پارتی و کلیلەکەی گیرفانی بافڵ تاڵەبانی

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی
-
لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناجێگیری خراپدا تێدەپەڕێت، ئەوەی ئەم ناجێگیریەی زیاتر کردوە و بوەتە گرفتی سەرەکی ئەو ناکۆکی و بەریەککەوتنانەیە کە لە نێوان پارتی و یەکیەتیدا هەن، چونکە پارتی و یەکیەتی وەك ئەمری واقع هەریەکەیان دەسەڵاتداری ناوچەیەکە(سەوز و زەرد) لە ڕووی ئیداری و ئابوری و سیاسی و سەربازیەوە، هەر بۆیە کاتێك ناکۆکی لە نێوان یەکیەتی و پارتی دروست دەبێت کاریگەری لەسەر هەموو سێکتەرەکان دروست دەکات بە قەوارەی هەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە راستەوخۆ حکومەت پاشکۆی یەکیەتی و پارتیە لە ناوچەکانی خۆیان، حیزبەکان و حکومەت پەیوەندیەکی ڕاستەوانەیان هەیە، تا هەردوو حیزبی یەکیەتی و پارتی لەیەك دوور بکەونەوە زۆنەکانیشیان لە حکومەت دوور دەکەونەوە و ئیدارە حیزبیەکان زیاتر تۆخ دەبنەوە.

کلیلی چارەسەری ململانێکانی پارتی و یەکیەتی لە گیرفانی بافڵ تاڵەبانیدایە،
 چونکە ئەو بڕیاردەری سەرەتاو کۆتایی یەکیەتیە

بۆیە ئەوەی پێویستە پارتی بیزانێت وەك حیزبی خاوەن بڕیاری کوردستان ئەوەیە کە ئەم یەکیەتیەی ئێستا یەکیەتیەکەی پێشتر نیە، چونکە لە ڕابردوودا ئاستی بەرپرسیارێتیەکان تاڕادەیەك دابەش بووبوو، دەکرا پارتی بەهۆی کاریگەری دروستکردن لەسەر ئاراستەیەکی یەکیەتی بیتوانیایە دۆخەکە ڕاگرێت و ململانێکەش بەردەوامی پێ بدات، بەڵام ئێستا بەوجۆرە نیە، بەڵکو لە ئێستا یەکیەتی بە قۆناغی بافڵ تاڵەبانیدا تێدەپەڕێت، کە لە هیچ کاتێکیتری یەکیەتی ناچێ، بۆیە دەڵێم قۆناغی بافڵ تاڵەبانی چونکە لە واقعدا هیچ کەسیتر توانای بڕیاردان و تەنانەت دروستکردنی بڕیاریشی نیە لە یەکیەتیدا، نە لە هەولێر و نەلە سلێمانیش، ئەوەی لەزاری بافڵ تاڵەبانیەوە دەرچوو ئەوە قسەی یەکیەتیە و ئەوەی ئەو واژۆی کرد ئەوە بڕیاری یەکیەتیە، جا ئیدی ئەوە یەکیەتی ئێستایە و پارتی ناچارە مامەڵەی لەگەڵ بکات، گەر پارتی دەیەوێت لەگەڵ یەکیەتی مامەڵە بکات ئەوا دەبێت ئەوە بزانێت کە بافڵ تاڵەبانی بڕیاردەری سەرەتاو کۆتایی حیزبەکەیە، ئیدی باشە یان خراپ، سەرکەوتوودەبێت یان نا، تاکەی بەم شێوازە کاری لەبەر دەروات قسەیەکیترە و دەوەستین با کات وەڵام بداتەوە، بەڵام پارتی نابێت بوەستێت تا کات وەڵام بداتەوە بەڵکو دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئێستا بکات، گەر دەیەوێت دۆخەکە بە ناکۆکی نێوخۆیی قورستر نەبێت، ئەوا دەبێت ڕاستەوخۆ بکەوێتە گفتووگۆی جدی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، چونکە کلیلی چارەسەری ململانێکانی پارتی و یەکیەتی ئێستا لە گیرفانی بافڵ تاڵەبانیدایە، چۆن ئەم کلیلە کەوتە گیرفانی ئەو و چۆن ئەم هموو گیرفانەیتر بێ کلیل کران قسەیەکیترە و نابێت پارتی خۆی پێیەوە سەرقاڵ بکات کاتی پێوە بکوژێت و دەبێت وەفدەکانی ڕاستەوخۆ دەست ببەن بۆ کلیلەکەی گیرفانی بافڵ تاڵەبانی و لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانیش بەرپرسانەتر لە ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات، چونکە چارەسەری گرفتەکانیتر ئاسان نیە بەبێ چارەسەری ناکۆکیەکانی نێوان یەکیەتی و پارتی، گەر ڕێککەوتنێکیش لە بەغداد بکرێت ئەوا پێویستی بە تەنازولێکی زۆر گەورەترە لەو تەنازولانەی کە یەکیەتی و پارتی بۆ یەکی بکەن، وە ناکۆکی بەردەوام و پەرتبونی تەواوەتی زیانی تەواوەتی بە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و بەرپرسیاری ئەوەڵ و ئاخریش پارتی و یەکیەتین نەك هیچ هێزێکیتر.

بۆیە گەر پارتی دەیەوێت وەفدەکانی بەتەنها نەرۆن بۆ بەغداد، گەر دەیەوێت هەڵبژاردن بکرێت، گەر دەیەوێت گفتووگۆکانیان لەسەر وزە و کۆبونەوە و کۆنفرانسەکانیان بەرهەمیان هەبێ ئەوا دەبێت لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ڕێککەون، بۆیە ئەڵێم بافڵ تاڵەبانی چونکە ئەوە واقعی یەکیەتیە و سیاسەتیش مامەڵکردنە لەگەڵ واقع، تا درزی نێوان پارتی و یەکیەتی گەورەتربێت ئاستەنگەکان زیاتر دەبن، چونکە ڕوونە کە جەمسەرەکانی سیاسەتکردن (ئەمریکا، ئێران، تورکیا،.... وڵاتانیتر) چ کاریگەریەکیان لەسەر عێراق هەیە و هەریەك لە یەکیەتی و پارتیش خۆیان باش دەزانن بای کێ لە کوێ شەن دەکات.

لە کۆتایدا گرنگە یەکیەتی و پارتی لە مەترسی دۆخی ئێستا تێبگەن و چیتر سەرقاڵی گەڕەلاوژێی حیزبی و سیاسی نەبن، وە ڕوونیشە کە مانەوەی هەریەکێکیان بەندە بەویتریانەوە و خۆشگوزەرانی ئێمەش بەندە بە نەمانی ئەم جۆرە سیاسەتکردنە سەقەتەوە کە ئێستا هەیە و ئەم هەموو ناجێگیریەی دروستکردوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif