زیلینسکی داوای فڕۆکەی جەنگی لە بەریتانیا دەکات

ليست هناك تعليقات


سەرۆکی ئۆکراینا سەردانی بەریتانیای کرد و لە کۆشکی وێستمینستەر گوتارێکی پێشکێش کرد. لە گوتارەکەیدا، زیلینسکی داوای لە جیهان و بەریتانیا کرد بە فڕۆکەی جەنگی هاوکاریی ئۆکراینا بکەن.

رۆژی چوارشەممە 08-02-2022 ڤۆلۆدیمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە سەردانێکیدا بۆ لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەلایەن ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێشوازیی لێکرا و دواتر سەردانی پەرلەمانی بەریتانیای کرد. زیلینسکی بە پەرلەمانتارانی گوت، "داوا لە ئێوە و جیهان دەکەم، فڕۆکەی جەنگی بگەیێننە ئۆکراینا، وەکو باڵی ئازادی."

سەرۆکی ئۆکراینا لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئازادی دەیباتەوە و رووسیا دەدۆڕێت."

حکومەتی بەریتانیا بەڵێنی بە ئۆکراینا دا مەشق و راهێنانی جیددی بۆ فڕۆکەوان و سەربازانی ئۆکراینا دابین بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە، وڵاتانی رۆژئاوا گفتوگۆ لەبارەی بەرزکردنەوەی هاریکارییەکان بۆ ئۆکراینا دەکەن، ئەوەش بەهۆی ترس لە ئەگەری هێرشێکی دیکەی فراوانی رووسیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لە بەهاردا.

حکومەتی بەریتانیا لەبارەی پێشکێشکردنی فڕۆکەی جەنگییەوە بۆ ئۆکراینا باسی لەوە کردووە، راهێنانی فڕۆکەوانانی ئۆکراینا لە هەڵفڕاندنی ئەو فڕۆکانەدا چەند مانگێکی دەوێت و ئەگەر هەیە چەند ساڵێکیشی پێویست بێت. فڕۆکەکانی بەریتانیا بریتین لە تایفوون، Typhoon و F-35.

ئەمریکا بەخشینی فڕۆکەی F-16 بە ئۆکراینا رەتدەکاتەوە، بەڵام هاوپەیمانانی دیکەی ئۆکراینا، وەکو پۆڵەندا، زیاتر کراوە خۆیان نیشانداوە لە بەرامبەر ئەو بیرۆکەیەدا.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا بۆ پەرلەمانی بەریتانیا، زیلینسکی سوپاسی پەرلەمانتارانی کرد و گوتی، "دوو ساڵ لەمەوپێش بۆ چایەکی بەتامی بەریتانی سوپاسم کردن، بەڵام ئەمڕۆ دەمەوێت بۆ فڕۆکەی جەنگیی بەهێز سوپاستان بکەم."

ئۆکراینا، رۆژئاوا و بەرپرسانی رووسیاش باس لەوە دەکەن، لە بەهاردا هێرشێکی دیکەی فراوان بۆ سەر رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە دەکرێت. ئۆکراینا خۆی بۆ بەرپەرچدانەوەی جەنگەکە ئامادە دەکات و لە ماوەی رابردوودا بەردەوام داوای چەکی پێشکەوتوو و نوێی لە وڵاتانی رۆژئاوا کردووە.

لە ماوەی رابردوودا وڵاتانی رۆژئاوا بڕیاری ناردنی 321 تانکی پێشکەوتوویان لە جۆرەکانی چالێنجەری بەریتانی، ئابرامزی ئەمریکی و لیۆپاردی ئەڵمانی بۆ ئۆکراینا دا.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif