پەروەردەو ئەولاتر

ليست هناك تعليقات


پەیكار عوسمان
-
یەکێ لەکێشەکانی دنیا سەرمایەداری، بەئالەتکردنی مرۆڤە، "نامۆبوون" لای مارکس، هەرئەوەیە کە مرۆڤ ببێ بەئالەت‌و ڕۆژانە کۆمەڵێ جوڵەی میکانیکی دووبارە بکاتەوە، لەپێناو نان‌و پێویستییە بایۆلۆژییەکان.

یەعنی مرۆڤی نامۆ، ئەوەیە کە تەنها دوو ڕەهەندی ئاژەڵی‌و میکانیکی ئیش ئەکاو ڕەهەندی عەقڵ‌و هونەرو داهێنان‌و خەلاقییەتی ئەکوژرێ. چینی پرۆلیتاریاش چینی لات‌و لەوێرو گێل‌و گەمژەنیە "وەک ئەوەی ئێمە تێیگەیشتووین"، بەڵکو ئەو چینەیە کە لەو نامۆبوونە هۆشیار ئەبێتەوەو بەدوای ڕەهەندە ئینسانییەکانی خۆی ئەکەوێ‌و چیتر تەنیا بەژیانی "ئاژەڵی‌و ئالەتی" ڕازی نابێت.

تا ئێرا کێشەکانی دنیای پیشەسازی و کارگەبوو، بەڵام لەگەڵ تەکنەلەلۆژیای زیرەکدا، ئیتر کیشەکە جۆرێکی ترەو لە نامۆبوونی کرێکارەوە ئەگوازینەوە بۆ نامۆبوونی بێکار.

سیستەمی پەروەردەی مۆدێرن، دوو ئامانجی هەیە، ئامانجێکی ناسیۆنالیستی و دروستکردنی هاوڵاتی چونیەک، هەروەها ئامانجێکی پیشەیی بۆ ئەوەی بتخاتە سەر کار، کەچی دواتر هەر خۆی، ڕۆبۆتێکت بۆ دروست ئەکا، بۆ هەمان کارو تۆش ئەبێ بچیتەوە ماڵەوە!

بێگومان ژیان ناوەستێ و وەکچۆن ڕەوتی پێشکەوتن کۆمەڵی پیشە خانەنشین ئەکات، هەر ئاوا کۆمەڵێ پیشەی تازەش ئەهێنێ و ژیان بەردەوام ئەبێ و کێشەی من ئەمەیان نیە، کێشەی من خەسارکردنی مرۆڤی مۆدێرنە، بە پەروەردەیەک کە هەموو هەدەفی ئەوەیە بتکا بە مرۆڤێکی میکانیکی، لەبەرئەوەشی تۆ هەرچی بکەیت، لە ئالەتبووندا ناگەیت بە خودی ئالەت، کەواتە تۆ خەسارکراویت و پەروەردەیەکی هەڵە کراویت!
ئەو مناڵانەی لە خویندنگا نمونەییەکان ئەخوێنن و زمانی دایکیان بیرچۆتەوە، ئەوان فێری ئینگلیزییەکی باش ئەبن و دواتریش بە چاکەت و ڕیباتێکەوە لە شەریکەیەک ئیشێکی باشیان دەس ئەکەوێ، بەڵام ئیتر ئەوانە کەسانێکی پیشەیی و میکانیکین و کەسانی بیرکەرەوەو داهێنەرنین، چونکە زمانی دایک، زمانی کولتورو مەعریفەی ناوەکییەو تەواوی حیکمەتی کەڵەکەبووی ئەو گەلەی تێدایەو تۆش ئیتر لێ ی بێئاگایت. ئیتر تۆ جیهانی دەرەکیت هەیە، بەڵام جیهانی ناوەکیت نیە، کاتێکیش کە ڕۆبۆتێک ئەخەنە جێگاکەت، ئیتر جیهانە دەرەکییەکەشت نامێنێ و ئا لەوێدا بەتەواویی بەر نامۆبوونەکە ئەکەویت!

فیکرەی سەپاندنی زمانی دەوڵەت و قەدەغەکردنی زمانە جیاوازەکانیش، هەر بۆ ئەوەیە کە ئیتر تۆ بوونی ناوەکی و کولتوورییت نەمێنێ و بوونێکی دەوڵەتیی میکانیکیت لێباربکرێ و نەتوانی وەکو خۆت بیربکەیتەوەو لە بوونی ڕەسەنی خۆت نامۆ ببیت.

تەکنەلۆژیای زیرەک، لانیکەم دوو شت ئەخاتە ژێر پرسیارەوە: (پەروەردەی مۆدێرن و دینی تەقلیدی). پرسیارەکەش زۆر سادەیەو هەر لەجیاتی دانانێکە. ئایا کارێک کە ڕۆبۆت لە مرۆڤ باشتر بیکات، ئەو کارە لە ئەساسەوە ڕەهەندێکی ئینسانی هەیەو ئەهێنێ مرۆڤ کات و تەمەنی پێ ببەخشێ، یان تەنیا کارێکی میکانیکییەو کە جێگرەوەیەکمان بۆی هەبوو، ئیتر پێویست ناکا خۆمان بیکەین؟

ئەگەر لە بازاڕی کاردا، بوونی من کاتیی بێت و تا ئەو کاتەبێ کە جەنابی ڕۆبۆت دێتە شوێنەکەم، ئایا لە ئەساسەوە ئەوە شوێنی من بووە؟ ئەگەر لە کایەی دیندا، تۆ شتانێک بکەیت و ڕۆبۆت بتوانێ لە تۆ باشتر بیکات، ئایا لە ئەساسەوە ئەو شتانە نادین نیەو لێمان بووە بە دین؟

مەسەلەن نوێژی هەموو دینەکان، دیوە دەرەکییەکەی، بریتییە لە کۆمەڵێک قسەو حەرەکات. ئایا ڕۆبۆتێک لە تۆ باشتر نایکات؟ پرسیارەکە ئەوەیە، ئەوەی کە بە "ڕاهاتن" ئەتوانی بە ئاژەڵێکی بکەیت و ئەوەی کە بە "بەرمەجە" ئەتوانی بە ئالەتێکی بکەیت، ئایا ئەوە ئەتوانێ نوێنەرایەتی ڕەهەندە ڕۆحی و عەقڵییەکەی مرۆڤ بکات؟
سەڵات ئەو شتەیە کە هەر بە تۆ ئەکرێ و بە ئالەت ناکرێ، ئێ ئەوەشی کە هەموو دینەکان هەیانەو شەڕیشی لەسەر ئەکەن، لەڕاستییدا هیچیان هەو نیە، چونکە تۆ بە بەشە ئالەتییەکەت ئەیکەیت و ڕۆبۆتێک ئەتوانی لە تۆ باشتر بیکا.

ئیمان و زانست و هونەر و ئەدەب و فەلسەفە.. ئا ئەوانەیە کە هی مرۆڤەو بە ئاژەڵ و ڕۆبۆت ناکرێ "لانیکەم لە ئێستادا". سەڵات تۆی لەناو ویژدانی خۆتدا، نەک لەناو کۆمەڵێ حەرەکات و چپەچپ و کەشی دەروونیدا. سەڵات ئەوەیە کە فۆڕمی نیە، چونکە ئەگەر فۆڕمی هەبێ، ئیتر ئەتوانرێ بکرێ بە داتاو بخرێتە ناو ڕۆبۆتێکەوە!
لەپاڵ چەمکی فەلسەفی "خوا مرد"دا، چەمکی فەلسەفی مرۆڤ مردیشمان هەیە، بەڵام مرۆڤ چی کوشتی؟ ئەگەر من وەڵام بدەمەوە، ئەڵێم (دینی تەقلیدی و پەروەردەی مۆدێرن). کە ئەوە هەمان نامۆبوونەکەی مارکسەو مرۆڤی ئاژەڵی و میکانیکی بەرهەئەهێنێ و ئەمیان بەشە میکانیکییەکەت ئەخاتە ئیش، بۆئەوەی بەشە ئاژەڵییەکەت بژێنێ، ئەویان بەشە میکانیکییەکەت ئەخاتە ئیش بۆئەوەی لەودنیا پاداشتی بەشە ئاژەڵییەکەت بداتەوە!

چۆن "دین و پەروەردە" هەردوکی وا لێبکەین هەڵکشێن بۆ ڕەهەندی سێیەمی ئینسان و چیتر ڕەهەندی یەکەم و دووەم تەنیا وەکو وەسیلەیەک بن نەک وەکو ئامانج؟ خوێندن لەپێناو بازاڕ و دینداریی میکانیکی، ئا ئەو دووانە ئەبێ بخرێنە ژێر پرسیار بۆ ئەوەی "پەروەردەو ئاین" هەردوکی بچێتەوە خزمەتی "فەزیلەت و مەعریفەت" و بوونی ئازادو بەرپرسیارو داهێنەرانەی مرۆڤ.

مارکس وتی (من مارکسی نیم)، یەعنی چارەسەر پرۆسەیەکی بەردەوامی ڕەخنەییە، نەک پاکەتێکی ئایدۆلۆژی ئامادە. چارەسەر ئەوەیە کە سەرەتا کایەی ڕۆشنبیری موتوربەببێ بە عەقڵی ڕەخنەیی، ئینجا عەقڵی ڕەخنەیی بچێتە ناو کایەی پەروەردەو سیاسەت و ئاین و ژیانی گشتی و ببێتە حاڵەتێکی ئاسایی و بەردەوام.

مرۆڤ کائینێکی پەروەردەییەو ئەبێ بەردەوام خۆی پەروەردە بکاتەوە، ئەوەش لەڕێگەی قوتابخانەو پەرستگاوە ناکرێ وەک ئەوەی کە وا تێگەیشتووین، بەڵکو لەڕێگەی عەقڵی ڕەخنەییەوە ئەکرێ، کە بەردەوام خودی کایەی پەروەردەو ئاینیش پەروەردە بکاتەوە!
ئاین پەروەردەت ناکات، ئاین شتێکە ئەبێ تۆ پەروەردەی بکەیتەوە، هیدایەتەکەش هەر لەوێدا وەرئەگرێت کە تۆ ئەو پەروەردە بکەیتەوە، نەک بە پێچەوانەوە. مەعریفەی ڕاستەقینە، ئەوەنیە کە سیستەمی پەروەردە، تۆ پەروەردە بکات، ئەوەیە کە سیستەمی پەروەردە، بەردەوام خۆی پەروەردەبکاتەوە.

سیستەمی پەروەردە لەوێدا گرنگە، کە شوێنی دانانی بەردی بناغەی عەقڵی ڕەخنەیی بێت، لەوە بترازێ پەروەردە خۆی ئەبێتە کێشە. پەروەردەیەک توانای پرسیارت بکوژێ و بە وەڵام قانت بدا، ئەوە شوێنی کوشتنی ڕەهەندە ئینسانیەکەیەو تەنیا کار لەسەر ڕەهەندە ئاژەڵی و ئالەتییەکەت ئەکا بۆ کۆنترۆڵکردنت. پەروەردەی ڕاستەقینە، پەراوەی ئازادییە نەک مەکینەی کۆنترۆڵ.

پەروەردە ئەوەنیە تۆ عەمباربیت و ئەو پڕتبکاتەوە، پەروەردە ئەوەیە کە تەنیا سلفێکت لێداو تۆ بڕۆی بۆلای فەزیلەت و بەرپرسیارێتی و بەهرەو تواناکانی خۆت. پەروەردە لەبەردەم پرسیارێکی جەوهەرییدایە، ئایا شوێنی دروستکردنی ئینسانە؟ یان هەلی خۆناسینی ئینسانە؟ یەکەمیان دەواجنەو دووەمیان پەروەردە خۆیەتی.

حیکمەتی گەورەی ژیان ئەوەیە، کە ژیان پرۆسەیەکی تێکەڵ و جوڵاوەو تۆ تەنیا ئۆبجێکتێکی وەرگر نیت و هەموو مەعریفە لە دەرەوەی تۆدا بێت، تۆ تەنیا سەبجێکتێکی کامڵیش نیت و هەموو مەعریفە لەناو خۆتدابێت، بەڵکو هەنێ شت تەنیا خۆتی بەسەو هەنێ شتیش کەڵەکەبوونی مەعریفەی بەشەرییەو لەوانیتری وەرئەگریت.

یەعنی نیوەی پەروەردە لای تۆیەو شتێک تۆ پەروەردە ئەکات، تۆش شتەکە پەروەردە ئەکەیت و ئا ئەمەیە ژیانی ڕاستەقینەو بوونی ڕەسەن. کاهینەکان نایەڵن بەشی دووەم ڕووبداو تۆش دین پەروەردە بکەیت، ئیتر بەشی یەکەمیش ڕووناداو دینیش ناتوانێ تۆ پەروەردە بکات، چونکە بەبێ زیندویی تۆ، ئەویش مردوە. ئەوە بۆ سیاسەت و پەروەردەو زانست و هەموو کایەکانی تریش هەروایەو نیوەی ژیان لای خۆتەو کاتێ لەگەڵ نیوەکەی تر یەکبگرێ، گەشەو ڕووناکی و جوڵە ڕووئەدا، ئەگەریش یەکنەگرێ، هەردوکی ئەمرێ و چەقین و تاریکی ڕووئەدا.

پەروەردە ئەوەنیە کە مرۆڤێکی پەروەردەکراوی پاسیڤ دروست بکات، ئەوەیە کە کە توانای پەروەردە لە ئینساندا ئەکتیڤ بکاو ئیتر لە پەروەردەکرنەوەی بەردەوامی خۆتەوە بڕۆی بۆ پەروەردەکردنەوەی بەردەوامی ژیان و ژینگەو سیاسەت زانست و کۆمەڵگاو فیکر..

پەروەردە ئەوەنیە کە "پەروەردەکەر و پەروەردەکراو" دروستبکات، چونکە ئەم دووانە ئەبنەوە بە کۆپیی یەکترو بەوەش پەروەردە کۆتایی دێت. پەروەردە ئەوەیە کە کۆتایی نەیەت، ئەوەیە کە پرۆسەیەکی کراوەبێ، نەک مۆدێلێکی ئامادەو پاکەتێکی داخراو. پەروەردە ئەوەیە کە بجوڵێ و بتوانێ خۆی پەروەردە بکاتەوە، نەک ئەوەی منو تۆ لە قاڵبێکدا بوەستێنێ.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif