میسر داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە رۆژئاوا و سووریا دەکات

ليست هناك تعليقات


وەزیری دەرەوەی میسر داوا لە تورکیا دەکات هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکشێنێتەوە. تورکیاش پێداگیرە لەسەر هەڵوێستی لەمێژینەی خۆی.

رۆژی پێنجشەممە 13ـی نیسانی 2023، سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر سەردانی تورکیای کرد و لە ماوەی دوو مانگدا بۆ جاری سێیەم لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی کۆبووەوە.

شوکری باسی لە پرسی سووریا کرد، کە لە شەڕی نێوخۆی وڵاتەکەدا، تورکیا لە رێگەی هێزەکانییەوە پاڵپشتی لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات.

وەزیری دەرەوەی میسر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "من پێمڕاگەیاندن کە دەبێت سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزرێت و گوتم کە دەبێت هێزە دەرەکییەکان لە خاکی سووریا بکشێندرێنەوە."

لای خۆیەوە، مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا دووپاتی لە هەڵوێستی لەمێژینەی تورکیای کردەوە و گوتی، بوونی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا بۆ شەڕی "تیرۆر" پێویستە. چاوشئۆغلۆ گوتی: "دەبێت دڵنیابینەوە کە هیچ هەڕەشەیەک لەوێوە نییە."

هەبوونی ‌هێزی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژئاوای سووریا بووەتە خاڵێکی ناکۆکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا.

هەرچی بەشار ئەسەدە، کشانەوەی هێزەکانی تورکیای لە وڵاتەکەی کردووەتە مەرجی کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان.

شوکری لەم مانگەدا لە قاهیرە بۆ یەکەم جار لەدوای زیاتر لە دەیەیەک پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی سووریا کرد.

ئەم پەیوەندییە دیپلۆماسییەی نێوان قاهیرە و ئەنقەرە لەکاتێکدایە کە تورکیا خوازیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ کۆمەڵێک وڵاتی عەرەبی

شوکری جەختی لە خواستی قاهیرە بۆ بەردەوامیدان بە بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە، کە لەدوای لابردنی محەممەد مورسیی هاوپەیمانی تورکیا لە دەسەڵات لە ساڵی 2013 درزیان تێکەوت.

لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتی لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات، ئەنقەرە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک ئۆپەراسیۆنی سەربازی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان و شەڕ لە دژی هێزە کوردییەکان دەکات کە بە "تیرۆریست"یان دادەنێت.

لە سەرەتای ساڵی 2018 تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە چڵە زەیتوون لە لایەن ئەنقەرەوە دەستیان بەسەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کورستاندا گرت. لە تشرینی یەکەمی 2019ش ئەو هێزانە هێرشیان کردە سەر سنووری سەرێکانی و گرێسپی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەوانیشیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.     

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif