کاک بافڵ قسە بکە

ليست هناك تعليقات



سڵێمان عبدللە یونس
-
من ھەقی ئەوەم نیە کاک بافڵ بە کودەتا ھاتوە یان بە گوڵباران، لەگەڵ ھیچکام لەم بەرانەش نیم، بەڵام بەڕاستی ئیدی ئەو کوڕەی تاڵەبانی باوک دیاردەیە و لەھیچ کەسی پێش خۆی ناچێت و خۆیەتی.

بە پێچەوانەی ئەوانەی کە پێیان وایە بافڵ تاڵەبانی ھەرچی دەکات با بیکات تەنھا قسە نەکات، من دەڵێم ئەو با ئاوا ڕاشکاوانە و دور لەنواندن و مەکری سیاسیەکان، قسەی دڵ بکات و ھیچی دیکە نەکات.

من کارم بەوە نییە کێ پێی خۆشە یان کێ پێی ناخۆشە بەڵام دەربڕینە سروشتیەکانی و لەپێکردنی پۆستاڵ و فڕێدانی بۆینباغ و ڕەشپۆشیەکی سادە، دەرکەوتنێکی داوەتێ، کە سەرنجڕاکێشترە لەکۆی سیاسیە دێرینە بە ویقار و شیکپۆشەکانی ئەم سەردەمە.

ئەوکاتەی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بو بە ھەشتەمین خەلیفەی ئەمەویەکان، خەڵکی شاری مەدینە و ھۆزەکانی قوڕەیش، نوێنەرایەتیەکیان دیاریکرد بۆ سەردانیکردنی و لەناو خۆشیاندا گەنجێکیان ھەڵبژارد بۆ قسەکردن، کاتێک نوێنەرایەتیەکە گەیشتە لای عومەری کوڕی عەبدولعەزیز و دانیشتن، وەک لەناوخۆیاندا ڕێکەوتبون گەنجەکە دەستیکرد بە قسەکردن، بەڵام عومەری کوڕی عەبدولعەزیز یەکسەر قسەی بە گەنجەکە بڕی و وتی: تۆ قسە مەکە و نەریتەکان مەشکێنە، با یەکێک لە ڕیش سپیەکانتان قسە بکات، گەنجەکە وەڵامی دایەوە وتی: سەرداری موسوڵمان، من ھەڵبژێردراوی ئەوانم و قسەکردنیش بەتەمەن نیە، خۆ ئەگەر بڕیاڕی ئێوە وایە تەمەن پێوەر بێت، دەی زۆرباشە تۆش کورسی خەلافەت ڕادەستی یەکێک لە ڕیش سپیەکانی مەدینە بکە

ھەرچەندە بافڵ تاڵەبانی زیاتر قسە بۆ خەڵک دەکات نەک بۆ خەلیفە بەڵام ئەو بەجۆرێک قسە دەکات کە لە کۆشکەکانیش دەبیسترێت، لەوەش زیاتر ڕەنگە لەمەودوا قسەکانی بۆ عەوام ببن بە ئیدیۆم و بەتەنیشت ھەر کوێیەکی خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی و ڕۆتین و دیاردە ناشیرینەکانی سیاسەت و حزب و حوکمڕانیدا ڕەت ببین ھەستێکی ناوەکی بمانجوڵێت و پێمان بڵێت: ڕازین بەم وەزعە؟ قسەکردنی بافڵ تاڵەبانی ڕەنگە لەو دەربڕینانە نەبن کە بە پێوەری دەربڕینی باو، نمرەی بەرزیان بۆ دادەنرێت، بەڵام خۆ لە ڕاستیشدا، ئەگەر چاکبونی دۆخەکە گرێدراوی پەخشانی سیاسی و دەربڕینی سەرنجڕاکێشی ڕۆشنگەر و عەلامەکانی وتاربێژی بوایە، نە یەکێتی و نە کوردایەتی و نە ئەزمونەکەشی بەم ڕۆژگارانە نەدەگەیشتن!



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif