پرۆژەبڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا رەد دەکرێتەوە

ليست هناك تعليقات


پرۆژەبڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا لە ماوەی شەش مانگدا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رەتکرایەوە.

شەوی رابردوو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبوونەوە بۆ بڕیاردان لەسەر کشانەوە یاخود مانەوەی هێزەکانیان لە سووریا لە ماوەی شەش مانگدا.

پرۆژە بڕیارەکە بە 321 دەنگی نەخێر و 103 دەنگی بەڵێ رەتکرایەوە، ئەمەش بەو مانایەی نزیکەی 900 سەربازەکەی ئەمریکا تاوەکو کاتێکی نادیار لە سووریا دەمێننەوە.

پرۆژەکە لەلایەن مات گەیتزی کۆماری ئامادە کرابوو، 56 ئەندامی دیموکرات و 47 ئەندامی کۆماری پاڵپشتییان لێی کرد، لە کاتێکدا 150 دیموکرات و 171 کۆماری دژی وەستانەوە.

مات گەیتز بە رەتکردنەوەی پرۆژە بڕیارەکە تووڕە بوو و گوتی، هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا لەنێو "ئاگر"ی شەڕ گیریان خواردووە و کەوتوونەتە نێوان چەندین هێزی بیانی و هاوکات هیچ ئاسۆیەکی روونیش نییە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش وا بە زوویی کۆتاییان پێبێت.

نوێنەرەکەی ویلایەتی فلۆریدا لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەشی گوت، "چەکدارانی داعش هەڕەشەی جیددی نین بۆ سەر ئەمریکا، بۆیە پێوستە سەربازەکانمان بکشێنەوە."

مات گەیتز لەسەر ئەم قسانەی رووبەڕووی رەخنە و تێبینی زۆر بووەوە، ئەوانەی لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوون لە سووریا، گوتیان کشانەوەی هێزەکانیان هەڕەشە لەسەر ئەمریکییەکان دروست دەکات بەو پێیەی رێگە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان خۆش دەکات، خۆیان یەکبخەنەوە و بەهێز ببنەوە.

'گریگۆری میکس'ی کۆماری لە ئەنجوومەنەکە گوتی، هەرچەند ئەو پاڵپشتی لە مانەوەیەکی هەمیشەیی هێزەکانیان لە سووریا ناکات، بەڵام هێشتا زووە بۆ پرۆژە بڕیارەکە و کشانەوەش دەچێتە قاڵبی پشت تێکردن لە هاوبەشەکانیان.

سەربازانی ئەمریکی بە زۆری لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا مەشق و راوێژ بە شەڕڤانان دەدەن، لە هەمان کاتدا ئۆپەراسیۆنی راوەدوونانی چەکدارانی داعشیش دەکەن.

ئەم دەمەقاڵی و گفتوگۆیەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کاتێکدایە، 4ی ئاداری ئەمساڵ مارک میلی، سەرۆکی سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا بە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراو گەیشتە رۆژئاوای کوردستان بۆ لێکدانەوەی ئەوەی ئاخۆ تاچەند پێویستە هێزەکانیان لە سووریا بمێننەوە.

ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی هەوڵەکانی واشنتن بوو بۆ رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و هەروەها پاراستنی سەلامەتی سەربازەکانیان لە وڵاتەکە. مارک میلی گوتی، ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی لە سووریا هەن، هێندە دەهێنن هێزەکانیان لە وڵاتەکە بمێننەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif