حکومەتی هەرێم بە توندی وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە

ليست هناك تعليقات


د. دیندار زێباری: بە داخەوە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، زۆر ناشەفافانە و دوور لە ڕاستی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: دەسەڵاتدارانی هەرێم بە ئارەزووی خۆیان رۆژنامەنووسان و چالاكوانان دەستگیر دەكەن

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەداتەوەو بە ناشەفاف و ناڕاست ناوی دەبات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤی لە جیهاندا بڵاوكردەوە و ئاماژە بەوەدەكات، دەسەڵاتدارانی هەرێم بە ئارەزووی خۆیان رۆژنامەنووسان و چالاكوانان و خۆپیشاندەرانیان دەستبەسەر كردووە و بەشێكیان هێشتا لە زینداندان. ئەوەش هاتووە، "حكومەت نەیتوانیوە ئەوانەی بەرپرسیارن لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و گەندەڵی سزا بدات." 

نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان وەڵامی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەداتەوە

رۆژی ٢١/٣/٢٠٢٣ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوكردەوە. ڕاپۆرتەكە لە چەند بەشێكیدا باس لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەكات.

نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەكان وەڵامی بەشێك لەو تێبینی و سەرنجانە دەداتەوە كە لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەیان پێكراوە.

بە داخەوە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، زۆر ناشەفافانە و دوور لە ڕاستی و ناواقیعیانە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان دەكات و دووڕوویی و ئیزدواجیەتی تێدایە و وەكو پێویست، ئاماژە بە هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم ناكات بەتایبەتی لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، كە بە تەحەدایەكی گەورە دادەنرێت لەسەر هەرێمی كوردستان.

سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین، ئاشكرایە كە لە هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن هەیە و سەدان دەزگای ڕاگەیاندنی جۆراوجۆی ڕاگەیاندن هەن كە بە ئازادی كاری خۆیان دەكەن و زۆربەشیان رەخنەگری دەسەڵاتن و یاسا و رێنمایی و میكانیزمەكانی حكومەتی هەرێم لە بواری ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن، ڕوون و ئاشكران بەڵام راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پشت بە چەند سەرچاوەیەكی نافەرمی و دەزگای میدیایی دەبەستێت كە هەڵوێستەكانیان سیاسین و خۆیان دژی ئەم دەسەڵاتەن و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسین و دەیانەوێ بۆ مەرام و ئامانجی سیاسی خۆیان ڕاستییەكان بشوێنن.

سەبارەت بە كەیسی ژمارەیەك لە گیراوان كە ئاماژەیان پێكراوە، لێرەدا پێویستە ئەوە روون بكرێتەوە ئەم كەیسە یاساییانە هەرچەندە پەیوەندییان بە تێكدانی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەبووه، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پڕۆسەی دادگایی كردنیان بە ئاشكرا و شەفافانە بەڕێوەچووە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان، رێكخراوەكان و پەرلەمانتاران، بێ ئەوەی ڕاپۆرتەكە ئاماژە بە هەوڵەكان بكات بە مەبەستی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و ئەمن سەقامگیری هاووڵاتیان.

لە لایەكی ترەوە، حكومەتی هەرێم ساڵانە زانیاری و داتای ورد پێشكەش بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەكات لە رێگای كونسوڵگەری ئەمریكا لە هەولێر، بۆ ئەم مەبەستەش لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢ زانیاریمان پێشكەش كردووە، بەڵام دیارە بەمەبەست ئاماژەیان پێنەكراوە و وەكو پێویست پشتیان بە زانیاریەكانی حكومەتی هەرێم نەبەستووە بۆ ئەوەی راپۆرتەكە زیاتر شەفاف و بێلایەن بێت و هەڵوێستی لایەنی بەرامبەریش وەربگرن نەك تەنیا تاكلایەنە و بە ئارەزووی خۆیان شت بنووسن.

حكومەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، سیاسەت و رێوشوێنی تایبەت بە خۆی دەگرێتە بەر بەڵام لە راپۆرتەكەدا ئەم بابەتەی بە هەند وەرنەگیراوە. لە هەمانكاتدا بە پێوەری جیاواز مامەڵە دەكات وەك ئەو كردەوە تیرۆریستییەی كە لە ساڵی ڕابردوو لە هەولێری پایتەختی هەرێم روویدا و بووە هۆی تیرۆركردنی عەقید هاوكار جاف، كەچی بەرپرسانی سەربازی ئەمەریكی لەگەڵ تۆمەتباری سەرەكی تیرۆركردنەكە كۆدەبنەوە و وێنە دەگرن.

مایەی نیگەرانییە كە كونسوڵگەری گشتی ئەمریكا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ چەند كەس، گرووپی میدیایی و ژمارەیەك لە بەناو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی دەكات و پاڵپشتی داراییان دەكات كە ئەجێندای سیاسییان لە پشتە و تەنانەت زۆریشیان مۆڵەتی یاسایی كاركردنی نییە،

سەبارت بە پرسی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی گشتگیری داڕشتووە لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) كه له ڕۆژی ١٥/٩/٢٠٢٢ پەسەند كرا، پلانەكە لە (٢٧) بەش پێكهاتووە ئامانجی بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە.

بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت لە نێو هێزەكانی پێشمەرگە لیژنەیەكی پزیشكیی تایبەت پێكهێنراوە و پشكنینی بۆ (٩٥٧٨) خاوەن پێداویستی تایبەت ئەنجامداوە، بەپێی بڕیاری لیژنەكە (٤٦٦٤) خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێژەی پێویستیان هێناوە.

بە هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی (٤٠٠٠) ئەفسەر و كارمەندی پێشمەرگە لە هەردوو ڕەگەز سوودمەند بوونە لە بابەتەكانی مافی مرۆڤ و جێندەر و پاراستنی خەڵكی سڤیل، زیاتر لە (٥٠٠٠) نامیلكەی ڕێساكانی هەڵسوكەوتی پێشمەرگە بە ناوی (پێشمەرگە جەنگاوەرە، بكوژ نییە) چاپكراوە.

سەبارەت بە دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا تیشكی خراوەتە سەر، دووپاتی دەكەینەوە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە سەرپەرشتی دەكرێن كە دامەزراوەیەكی حكومەتی هەرێمە و بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و ئەرك و بەپرسیاریەتییەكانی لەسەر بنەمای لامەركەزی بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەشكراوە هاوكات پابەندە بە چەسپاندنی سیاسەتێكی ئەمنی یەكگرتوو.

دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی سەربەخۆیە و حكومەتی هەرێم ڕێز لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەگرێت و پابەندە بە سیستمێكی یەكگرتووی هاوسەنگ و دەست ناخاتە نێو ڕێوشوێنە دادوەرییەكان. هەروەها هەوڵ دەدات پڕۆسەی دادوەری، دادپەروەرانە و شەفاف و لێپرسراوانە بێت بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان.

پێویستە ئاماژە بەوە بكەین بە مەبەستی نەهێشتنی گەندەڵی، حكومەتی هەرێم لە چاكسازییە هەمەلایەن و گشتگیرییەكانی بەردەوامە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی. بۆ نموونە وەزارەتی دارایی و ئابووری (٤٣) ڕێنمایی و (٣٠) گشتاندنی لەمبارەیەوە دەركردووە.

لە ساڵی ٢٠٢٢ لە پارێزگای دهۆك (١٤٤)ی گەندەڵی كەیس ئیحالەی دادگا كراوە. لە پارێزگای هەولێر تا ئێستا (٢٥) كەیس ئیحالەی دادگا كراوە. لە پارێزگای سلێمانی تا ئێستا (٦٩) كەیس ئیحالەی دادگا كراوە. دووپاتی دەكەینەوە دەستەی دەستپاكی بەردەوامبووە لە لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی گەندەڵی. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١ دا (٤٩٣) بڕیاری دادوەری (ئامادەبوون و دەستگیركردن) دەرچووە كە(٣٣٧) یان جێبەجێكراوە، هاوكات (٤٠٤) كەس بە گەندەڵی تۆمەتباركراون كە بەڕێوەبەری گشتی، خاوەن كۆمپانیا و بازرگان لەخۆدەگرن. بەدەر لەمانەش (١٠٢) كەیس لە دادگا یەكلاییكراونەتەوە و (٤٦) كەس حوكمدراون.

لە پاڵ یاسای چاكسازیی كابینەی نۆیەم بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، پڕۆژەی ستراتیجی نیشتمانی دەستەی دەستپاكی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی كوردستان (٢٠٢١-٢٠٢٥)ی پەسەند كردووە كە رووبەڕووبوونەوەی گەندەلی دابەشی سێ بەش كراوە، لەوانە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و كەرتی تایبەت و میدیا و لایەنە سیاسییەكان. بۆ جێبەجێكردنی ئەو ستراتیژیەتە، سوود لە توانای دەرەكیش وەردەگیرێت، وەكو بانكی نێودەوڵەتی و زۆر لایەنی دەرەكیش ئامادەیی خۆیان نیشان داوە ھاوكار بن.

جەخت لەوە دەكەینەوە، حكومەتی هەرێم لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان كار دەكات بۆ پابەند بوونی بە بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتییەكان و ئازادییە بنەڕەتیەكان، هەنگاوەكانیش بە ئاڕاستەی پەرەپێدانی كولتووری ڕێزگرتن ۆ پێكەوەژیانە لە نێوان هەموو پێكهاتە جیاجیاكانی كوردستان. ئەویش بە جێبەجێكردنی چەندین ڕێوشوێن كە ئامانجیان بەهێزكردنی سەروەری یاسا و دڵنیابوونە لەوەی كە هەموو هاوڵاتیان بە یەكسانی و بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

حكومەتی هەرێم كار دەكات بۆ دەستەبەر كردن و وەرگرتنی ڕاهێنان و پاڵپشتی لەلایەن ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە لەسەر بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ.

جەخت لەوە دەكەینەوە حكومەتی هەرێم پابەندە بە بەرەوپێشبردنی بنەما دیموكراسیەكانی وەك ئازادییەكان، شەفافیەت، یەكسانی جێندەری و پێكەوەژیان. ئەم بەهایانە وایكردووە هەرێم گەشەسەندنێكی بەرچاوی كۆمەڵایەتی بەخۆیەوە ببینێت، هەروەها حكومەت یارمەتیدەر بووە بۆ فەراهەم كردنی ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیر بۆ ئەوەی هاووڵاتیان تێیدا سەروەربن.

پێویستە ئاماژە بەوە بكەین حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی كارا گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درێژەپێداوە و پابەندە بە كاركردن لەگەڵ هاوبەشەكانی بۆ دڵنیابوون لەوەی كە لەسەر سیاسەتی بەهاكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و گەشەسەندنی ئابووری بەردەوامە.

لە ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی تێروتەسەلی راپورتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەدەینەوە.

نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم

٢٣/٣/٢٠٢٣

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif