پێش جەژنە پیرۆزە

ليست هناك تعليقات


عەزیز ڕەئووف
-
پێش جەژنە پیرۆزە دەبێت گەورەتر بیر بکەیتەوە. کە ئاینی ئیسلام یەکێک لە گەورە ئایینەکانی سەرزەوی بێت، ناکرێ تۆ شارچێتی بکەیت، هەناسەت دەبێت سنورەکانی هەولێر و سلێمانی تێپەڕێنێت و گەورە بیر بکەیتەوە، ناکرێ تۆ لەناو خێڵ و عەشیرەت و گەڕەکەکەتدا بیر بکەیتەوە و تەنها ئەو چوارچێوەیە بە ماڵی خۆت بزانیت کە لێی دەژیت.

پێش جەژنە پیرۆزە دەبێت ئەوە بزانیت کە هەندێ لێپرسینەوە هەیە بۆ خودا هەڵناگیرێن. بۆ نمونە بەرپرسێک هەموو گیانی ناشرینیە و بەڵایە بۆ ئەم میللەتە تۆی موسوڵمان ئەوەندە دڵساف بیت بە عەمرەیەک کە بە پارەی دزی ئەنجامی داوە لێی خۆش بیت و پێت وایە تۆبەی کردووە. گرنگە هاوڵاتییەک بە حەج یان عەمرە ڕۆح و دەروونی پاک بێـتەوە، بەڵام هەرگیز بەرپرسێکی باڵا کە دەچێتە حەج و عەمرە پاک نابێتەوە و ئەوە دەبێت خەڵک لێپرسینەوەی لێ بکات، لێپرسینەوەی خوداش هی ئەودنیایەو و خۆی و خودای خۆی.

پێش جەژنە پیرۆزە دەبێت گەورەتر لە مەلاکان بیر بکەیتەوە. هیچ ڕەمەزانێک بارتەقای ئەم ڕەمەزانە گوێبیستی قسە و وتاری دژبەیەکی پیاوانی ئاینی نەبووین. تۆی موسوڵمان لە سەردەمێکدا دەژیت کە دەستکەوتنی زانیاری ئەوەندە ئاسانە، هیچ پێویستت بە پیاوی ئاینی نیە نەسیحەتت بکات و ڕێگەی چاکەت پیشان بدات.

پێش جەژنە پیرۆزە کەمێک بیربکەرەوە بۆچی بەڕۆژوو بوویت. ئایا وەک نەریتێک وەک زۆرینەی خەڵک یان لەو قەناعەتەوە کە ڕۆژوو ببێتە هۆکارێک بۆ خەمی هاوبەرش و بیرکردنەوە لە هەژاران و پاکبوونەوەی ڕۆحەکان. ئەگەر دوای ڕۆژووەکانت هەر وەک پێشتری و هیچ گۆڕانێک لەتۆدا ڕووینەداوە و لە جەستە و لە سیستەمی خۆراک و لە زمان و لە بیرکردنەوەت وەک پێشترە، ئەوا دڵنیابە تۆ وەک جۆرێک لە چاولێکەری یان خوویەکی ساڵانە بەڕۆژوو بوویت و هیچی تر.

پێش جەژنەپیرۆزە دەبێت ئەوە بزانی خودا دابەش ناکرێت. خودا وەک چۆن هی ئیماندارەکانە، هی بێئیمانەکانیشە. تۆ بۆت نیە بەناوی خوداوە لەسەرزەوی حوکم بدەی. خودا خۆی ئایینی خۆی دەپارێزێ و ئەرکی تۆ ئیمانداری و ڕێز و خۆشەویستیە. هەرکات بەناوی خوداوە حوکمت بەسەر مرۆڤەکاندا کرد ئەوا گومان لە ستەمکاری خۆت نەبێت. خودا مڵکی هیچ مەزهەب و ئایین و پارتی سیاسی و فیئەیەکی موسوڵمان نیە بەتەنها.

پێش جەژنە پیرۆزە نابێت تەنها مزگەوت بە پیرۆز و ماڵی خودا بزانیت. سروشت و دار و درەخت و چیا و دۆڵ و کانیاوەکانیش پیرۆزن و دەبێت سروشت بپارێزیت. تۆی موسوڵمان دەبێت ئەوە بزانیت تەنها مزگەوت پیرۆز نیە بەڵکو ئەو قوتابخانەیەی منداڵەکەتی لێ دەخوێنێ و ئەو نەخۆشخانەیەی لە نەخۆشیدا ڕوویتێدەکەی پیرۆزییەکەی لە مزگەوت کەمتر نیە.

پێش جەژنە پیرۆزە دەبێت ئەوەت بیربێت ئایین بەمانای ڕەتتکردنەوەی ستەمکاریی دێت. پەیامبەرەکان پێش ئەوەی باس لە نوێژ و ڕۆژوو بکەن، باس لە ڕەتکردنەوەی تەماحی ستەمکارەکان دەکەن. پەیامبەری ئیسلام پێش ئایین دەسەڵاتی ڕەهای قوڕەیشەکانی ڕەتکردەوە. تۆی موسوڵمان گومان لە کۆی کردەوە دینیەکانت هەبێت ئەگەر واز لە ستەمکار بێنیت و بەربیتە گیان ستەملێکراوان. ئایین پێش نوێژ و ڕۆژوو ڕەتکردنەوەی ستەمکارییە. گومانت لە عەقڵی خۆت هەبێت گەر شوێنکەوتەی ستەمکار بیت و چاوەڕێی ڕەحم و بەزەیی خودا بیت.

ئینجا جەژنی هەمووان پیرۆز بێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif