باڵەخانە بەرزەکان کەمتر مەترسیی رووخانیان لەسەرە

ليست هناك تعليقات


ئەندازیارێکی بیناسازی دەڵێت، هیچ کۆدێکی بیناسازی دیاریکراو لە هەرێمی کوردستان نییە و هەر دیزاینەرێک بە کۆدێک کاردەکات، ئەوەش هەڵەیە و ناگونجێت و پێویستە رێکبخرێتەوە. دەشڵێت: "ئەو باڵەخانانەی کە 10 نهۆمن ئەگەر مەرجەکانی بوومەلەرزەی تێدا لەبەرچاوگیرابێت سەلامەتترن، لە باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی."

د. محەممەد رەئووف، ئەندازیار و راوێژکاری بیناسازی، لەبارەی کۆدی بیناسازیەوە دەڵێت:

کۆدی بیناسازی کۆمەڵێک رێنماییە لەبارەی چۆنێتی دروستکردن باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون کە هەموو وڵاتێک کۆدی تایبەت بە خۆی هەیە.

د. محەممەد رەئوف، گوتی لە هەرێمی کوردستان کۆدی بیناسازی نییە، کۆدی عێراقی هەیە کە دوایینجار لە 2017 هەموار کراوەتەوە، ئەوەش "کەموکوڕی" تێدایە، بۆیە دیزاینەرەکان هەر کەسێک و بە کۆدێک کار دەکات، ئەوەی پەروەردەی خوێندنی ئەمریکی بێت بە کۆدی ئەمریکی و ئەوەی دەرچووی قوتابخانە و زانکۆکانی ئەوروپا بێت بە کۆدی ئەوروپی کار دەکات.

د. محەممەد رەئوف گوتیشی : " لەهەرێمی کوردستان باڵەخانە هەیە بە کۆدی ئەمریکی دروستکراوە و لە هەمان ریز باڵەخانەی دیکە بە کۆدی ئەوروپی و ئاسیا دروستکراوە، بەڵام لەم دواییە باشتر بووە وەبەرهێنەرەکانی کوردستان زیاتر بە کۆدی ئەمریکی کار دەکەن و ئەوەش خراپ نییە، چونکە هەموو کۆدەکان باشن، بەڵام پێویستە هەموو ئەوانە رێکبخرێنەوە و کۆدی خۆمان هەبێت."

پرسی بیناسازی لە دوای بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان لە شەشی شوباتی 2023 بووەتەوە رۆژەڤ کە ئایا باڵەخانەکانی کوردستان بە تایبەتی یەکەکانی نیشتەجێبوون، بەرگەی بوومەلەرزە دەگرن؟

د. محەممەد رەئوف دەڵێت: "ئەو باڵەخانانەی کە 10 نهۆمن مەرجەکانی بوومەلەرزەی تێدا لەبەرچاوگیراوە، سەلامەتترن لەو باڵەخانانەی کە دوو نهۆمن."

بە گوتەی ئەو ئەندازیارە، 95٪ی ئەو پڕۆژە نوێیەکانی نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستان پێوەرەکانی بیناسازی و بوومەلەرزەیان تێدایە و دیزاینی باشی بۆ کراوە، دەشڵێت :"مەترسی لەسەر باڵەخانە کۆنەکان هەیە ئێستا باڵەخانە هەیە پێنج و شەش نهۆمە و مەرجەکانی بوومەلەرزەی تێدا لەبەرچاونەگیراوە ئەوە هەڵەیە، لە تورکیاش زۆربەی ئەوانەی رووخاون لە شەش 6 نهۆم یان کەمترن، بەڵام لە تەنیشت ئەوان باڵەخانەی 15 نهۆمی هەیە، لەبەر ئەوەی مەرجەکانی بوومەلەرزەی تێدا رەچاو کراوە، هیچی بەسەر نەهاتووە."

د. محەممەد رەئوف، گوتیشی، ئەگەر هاوشێوەی باکووری کوردستان بوومەلەرزەی لەوشێوەیە لە هەرێمی کوردستان رووبدات " 50٪ی باڵەخانە کۆنەکان زەرەرمەند دەبن ئەوە ئەگەر نەڕوخێن"، ئەوەش چارەسەری هەیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەتا زووە بەو باڵەخانانەدا بچنەوە و سەرلەنوێ دیزاین بکرێنەوە و بەهێز بکرێن ئێستا مەوادی بەهێزکردن زۆر زۆرن.

بەگوتەی د.محەممەد رەوئوف کە ئەندازەیارە، هیچ وەبەرهێنێک بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی مەرجەکانی بوومەلەرزە پڕۆژەی رانەگیراوە و دەشڵێت : "ئەو رێنماییانەش کە لە شارەوانی و ژینگە داوای دەکەن بووەتە بار بەسەر هاووڵاتی و نووسینگەکانیش، چونکە هەر لایەنێک و کۆمەڵێک مەرجی هەیە کە جیاوازن لە یەکدی پێویستە ئەوانە رێکبخرێنەوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانیش بەیەک مەرجی گشتگیر کاربکەن."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif