ژیریی دەستکرد شەڕێکی نوێ هەڵدەگیرسێنێت

ليست هناك تعليقات


تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد شەڕێکی نوێی لەسەر چیپە ئەلیکترۆنییەکان لە نێوان کۆمپانیا تەکنەلۆجیاکاندا هەڵگیرساندووە. دەیان هەزار لەو نیمچە گەیێنەرانە پێویستن بۆ وەگەڕخستنی بەرنامەکانی وەک چات چی پی تی و بە نرخێکی هەرزان دەست کۆمپانیا زەبەلاحەکان ناکەون.

لە نێوان کۆمپانیاکان لە دۆڵی سلیکۆنەوە لە کالیفۆرنیای ئەمریکا تاوەکو دەگاتە تایوان، کێبڕکێیەکی سەخت لەسەر چیپە ئەلیکترۆنییەکان دروستبووە.

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای کە بە هاوبەشی لەگەڵ مایکرۆسۆفت، پڕۆگرامی چات جی پی تی دروستکردووە، لە ریزی پێشەوەی وەبەرهێنەرانی چیپە ئەلیکترۆنییەکاندایە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی چات چی پی تی سەرکەوتنێکی گەورەی لە ماوەیەکی کەمدا بەدەستهێناوە و توانیویەتی ملیۆنان بەکارهێنەر رابکشێت. بەرنامەکە جۆرێکە لەو تەکنەلۆجیایەی کە پێی دەگوترێت ژیریی دەستکردی بەرهەمهێن کە لە توانایدایە بە گوێرەی داواکاریی بەکارهێنەر، هەموو جۆرە نووسینێک بەرهەمبهێنێت، لە هۆنراوەیەکەوە تاوەکو دەگاتە چیرۆک، لێکۆڵینەوە و تەنانەت کۆدی پرۆگرامەکانیش؛ هەموو ئەمانە بە چەند چرکەیەک و وردتر لە مرۆڤ دەیکات.

ئالن بریستلی، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای گارتنەر بۆ لێکۆڵینەوە تەکنەلۆژییەکان دەڵێت: "تاکە شوێن کە قازانجی دارایی کردبێت، کۆمپانیای نیڤیدیایە." بە گوێرەی ئەو پسپۆڕە، وێڕای ئەوەی مایکرۆسۆفت ژیریی دەستکردی خستووەتە نێو ژمارەیەک خزمەتگوزارییەکانی لەسەر ئینتەرنێت، تاوەکو "ئێستا نەگەییشتووەتە ئەو ئاستەی داهاتی دیکەی لێ کۆبکاتەوە."

زۆربەی هەرە زۆری ئەو نیمچەگەیێنەرانەی لە پەرەپێدان و راهێنانی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرددا بەکاردەهێنرێن لە لایەن دوو کۆمپانیا دروستدەکرێن: نیڤیدیای ئەمریکی و تی ئێس ئێم سیی تایوانی.

نیڤیدیا بە گرافیک کارتەکانی بەناوبانگە، کە بە تایبەتی بۆ کارپێکردنی یارییە ڤیدیۆییەکان بە کوالێتیی بەرز سوودیان لێ دەبینرێت.

"کارێکی زۆر پێویست"

هەر ئەم نیمچەگەیێنەرانە کە توانای بەڕێکردنی ژمارەیەکی زۆری داتایان هەیە، بەم دواییانە دەرگەیان بە رووی نەوەی هەرە نوێی ژیریی دەستکرددا کردووەتەوە کە ئێستا هەموو کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان کێبڕکێییان لەسەر دەکەن. یەکێک لە سەرئێشەکانی ئەم چیپانە ئەوەیە کە هەندێ لە حکومەتەکان بە پرسی ئاساییشی نیشتمانییەوە دەبەستنەوە.

جۆنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نیڤیدیا لە دیدارێکیدا لەگەڵ شرۆڤەکاران، مانگی شوباتی رابردوو گوتی، "تواناکانی ژیریی دەستکردی وەبەرهێن و سوودە زۆرەکانی وا دەکەن کۆمپانیاکان هەست بەوە بکەن کە دانان و جێبەجێکردنی ستراتیجێک لەم بوارەدا کارێکی زۆر پێویستە."

جاک گۆڵد، شرۆڤەکاری سەربەخۆ ئاماژە بەوە دەکات، "تامەزرۆیەکی گەورە" بۆ ئەم چیپانە هەیە. دەشڵێت: "نازانم نیڤیدیا بە راستی دەتوانێت بەردەستیان بکات یان نا."

کۆمپانیاکانیش هەموویان توانای دارایی پێویستیان نییە بۆ بەدەستهێنانی ئەم تەکنەلۆجیایە. ئەو شارەزایە دەڵێت: "تێچووی ئەو ئامێرە بەهێزانەی کە بۆ راهێنانی بەرنامەکانی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکردی بەرهەمهێن پێویستن، دەکرێت بگاتە سەدان هەزار دۆلار،" ئەمە وێڕای ئەوەی وزەیەکی زۆریشیان پێویستە.

بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئینتێڵ، کە بە یەکەم کۆمپانیای ئەمریکی لە بواری نیمچەگەیێنەرەکان دادەنرێت، لە بەرهەمهێنانیان دواکەوتووە.

جاگ گۆڵد دەڵێت: کۆمپانیای ئینتێڵ "بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر سەرکەوتنەکانی خەوی لێ کەوت؛" باس لەوەش دەکات کە کۆمپانیاکە "هەوڵ دەدات چیپ بەرهەمبێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت رکابەرایەتی لەگەڵ نیڤیدیا بکات، بەڵام ئەم بوارە بۆ ئەو نوێیە، چونکە ماوەی دەیان ساڵە هیچ گرافیک کارتێکی دروستنەکردووە."

لەگەڵ ئەمەشدا، کۆمپانیای ئینتێڵ کە بنکەکەی لە کالیفۆرنیایە، چیپی تایبەت بۆ ژیریی دەستکرد دروستدەکات کە کەمتر پێشکەوتوون بەراورد بەوانی نیڤیدیا، بەڵام لە زۆر ئامێردا پێویستن.

پات گیلسنگەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئینتێڵ رۆژی پێنجشەممە بە شرۆڤەکارانی گوت: "ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد بۆ هەمووان بەردەستبێت،" پێشبینیشی کرد تواناکانی ژیریی دەستکرد لە داهاتوودا لە سێرڤەرەکانەوە بۆ نێو کۆمپیوتەرەکانیش بگوازرێنەوە، لەو بوارەشدا کۆمپانیای ئینتێڵ "تایبەتمەندیی وای هەیە کە دەکرێت سوودی لێ ببینرێت."

بۆ رزگاربوون لە کێشمەکێشی زامنکردنی سەرچاوەکانیان، کۆمپانیا تەکنەلۆجییە زەبەلاحەکان کار لەسەر دروستکردنی چیپی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە خۆیان دەکەن. لەو چوارچێوەیەشدا، ماڵپەڕی THE INFORMATIONی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە ساڵی 2019ـەوە لە هەوڵی پەرەپێدانی چیپێکدایە بە ناوی ئەسینا بۆ ئەوەی تێچووی دارایی لەسەر کەمبێتەوە.

"خوا نەکات"

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئەیلوولی رابردوو گوتی، دروستکردنی ئەم چیپە ئەلیکترۆنیانە پەیوەندی بە "ئاساییشی نیشتمانییەوە" هەیە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ئەمریکا رووبەڕووی خواستە ئامانج بەرزەکانی چین دەبێتەوە.

بایدن ئەو کات لە ماوەی کردنەوەی کارگەیەکی دروستکردنی نیمچەگەیێنەرەکان لە ویلایەتی ئۆهایۆ قسەیکرد و جەختی لە گرنگیی پڕۆژەیاسایەک کردەوە کە لە رێگەیەوە 52 ملیار دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی نیمچەگەیێنەرەکان تەرخانکران.

ئەوروپاش پڕۆژەیاسای لەو شێوەیەی پەسەندکردووە بۆ پەرەدان بەو کەرتە. کۆمپانیای ئینتێڵیش وەبەرهێنانێکی گەورەی لە بوارەکانی بەرهەمهێنان و لێکۆڵینەوە لە هەردوو کیشوەرەکەدا کردووە.

وڵاتانی رۆژئاوا هەوڵدەدەن لەو رێگەیەوە هەلی کار بڕەخسێنن، بەڵام لەوە گرنگتر، هەوڵدەدەن بەردەستبوونی ئەو نیمچەگەیێنەرانە زامنبکەن کە لە موبایل، ئۆتۆمبێل، ساردکەرەوە، چەکی پێشکەوتوو و چەندین بواری دیکەشدا بەکاردەهێنرێن.

جاک گۆڵد دەڵێت: "خوا نەکات، ئەگەر چین هێرش بکاتە سەر تایوان و کۆمپانیای تی ئێم سی لە بەرهەمهێنان بوەستێت، ئەوا بەرهەمی جیهانیی چیپەکان بە رێژەی 80٪ دادەبەزێت."

بەڵام زیادکردنی سەرچاوەکان کاتێکی زۆری دەوێت. شرۆڤەکارەکە روونیدەکاتەوە کە "دروستکردنی کارگەیەکی نوێی تایبەت لە نێوان سێ بۆ چار ساڵ دەخایێنێت."

ئەمریکا کە پێداگرە لەسەر پێشەنگبوون لە بواری نوێترین نەوەی چیپە پێویستەکان بۆ تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد، رێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی کۆتوبەند بخاتە سەر تواناکانی چین تاوەکو دەستی بەو تەکنەلۆجیا بنەڕەتییە نەگات کە بۆ دروستکردنی چیپە ئەلیکترۆنییەکان پێویستە.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif