لیوا چەتۆ ساڵح: ئەمانە با لەنێو دوو نانی گەرم دا بێت بۆ داهاتوو

ليست هناك تعليقات



لیوا چەتۆ ساڵح جێگری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکیدا بە بۆنەی جەژنەوە دەڵێت: ئێمە ناهێڵین خوێن و خەبات و چارەنوسی حزبی شەهیدان لە قەدەرێکی نادیاردا بێت و بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، هەموو ئەمانە با لەنێو دوو نانی گەرم دا بێت بۆ داهاتوو.

دەقی نوسینەکەی لیوا چەتۆ
لەسەر مەزاری دایکی شەهیدان لە هەولێرەوە

ئەوەی بەرامبەرمان کرا لە بیرکردنی مەحاڵە.

لەدوای راپەڕینەوە یەکەم جارە نەگەڕاومەتەوە بۆ سەر مەزاری پیرۆزی کاکم د. هادی کە لە چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدانە، هەروەها پاش نەمان و روخانی رژێمی بەعس ئەوە یەکەم جاره کە نەمتوانیوە بۆن و ماچی کێلە پیرۆزەکەی کاکە ڕەفیق لە زێدی خۆم لە کەرکوکی کوردان بکەم، لەبری خۆم ئەمجارە هاوژینەکەم وبەشێک لە خانەوادەکەم ئەو ئەرکەیان بەجێ هێنا، بەداخەوە کە ئەوانیش لەو تاڵی و سوێری و زوڵمەی بەعس بێبەش نەبوون، لێرە لە هەولێرەوە بەدیار کێلێکی مەزنەوە و بەدڵێکی پڕ حەسرەت و بورکانێک لە توڕەیی بۆ شون بزرکردن و لێکردنەوەی شەش کە سی ترم ، شەش ڕوحی تر لە جەستەی گشتی خێزانەکەم کە باوکم و براکانم بوون،

خەمی قوڵم بۆ نەبونی مەزار و گۆڕیان پشکۆیەکی بەتینە بەنەبڕاوەیی ناخمان دەسوتێنێت.

سەرەڕای هەموو ئەمانە و ئەوەشی دەرحەق بە ئێمە کرا، لەلایەکی دیکەش دابڕانمان لە پارچەیەکی نیشتمان و بێبەش بوون لە سەردانیکردنی گۆڕی ئازیزانمان، ئەوەی پێی گوتین کە ماڵ لەخاوەن ماڵ حەرام کراوە.

لە کاتی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ تا ئێستا نامۆبوونێک دەبینین، نەریتێک دەبینین و بەدیار حزبی شەهیدانەوە تاساوین، حزبەکەمان وەک جەستەیەکی پڕوکاو و بێ هێزی لێ هاتووە، کە دوو داڵ بەدەنوکە ڕەشەکەیان خەریکی ڕوح دەرهێنانی جەستەکەین.

لێرەوە بەڵێن بێت بۆ هەریەک لە (دایکی خێر لە خۆنەدیوم، کاکە دکتۆری ڕابەر و مامۆستام، کاکە ڕەفیقی گوللە باران کراو، باوکی بێ گۆڕ و شون بزركراوم، کاکە عاديل و مهدی، وەهاب، سه لاح و سه عدون )، ئێوە قیبلەگای منن، ئێمە ناهێڵین خوێن و خەبات و چارەنوسی حزبی شەهیدان لە قەدەرێکی نادیاردا بێت و بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، هەموو ئەمانە با لەنێو دوو نانی گەرم دا بێت بۆ داهاتوو.

هیوادارم لە ئامادەنەبوونم و دووریم لێتان بمبورن.

لیوا چەتۆ ساڵح
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif