گووگڵ و تویتەر دادگایی دەکرێن

ليست هناك تعليقات

 

30 ساڵە یاسایەکی ئەمریکا بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پارێزراو بن لە هەر سکاڵایەک کە بەکاربەران لە دژیان تۆماری دەکەن. ئەم یاسایە، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەی دادگای باڵای ئەمریکایە.

لە چەندین رووداوی تووندوتیژیدا، بنەماڵەی قوربانییان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتیان بە هۆکار زانیوە و سکاڵاکانیان گەیشتووەتە لای دادگای باڵای ئەمریکا.

مات شروێرس، سەرۆکی رێکخراوی پیشەسازیی کۆمپیوتەر و پەیوەندییەکان لە ئەمریکا دەڵێ "لە نەوەدەکاندا، کۆنگریس پێیوابوو، بەکاربەرانی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان، ژمارەیەکی زەبەلاح لە ناوەڕۆک پۆست دەکەن. کۆنگریس دەیویست ئەو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانە خۆیان مامەڵە لەگەڵ بەکاربەراندا بکەن و پارێزگارییان لێ بکەن، بەبێ ئەوەی ناچاربن بۆ پۆستی بەکاربەران رووبەرووی رێوشوێنی ئاڵۆزی یاسایی ببنەوە".

بەشی 230ـی یاسای (پاکیی پەیوەندییەکان)ـی ئەمریکا، ماڵپەر و پلاتفۆرمە ئینتەرنێتییەکان وەک بڵاوکراوە ناناسێت، لەبەرئەوەش بە بەرپرسیاریان نازانێت لە بەرامبەر پۆست و بابەت و نێوەڕۆکێک کە لەلایەن بەکاربەرانەوە بڵاودەکرێنەوە. یاسای (پاکیی پەیوەندییەکان) بەشی 230، بەڕادەیەکی زۆر بواری بۆ گەشەکردنی پلاتفۆطمەکان و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان رەخساند.

ئەوکاتەی ئەم یاسایە لە 1996 لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەندکرا، مارک زووکەربێرگ، دامەزرێنەری فەیسبووک، تەمەنی تەنیا 11 ساڵ بوو. ‌هەروەها تەنیا دوو ساڵ بەسەر دامەزراندنی گەڕانی گووگڵ (google search) تێپەڕی بوو.

مات شروێرس باس لەوە دەکات "ئێمە دەمانەوێت کۆمپانیاکان رێوشوێنەکانیان پێشبخەن و لە بەرامبەر ناوەڕۆکی تووندوتیژدا کردەوەیان هەبێت. ئەو ناوەڕۆکانەی مەرجەکانیان پێشێل دەکەن، بۆ ئەوەی بەکاربەرانیان هەست بە سەلامەتی خزمەتگوزارییەکانیان بکەن. بەڵام ئەگەر دادگا سزای ئەو کۆمپانیانە بدات کە نەیانتوانیوە دەرزییەک لەنێو کادانێکدا بدۆزنەوە، ئەوە ئەو ئاماژەیە دەداتە کۆمپانیاکان کە چاودێریی هیچ ناوەڕۆکێک نەکەن".

رۆژی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، دادوەران گوێ لە سکاڵای خێزانی (نۆهێمی گونزالیس)، کچێکی ئەمریکی دەگرن، کە بەهۆی هێرشێکی داعش لە تەمەنی 23 ساڵیدا لە پاریس لە ساڵی 2015ـدا گیانی لەدەستدا. بنەماڵەی نۆهێمی سکاڵایان لەدژی گووگڵ و تویتەر تۆمارکردووە و دەڵێن بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەو دوو کۆمپانیایە تاوانبارن و هۆکاربوون بۆ مردنی کچەکەیان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif