"سودانی ئین پاریس"

ليست هناك تعليقات

عادل باخەوان 
-
ئەمڕۆ لە بری "ئێمیلی ئین پاریس" دەکرێت باس لە "سوودانی ئین پاریس" بکەین، چونکە ئەمڕۆ ئەو دەگاتە فەرەنسا و سەرەتا وەزیری بەرگری پێشوازی لێ دەکات و دواتر لە کۆشکی ئێلیزێ، سەرۆک ماکرۆن بۆ خوانی ئێوارە پێشوازی لێ دەکات.

یەکەم جارە سوودانی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی فەرەنسا دەکات، بەڵام دووەم جارە سەرۆک ماکرۆن دەبینێت و راستەوخۆ قسە دەکەن، مەلەفەکانی دانوستاندن بۆ کارکردن پێکەوە زۆرن، هەر لە بواری ئاسایش و تیرۆر و کڕینی چەکی ئەمریکییەوە تا دەگاتە بواری پەروەردە و تەندروستی و کولتوور، بەڵام پێش هەموو ئەمانە، مەلەفێکی گەورەتر هەیە کە پێی دەگوترێت: پرسی متمانە. تا کوێ پاریس دەتوانێت متمانە بە سوودانی و حکومەتەکەی بکات و تاوەکو کوێش سوودانی و حکومەتەکەی دەتوانن گرەو لەسەر فەرەنسا بکەن؟

فەرەنسا تەواو هۆشیارە بەوەی کە ئەو حکومەتەی ئێستا دروستبووە، حکومەتی براوەکانی هەڵبژاردن لە عێراقدا نییە، بەڵکو حکومەتی دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنە! بەڵام لە هەمانکاتدا مۆتەکەی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراقدا وادەکات کە وڵاتانی سیستمی جیهانی بە گشتی و فەرەنسا بەتایبەتی، مامەڵە لەگەڵ شەیتانیشدا بکەن، ئەگەر بتوانێت لایەنی کەمی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتێکی وەک عێراقدا کە لە لێواری تەقینەوەی گەورەدایە، دابین بکات.

لە ئاستێکی دیکەدا، هەموو لایەک دەزانن کە سوودانی نوێنەرایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات کە هەژموونی راستەوخۆی ئێرانی بەسەرەوەیە، بەڵام هەموو لایەکیش دەزانن کە سوودانی خواستێکی بەهێزی هەیە بۆ ئەوەی وەک پیاوی دەوڵەت دەربکەوێت و هەروەک چۆن لەگەڵ تاراندا مامەڵە دەکات، ئاواش لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداودا مامەڵە بکات.

لێرەوە، هەموو ئەو وڵاتانەی کە (بلۆکی بەرەنگاری ئیسلامی) بە مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری دەزانن، دەیانەوێت ئەم خواستەی سوودانی بە هەند وەربگرن و بەشێکی زۆر لە توانای دینامیک و چرکەی دیپلۆماسی و پڕۆژەکانیان بخەنەکار بۆ ئەوەی سوودانی هەست بەوە بکات کە لەبەردەم بلۆکی بەرەنگاری ئیسلامیدا کە پێکهاتووە لە (ئێران، میلیشیاکانی عێراق، حیزبوڵڵای لوبنان، سووریا، حوسییەکانی یەمەن، حەماس و جیهادی فەلەستینی، سەرایای عەشتاری بەحرەینی، لیوای فاتیمیەکانی ئەفغانی، لیوای زەینەبییەکانی پاکستانی) خۆی بە تەنیا و بێ پەڕوباڵ نەبینێت، بەڵام لە هەمانکاتدا هەموو ئەم وڵاتانە تەواو هۆشیارن بەوەی کە لە کۆتاییدا و لەو بەری توونێلەکەوە، هەلومەرجێکی عێراقی هەیە کە دەتوانێت لە هەر ساتەوەختێکدا کۆی هاوکێشەکە بگۆڕێت و هەروەک چۆن عەبادی و کازمی، سەرەڕای پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆیان، خستە پەراوێزی لەبیرچونەوەوە، ئاواش سوودانی بخاتە هەمان پەراوێزەوە.

سەرەڕای ئەم هۆشیارییەش، هەر لە واشنتنەوە تا دەگاتە پاریس، بڕیارێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ پشتیوانیکردنی مەرجدارانەی حکومەتەکەی سوودانی. مەرجەکان تائێستا لە ئاستێکی قبووڵکراودان: بەشێکیان پەیوەندییان بە راگرتنی هاوسەنگی و بەشێکی دیکەیان پەیوەندییان بە حکومەتدارییەکی باشەوە هەیە. ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم ئاستەدا بوەستێت، سوودانی دەتوانێت وەڵامی چاوەڕوانییەکانیان بداتەوە، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاستی داواکانی بەرزبکاتەوە: بۆ نموونە داوای لێبکات کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بپچڕێنێت، یان میلیشیاکانی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە، بەدڵنیاییەوە سوودانی ناتوانێت لە ئاستی ئەم چاوەڕوانییانەدا بێت و دواتر بەناچاری دابڕان دروستدەبێت و لە کۆتاییشدا رووبەری قەیرانەکان فراوانتر دەبن.

لەنێو دۆخێکی ئاوا تەواو ناسکدایە کە ئەمڕۆ سودانی دەگاتە پاریس و ئەم ئێوارەیە لەگەڵ سەرۆک ماکرۆندا کۆدەبێتەوە کە وردە وردە هەموو هاوکێشە عێراقییەکانی، دروست وەک هاوکێشە فەرەنسییەکان لەبەرەو دەزانێت لە ئەوبەری مێزی نانخواردنەکەوە، کێ و بۆ و لەبەرچی و چۆن بەرامبەری دانیشتووە. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا سوودانیش دەزانێت لە ئەو بەری مێزەکەوە، کێ و بۆ و لەبەرچی و چۆن بەرامبەری دانیشتووە؟

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif