دەست درێژیکردنە سەرزەوییەکانی پەروەردە

ليست هناك تعليقات



ڕەووف محەمەد ئالانی

لەماوەی ئەم سیودوو ساڵەی حوکمڕانی کوردیدا، ئەوەی من بەدیم کردبێت و بینیبێتم، ئەم دەسەڵاتە خواست وویستەکانی تەنها بۆ خزمەتی خۆی وبنەڵاکانیا ودارودەستەکانیان تەرخانکردووەوچۆنی بۆ لوابێت ئاوا پەلاماری حەرەمەکانی کۆمەڵگەی داوە، لەداگیرکردنی زەوی وزاری خەڵک و پاوانەکان و لەوەڕگەکان وزەوی کشتوکاڵی و ئەوزەویانەی زانیویانە خاوەنەکانیان لەشارەکان نەماون وسەفەریان کردوە یان کۆچیان کردوە بۆ هاندەران وشارەکانی تری عێراق، بەدواداچوونی وردیان بۆ کردن و پاشان کردیانن بەموڵکی حکومەت و پاشان هەرخۆیان بەناوی جیاجیا لەسەر خۆیان تاپۆکرد وبۆ پڕۆژەی قازانج ویستی خۆیان بەکاریان هێنان، ئەوقۆرخکاری وداگیرکاریانە هەتا ئێستا بەردەوامی هەیە بۆ سەرموڵکی خەڵک ووەزارەتەکان.

چەند ڕۆژێک لەمەوپێش بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند کە هەندێ کەس و لایەن وکۆمپانیا داوایان لێدەکەن زەویەکانی پەروەردەیان بدەنێ بە مەبەستی کردنیان بە پڕۆژەی بازرگانی، یان بە پشتگیری دەسەڵاتداران ئەوکارەدەکەن.

بەڕێزیان بەڕاشکاوانە وتی ئێمە ڕێگری ئەکەین لەوهەوڵانەی بیانەوێ دەست ببەن بۆ زەویەکانی پەروەردە، ئەم بڕیارە جێی دەستخۆشیە وهەقوایە خاوەن ویژدانەکان وهەموو نوسەران وهونەرمەندان وڕۆژنامەنوسان ومامۆستایان هاوکاروپشتیوانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەبن، تا هەنگاوی تەماحی پاوانخوازی ئەوانەی مەبەستیانە لەجیاتی خزمەتکردنی پەروەردە زەویەکانی داگیربکەن.

لەدوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١ یەکەم شوێن کەدەست درێژی کرایە سەرلەلایەن حیزبەکانەوە بیناکانی قوتابخانەوخوێندنگەکان بوون، هەرئەوان بوون کرانە بارەگای حیزب و شوێنی کۆڕوکۆبوونەوە، دوای ئەوە ئەوبینایانەی کە پێیان باش بوو تیایدا مانەوەوکردیان بە بارەگای خۆیان، شوێنی مەکتەب سیاسی ئێستای یەکێتی وەک نموونەیەکی بەرچاوی خەڵکی شار دەهێنمەوە، کەپێشترپەیمانگەی مامۆستایانی کچان بوو، نامەوێ ناوی شوێنەکان بنوسم نەبا هەندێکیانم بیربچێت، لە زۆربەی شاروشارۆچکەکان ئەوە ڕویداوە،ئەوە وەک نموونەیەکی دیارباسم کرد، قوتابخانەی فریشتە و بیناکەی پشتی کە یادگاری سەدان لەو کەسانەیە لەو شوێنە خوێندکاربوون، کردیان بە شوێنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، ئێستاش چاویان لە زەویەکانی ئامادەیی بەکرەجۆیە ئەویش موڵکی پەروەردەیە کە پێکهاتووە لە(١٨٢) دۆنم، لەگەڵ ئامادەیی سەرچناروئامادەیی پیشەسازی سلیمانی وچەند شوێنێکیتر کە چاوی تەماحی بازرگانەکانی لەسەرە، بینای کۆنی پەروەردەوشارستانی وڕەگەزنامە کرا بە کاسۆمۆڵی ئێستا، هەموو مێژووی جیهان بخوێننەوە بزانن هیچ لە دکتاتۆروستەمکارەکانیش غیرەتی ئەوەیان کردوە بەوجۆرەی دەسەڵاتی کوردی دەست درێژی بکانە سەرموڵکی گشتی وپەروەردە؟

هەرزوو نییەتی حیزبەکان دەرکەوت چیان ئەوێ بۆ خۆیان و چی لەم ووڵاتە دەکەن، پێغەمبەری ئیسلام(محەمەد د.خ) لە فەرموودەیەکدا باس لە نییەت وخواست دەکات و دەفەرموویت (إنما الأعمال بالنيات، وإنما لكل امرئ ما نوى) وەک ئاماژەی بۆ دەکات، هەمووکارێک پێش ئەنجامدانی خواست وویست وپلانی گەرەکە، ئەگەر بەپێی خواستەکە بێت و بۆ باشە بیت، هیچ گومان هەڵناگریت ئاکامی باشی دەبێت، پیرەمێردی مەزنیش لەم بارەوە وتووێتی(نییەتت باش بێت ئیش ئەبەیتە سەر، درەخت زڕنەبێ هەر بۆت دێتەبەر).

دەرکەوت ئاغاکانی کوردایەتی چ مەرام ونییەتێکی پاوانخوازی دڵ وهزری داگیرکردوون، خۆزیا من وەک نوسەرێک ومامۆستایەک و ڕۆژنامەنوسێکی چاودێر، ئەوپڕۆژانەی کەبەناوی وەبەرهێنانەوە دراون بەوکۆمپانیایانە، لەجیاتی ڕەخنە وسەرنج لەسەریان، وایان بکردایە بەشان وباڵیاندا هەڵم بدایە و بمووتایە خزمەتەکانیان بەرچاوە بۆ هەژارانی مەملەکەت، بەڵام نەمبینیوە هەژاران لەو باڵاخانە گەورانەدائارام بگرن.

ئەوەندەی من بزانم وئاگاداربم بەشێک لەوکۆمپانیایانەی خەریکی بەناو وەبەرهێنانن، فێڵەڕێیەک ئەدۆزنەوە تا ئەو زەویانە لە ئەنجومەنی وەزیران یان وەزارەتی تایبەتمەندوەربگرن، هەندێکجار هیچ پرس و ڕایەک وڕەزامەندیەک لە لایەنی تایبەت بەو زەویانە وەرناگرن، هەمووشمان دەزانین تائێستا زۆنەکان دابەشکراوون لەبەر ململانێی حیزبی کارکردن وبڕیاری دژ بەیەک جێبەجێ دەکرێت، لەم ناوەشدا زەرەرمەندی یەکەم خەڵک و خاوەنی زەویەکانن، ئەوەی بۆ من و هەموو خەڵک بۆتە مایەی نیگەرانی، دەسەڵاتی کوردی لەماوەی سێ دەیە نەیتوانی نموونەیەکی جوان پێشکەش بکات.

بەداخەوە هەر ئەوهۆکارەیە وایکردوە زۆربەی خەڵکی کوردستان، پشتییان لەم دەسەڵاتە کردووەوئاوات بە چوونە سەرمەرکەز دەخوازن.

چانسی نەتەوەکان وگەلانی ئەم ڕۆژهەڵاتە ئەونادادی و پاوانخوازیەیە کە دەسەڵاتداران دەیکەن وئەنجامی دەدەن.

وەک نوسەری دیاری عەرەب(جەلال ئەمیر)دەڵێت :(لە ووڵاتانی جیهانی سێیەمدا فەرمانڕەوا خاوەنی دانایی لوقمانی حەکیمی هەیە، بازرگانیش خاوەنی پارەودارایی قارونی هەیە، خەڵکەکەشی ئارامگری ئەیوبیان هەیە).

دڵنیام ئەو نوسەرە کە ئەو وتەیەی دەربڕیوە، دەزانێ هەموو ناوچەکە بە هەمان دۆخی ڕامیاری وئەقڵیەتی سیاسیە پاوانخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەند هاوشێوەن، ئەمانەی خۆمان ئەوانەشیان تێپەڕاندوە.

بەهیوام هەموومان دەنگ وهاواروپێنووسەکانمان لەئاست ئەو غەدرەی بەرامبەرزەوییەکانی پەروەردەی سلێمانی دەکرێت بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبین، داواش لەو کۆمپانیایانە دەکەم ببنە هاوکاروپشت وپەنا بۆ خزمەتی پەروەردە ونەوەکانی داهاتوو، واز لەوچاوتێبڕینە نایاساییە بێنن کە زەوییەکانی پەروەردە بکەنە پڕۆژە، تا مێژووبەناشیرین ناویان نەبات، داواشم لەپەرلەمان وئەنجومەنی وەزیرانە ئەویاساشکێنیانە ڕابگرن ونەهێڵن تاڵانی جێی ئاوەدانی بگرێتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif