ئیتاڵیا بەکارهێنانی وشەی ئینگلیزی لە گفتوگۆدا قەدەخە دەکات

ليست هناك تعليقات


پارتی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە رێگەی دەرکردنی یاسایەکی نوێوە دەیەوێت بەکارهێنانی وشەی ئینگلیزی لە گفتوگۆی فەرمیدا قەدەخە بکات؛ بە جۆرێک هەر کەسێک وشەی ئینگلیزی بەکاربهێنێت 100 هەزار یۆرۆ سزا دەدرێت.

فابیۆ رامپێلی، ئەندامی پارتی برایانی ئیتاڵیا لە پەرلەمانی وڵاتەکە پڕۆژەیاساکەی پشێکێش کردووە و لەلایەن جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاوە پاڵپشتی دەکرێت.

لە کاتێکدا پڕۆژەیاساکە هەموو زمانە بیانییەکان دەگرێتەوە، سەرنجی زەقی خستووەتە سەر "ئەنگلۆمانیا" یانیش بەکارهێنانی وشەی زمانی ئینگلیزی کە وەکو رەشنووسەکە دەڵێت، زمانی ئیتاڵی "سووک دەکات و دەیکوژێت". ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا هێشتا "خراپترە، لەبەر ئەوەی بەریتانیا چیدی بەشێک نییە لە یەکێتیی ئەوروپا."

پرۆژەیاساکە، کە دەبێت لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت، ئەو کەسانەی لە فەرمانگە حکومییەکان کار دەکەن، ناچار دەکات "زانیاری و رەوانییەکی تەواویان لەسەر زمانی ئیتاڵی هەبێت." هەروەها بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی لە نووسینی بەڵگەنامە فەرمییەکاندا قەدەخە دەکات، لەنێویدا، کورتکراوەی ئینگلیزی و ناوی ئینگلیزی کار و پیشەکان لەنێو کۆمپانیاکاندا قەدەخە دەکات.

بەگوێرەی پرۆژەیاساکە، هەموو ئەو کۆمپانیا بیانییانەی لە ئیتاڵیا کار دەکەن، دەبێت یاسا و رێساکان و گرێبەستی دامەزراندنیان بە وەشانی ئیتاڵی هەبێت. لە رەشنووسی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، "ئەوە تەنیا بابەتی مۆدە نییە، مۆدەکان تێپەڕ دەبن، بەڵام ئەنگلۆمانیا کاردانەوەی لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی هەیە."

مادەی دووەمی پڕۆژەیاساکە، زمانی ئیتاڵی دەکاتە "ناچاری بۆ بەرەوپێشبردن و بەکارهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە خاکی نیشتمانیدا". ئەو کەسەی پێشێلی ئەو مادەیەش دەکات، لەنێوان 5,000 بۆ 100,000 یۆرۆ پێبژاردن سزا دەدرێت.

بەگوێرەی یاسا پێشنیازکراوەکە، وەزارەتی رۆشنبیریی ئیتاڵیا لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ "راستکردنەوەی بەکارهێنانی زمانی ئیتاڵی" لە قوتابخانە، میدیا، بازرگانی و رێکلامەکاندا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif