بەکتریای گەدە بەبێ نیشانە مەترسیدار نییە

ليست هناك تعليقات


تەندروستی
-
کۆنفرانسێکی پزیشکی لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەدەچێت و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس بەتایبەت ناڕێکیی گەدە و ریخۆڵەکان باسدەکرێن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە وڵاتەکە رایدەگەیێنێت، رێژەی تووشبوون بە بەکتریای گەدە لە میسر گەیشتووەتە 70٪ و زۆرینەی تووشبووان نیشانەیان نییە.

کۆنفرانسی زانستیی کۆئەندامی هەرس لە میسر بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک پزیشکی پسپۆر بەڕێوەچوو، تیایدا باس لە نوێترین دەرمان و چارەسەرەکانی بەکتریای گەدە کران و دکتۆر جەمال عیسمەت وەکو ئەندام و نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆنفرانسەکەدا گوتی، هەرکەسێک پشکنینی بەکتریای گەدەی پۆزەتیڤ بوو مەرج نییە نیشانەی بەکتریاکەی لەسەردەربکەوێت.

دکتۆر جەمال عیسمەت، راوێژکاری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و پسپۆڕی هەرس و جگەر لە زانکۆی قاهیرە سەبارەت بە زۆربوونی بەکتریای گەدە لە میسر روونیدەکاتەوە، زۆرینەی تووشبووان نیشانەی نەخۆشییەکەیان لەسەر دەرناکەوێت، بەڵام دەشێت بەهۆکاری دیکە تووشی برینی گەدە و ریخۆڵە ببن و بەکتریاکە رۆڵی لە درەنگ چاکبوونەوەیان هەبێت.

دکتۆر جەمال عیسمەت دەڵێت: ''مامەڵەکردن لەگەڵ بەکتریای گەدە پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستیی نەخۆش و پزیشک هەیە، بەجۆرێک کار لەسەر دووبنەمای سەرەکیی وەکو 'دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و چۆنیەتی چارەسەرکردن' بکرێت.

دکتۆر یەحیا ئەلشەزلی، ئەندامی لیژنەی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر لەبارەی کاتی گونجاو بۆ وەرگرتنی چارەسەری بەکتریای گەدە دەڵێت: تەنیا بە بوونی بەکتریاکە پێویست بە چارەسەرکردن ناکات، بەڵام ئەگەر بەکتریاکە ببێتەهۆی چاکنەبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی وەکو 'هەوکردن، برینی گەدە و ریخۆڵە، سکچوون و رشانەوە' ئەوا دەستبەجێ دەبێت دەرمانی پێویستی بۆ بەکاربهێندرێت.

بە گوتەی دکتۆر یەحیا، دەشێت برینەکانی گەدە و دوانزە گرێ بەبێ بەکتریای گەدە رووبدەن، هاوکات پشتڕاستی دەکاتەوە، ئەگەر لەگەڵ برینەکانی گەدە و ریخۆڵە بەکتریاکەش بدۆزرێتەوە ئەوا دەبێت چارەسەربکرێت، چونکە بەکتریاکە هۆکارێک دەبێت بۆ بەردەوامیی نیشانە و ئاڵۆزییەکانی برینی گەدە و ریخۆڵە.

لە کۆتاییدا دکتۆر جەمال عیسمەت رایدەگەیێنێت، رێژەی تووشبووانی بەکتریای گەدە لە نێو هاووڵاتییانی میسر 70٪ بۆ 80٪ـە، بەڵام مەرج نییە سەرجەمیان نیشانەیان هەبێت و تووشی نەخۆشیی بەکتریای گەدە بووبن.

بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بەکتریای گەدە گوازراوەیە و دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەڕێگەی 'خۆراک و ئاوی پیسبوو' بگوازرێتەوە، هاوکات سەرچاوەی خۆراکیی تەندروست و شۆردنی بەردەوامی دەستەکان رێگەی کاریگەرن بۆ پێشگیری لە تووشبوون بە بەکتریاکە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif