زانکۆی ستۆکهۆڵم: کەمخەوی گەنجان تووشی نەخۆشییەکی مەترسیدار دەکات

ليست هناك تعليقات



توێژینەوەیەکی نوێ لە سوێد پەیوەندیی کەمخەوی و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکی درێژخایەنی مەترسیدار ئاشکرادەکات و توێژەران دەڵێن: کەمخەوی هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری.

توێژەرانی زانکۆی ستۆکهۆڵم لە سوێد ئاشکرای دەکەن، ئەو کەسانەی کەمتر لە حەوت کاژێر دەخەون و کوالێتی خەوتنیان باش نییە بە تایبەت لە مێردمنداڵان، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری 'MS' زیاترە.

لە توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی دوو هەزار تووشبووی نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری بەکارهات و دەرکەوت زۆرترین تووشبووانی نەخۆشییەکە ئەو کەسانە بوون کە کەمتر لە حەوت کاژێر خەویان هەبووە، بەجۆرێک کەمیی خەوتن 40٪ بۆ 50٪ مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی 'MS'ـی زیادکردووە.

تۆماس ئۆڵسۆن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''کەمیی خەوتن هاندەرێکە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی مەترسیداری فرەڕەقبوونی دەماری''، هەروەها روونی دەکاتەوە، خەوی پێویست هۆکارێکە بۆ پێشگیریکردن لە ناڕێکییەکانی بەرگریی جەستە و نەخۆشییەکە.

بە گوتەی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، ناڕێکیی خەو هاوشێوەی ناڕێکیی دەروونی، جەستەیی و رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان لە قۆناخی مێردمنداڵیدا بەربڵاوە، هاوکات هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ نادروستیی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.

بە گوێرەی کۆمەڵەی نیشتمانیی نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری لە ئەمریکا NMSS، لە جیهاندا 2.3 ملیۆن تووشبووی نەخۆشییەکە هەن، کۆمەڵەکە دەریدەخات، بەرگی پارێزەری دەمارەخانەکان تێکدەشکێن، سەرئەنجام هەوکردن و ئازاری تووند بە هەموو بەشەکانی جەستەی تووشبوودا بڵاودەبێتەوە.

کۆمەڵەکە رایدەگەیێنێت، نەخۆشییەکە بەهۆی ناڕێکیی بەرگریی جەستەوە دروستدەبێت و هۆکاریش بۆ ئەو ناڕێکییە نەزاندراوە بەڵام دەشێت 'بۆماوە، کێشانی جگەرە و نێرگەلە، قەڵەوی، هەوکردن و کەمیی ڤیتامین دی' هاندەربن بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی MS.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif