بڕژێنە سەر جادەکان و داوای ئازادکردنی بکەن، تەنها غەنووشی نییە، بەڵکو کۆی ئیسلامی سیاسییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. لە مەغریبی پادشا موحەممەدی شەشەمدا، ئیسلامی سیاسی کە لە ساڵی 2011دا 125 کورسیی پەرلەمان بەدەستدەهێنێت، لە 2021 دا تەنها 13 کورسی بەدەستدەهێنێت و بەم شێوەیەش چەند هەزار کیلۆمەترێک لە دەسەڵات دووردەکەوێتەوە. لە جەزائیردا، چیدی گرووپەکانی دەسەڵات بە پێویستی نازانن کە تەنانەت یەک پۆستی وزاریش بە ئیسلامی سیاسی ببەخشن و پێیانوایە کە یارییەکە ئیدی کۆتاییهاتووە.

ئێران و سعودیە

گەر لە تونس و مەغریب و جەزائیر و میسردا، شکستی ئیسلامی سیاسی زیاتر لە رووبەرە سیاسییەکاندا خۆی نمایش بکات، لە ئێران و سعودیەدا زیاتر لە رووبەرە کۆمەڵاتییەکاندا دەردەکەوێت و بەر هەستمان دەکەوێت. ئێران و سعودیە، بەلای کەمەوە لە 40 ساڵی رابردوودا یەک مۆدێل لە بەرنامەی بەکۆمەڵایەتیکردنی تەواوی کۆمەڵگەیان پیادە کردووە. ئەم بەرنامەیە لەسەر کۆی ئەو کۆد و نۆرم و بنەما و خەیاڵدان و بەهایانە بینا کرابوو کە ئیسلامی سیاسی لە سەدەی بیستەمدا بەرهەمی هێنابوو.

لەم چوارچێوەیەدا، تەواوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤێک، لە لەدایکبوونیەوە تاوەکو مردنی، بەپێی ئەو بەرنامەیە رێکدەخران و بەڕێوەدەبران. ئەم بەرنامەی بەکۆمەڵایەتیکردنە، کۆمەڵگە وەکو پانتاییەکی داخراو بەسەر دنیای دەرەوەدا وێنا دەکات، بە جۆرێک مرۆڤ دەخاتە بەردەم دوو بژاردەوە: تۆ یان لە ناوەوەی یان لە دەرەوە، یان دۆستی یان دووژمن، یان سپیت یان رەش، یان ئیمانداری یان کافر، یان لایەنگری یان دژ.

بەڵام ئەوەی لە ئێستا و ئێرەی عەرەبی سعودیە و کۆماری ئسیلامیدا روودەدەن، کۆتاییهاتنە بەم مۆدێلە لە وێناکردنی بوون و ژیان لەنێو کۆمەڵگەکاندا. لە عەرەبی سعودیەدا، رۆژ لەدوای رۆژ، ئەم مۆدێلە کۆتایی دێت و هەلومەرجی هاووڵاتییانی سعودی، بە هەموو کاتیگۆرەیە کۆمەڵایتییەکانەوە، بەتایبەتی ژنان، گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت. راستە محەممەد بن سەلمان بەشداریی زیندووی هەیە لەم گۆڕانکارییانەدا، بەڵام ئەوەش راستە کە کۆمەڵگەی سعودی ماندووە بەدەست مۆدێلی داخراوی کۆمەڵایەتییەوە و بن سەلمانیش وشیارە بەم ماندووبوونە و دەیەوێت هاوڕێیەتی بکات نەک دووژمنایەتی، بۆئەوەی لەنێو مێژوودا بێت نەک لە دەرەوەی.

لە کۆماری ئیسلامیدا هەمان رەوت بەڕێوەیە، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز. تەواو بە پێچەوانەی سعودیەوە، لە ئێراندا بزووتنەوەی ناڕەزایی، کە لە هەناوی کۆمەڵگەوە سەرچاوەی گرتووە، بە دەنگی بڵند هاوار بۆ ئازادییەکان و کۆتایی بە مۆدێلی کۆمەڵایەتی ئیسلامی سیاسی دەکات و دەسەڵاتیش، بە پێچەوانەی محەممەد بن سەلمانی سعودیەوە، تەواوی میکانزیمەکانی بەکاردەهێنێت بۆ داپڵۆسین و سەرکوتکردنی، بەڵام هەموو ئاماژە بابەتییەکان بەرەو ئەوەمان دەبەن کە ئەستەمە ستراتیژیەتی داپڵۆسین بتوانێت پاشەکشە بەم بزووتنەوە ناڕەزاییە کۆمەڵایەتییە بکات و لە کۆتاییدا یان بن سەلمانێکی دەسەڵات دێت و هاوڕێیەتیی دەکات یان سەری کۆماری ئیسلامی دەخوات!

عێراق و کوردستان

ئەم شکستە لە عێراق و کوردستانیشدا زۆر بە روونی تێبینی دەکرێت. پاش داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، تەواوی ئەو حیزبە ئیسلامییانەی کە ئۆپۆزیسیۆن بوون، گەڕانەوە بۆ نیشتمان و دەسەڵاتیان گرتە دەست. ئەم حیزبانە پێیانوابوو عێراقی پۆست سەدام حوسێن دەبێت بە عێراقێکی بیناکراو لەسەر ئەو مۆدێلەی کە چەندین ساڵ بوو خەباتیان لەپێناودا دەکرد، بەڵام 20 ساڵ پاش کۆتایی سەدام حوسێن، خودی ئەم حیزبانە، هەر لە حیزبی دەعوەی شیعەوە تاوەکو دەگاتە برایانی موسڵمانی سوننە، تێگەیشتن لەوەی کە نە دەوڵەت دەبێت بە کۆماری ئیسلامی و نە کۆمەڵگەش دەبێت بەو کۆمەڵگەیەی نزیکەی سەدەیەک لەمەوپێش حەسەن بەننا خەونی پێوە دەبینی.

لە کوردستانیشدا، ئەم شکستە هەم سیاسییە و هەم کۆمەڵایەتی. لەسەر ئاستی سیاسی، زیاتر لە 20 ساڵە تەواوی بزووتنەوەکانی ئیسلامی سیاسی تەنها 13%ی کۆمەڵگەی کوردی دەنگیان پێدەدەن و تائێستا لە هیچ هەڵبژاردنێکدا ئەم رووبەرەیان تێنەپەڕاندووە. هەروەها لە رووبەری کۆمەڵایەتیشدا، خواستێکی بەهێز لای نەوەی نوێ هەیە بۆ کرانەوەیەکی یەکجار فراوان بەسەر ئازادییەکان و تێپەڕاندنی ئەو نۆرم و کۆد و رێکخستنانەی کە پرۆگرامی بەکۆمەڵایەتیکردنی ئیسلامی سیاسی پێشنیاری دەکات.

بێگومان ئەمە بە هیچ شێوەیەک مانای چوونەدەرەوە لە ئایین لای نەوەی نوێی کوردی نییە، بە پێچەوانەوە، ئێمە نەوەیەکی نوێمان هەیە کە چەند ئیمان بە خودا بەلایەوە گرنگە، هێندەش پشتکردنە پرۆگرامی کۆمەڵایەتیی بیناکراو لەسەر ئیسلامی سیاسی بەلایەوە گرنگە.

رەنگە هەموو ئەم داتایانە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەرفەتێک بن بۆئەوەی کە بزووتنەوەکانی ئیسلامی سیاسی، دوور لە هەڵچوون و تاودانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە شێوەیەکی بابەتیانە، هەوڵبدەن بۆ تێگەیشتن و پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەری بوون و ئامادەبوونیان لەنێو ئێستا و داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، پێش ئەوەی وەکو بزووتنەوەکانی چەپ، بە بێدەنگی لەنێو پەراوێزەکاندا کۆتایی بە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییان بێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif