ئیسرائیل غەززە و لوبنانی بۆردوومان کرد

ليست هناك تعليقات

 

فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی کەرتی غەززە و باشووری لوبنانیان کرد و ئاشکرایان کرد پێگەکانی حەماسیان لەو دوو ناوچەیە کردووەتە ئامانج، دوای ئەوەی رۆژی رابردوو لەو دوو ناوچەیەوە ئیسرائیل بە دەیان مووشەک کرایە ئامانج.
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 7ـی نیسانی 2023، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکە جەنگییەکانیان لە کاژێر 04:30 خولەکی بەرەبەیان (بە کاتی هەولێر)، چەند ناوچەیەکیان لە کەرتی غەززە و باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج و بۆردوومانی پێگەکانی گرووپی حەماسیان کردووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە دوای دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکان، دەنگی گەورەی تەقینەوە لە ناوچەکانی (صور) لە باشووری لوبنان و کەرتی غەززە بیستراوە. 
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، هێرشە ئاسمانییەکان لە دوای ئەوە دێت کە رۆژی پێنجشەممە بە زیاتر لە 30 مووشەک لە خاکی لوبنانەوە ناوچەکانی ئیسرائیل کراونەتە ئامانج، ئەمەش یەکەم جارە ئیسرائیل لوبنانی دراوسێی بکاتە ئامانج لە جەنگە 34 رۆژییەکەیانەوە لە ساڵی 2006. 
 
ماوەی چەند رۆژێکە جارێکی دیکە دۆخی فەڵەستین و ئیسرائیل تێکچووەتەوە لەدوای هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە؛ ئەو هێرشانە بوونە هۆی برینداربوونی نزیکەی 50 کەس و دەستبەسەرکردنی زیاتر لە 500 فەڵەستینی.
 
ریچارد هێکت، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، هێرشەکانی خستە ئەستۆی بزووتنەوەی حەماس و رایگەیاند "ئەوان دڵنیان هێرشەکان فەڵەستینی بوون."
 
لەدوای بۆردوومانەکەی ئیسرائیل، مووشەکبارانی ئەو وڵاتە لە کەرتی غەززەوە بەردەوام بوو کە ئیسرائیل دەڵێت، لە رێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئایرن دۆمەوە مووشەکەکانیان تێکشکاندووە. 

 

پاشماوەی بۆردوومانەکە لە لوبنان؛ وێنە: AFP
 
هەروەها بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێش هێرشەکانی سوپاکەی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "وەڵامی ئیسرائیل لە داهاتوودا، زیانێکی قورسی دەبێت."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش، یوۆڤ گالانت لەبارەی هێرشەکانەوە دەڵێت، "دامەزراوەی بەرگریی ئیسرائیل بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەرموو هەڕەشەیەک ئامادەیە لە هەر بەرەیەک بێت."

بەگوێرەی میدیای جیهانی، هێرشەکانی باشووری لوبنان لە نزیک کامپی ئاوارە فەڵەستینییەکان بووە.
 
لە درێژەی بەیاننامەکەیدا، سوپای ئیسرائیل دەڵێت، دوو حەشارگە و دوو کارگەی بەرهەمهێنانی چەکی حەماسیان کردووەتە ئامانج، "ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی چەند رۆژی رابردووی حەماس." راشیگەیاندووە، ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک رێگەنادات حەماس لەنێو خاکی لوبنان جموجوڵی هەبێت و دەوڵەتی لوبنان بە بەرپرسیار دەزانێت بۆ بە ئامانجکردنی ناوچەکانی.
 
هەروەها سوپای ئیسرائیل ئەوەیشی ئاشکراکردووە، سیستمی بەرگرییان 25 رۆکێتیان تێکشکاندووە کە لەنێو کەرتی غەززەوە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کراون، بەڵام پێنجیان بەر چەند ناوچەیەکی باکووری ئیسرائیل کەوتوون.
 
پاشماوەی بۆردوومانەکە لە لوبنان؛ وێنە: AFP
 
لە دوای هێرشەکانیش، گرووپی حەماس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئیسرائیل بەرپرسیارە لە تێکچوونی دۆخەکە و دەرئەنجامەکانی" داوایشی لە سەرجەم گرووپەکانی فەڵەستین کرد لە دژی "داگیرکاران" یەکبگرن.
 
لە دوای گرژبوونەوەی دۆخەکە، کاردانەوەی نێودەوڵەتی بە دوای خۆیەوە هێنا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هەر تووندوتیژییەک."

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکانی نێو لوبنانی بۆ سەر ئیسرائیل کرد و داواشی لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif