بەریتانیا سزای بەسەر پێنج بەرپرسی دادوەریی ئێراندا سەپاند

ليست هناك تعليقات



حکومەتی بەریتانیا زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر پێنج بەرپرسی دادوەری ئێراندا سەپاند، کە جێگری داواکاری گشتیی ئێران لە نێو سزادراوەکانە.

رۆژی دووشەممە 23ی کانوونی دووەمی 2023، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە بەرامبەر لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران، سزای نوێی بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی دادوەری ئێراندا سەپاندووە و رایگەیاندووە: "ئەو سزایانە لەبەرامبەر ئەو تووندوتیژییە مەترسیدارانەیە، کە رژێم لە دژی خەڵکەکەی بەکاری دێنێت."

هەروەها لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا هاتووە: "ئەو سزایانە لەگەڵ سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا، یەکگرتوویی کۆمەڵگەی نێودەڵەتی بۆ سەرکۆنەکردنی تاران دووپات دەکاتەوە."

بەو سزا نوێیانەوە، ئێستا حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 50 کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاندووە کە لەنێویاندا داواکاری گشتی و جێگری داواکاری گشتی ئەحمەد فازیلیان تێدایە کە ئەوەی دواییان ئەمڕۆ سزای بەسەردا سەپێنرا.

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا هاتووە کە ئەحمەد فازیلیان بەرپرسیار بووە لە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر خۆپێشاندەران و بەکارهێنانی ئەو سزایە وەکو ئامرازێکی سیاسیی و راشیگەیاند: "عەلی رەزا ئەکبەری قوربانی ئەم سیستمە دڕندانەیە بوو."

رۆژی 14ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئێران ئاشکرای کرد، عەلی رەزا ئەکبەری هەڵگری وڵاتینامەی بەریتانی و جێگری وەزیری پێشووتری ئێرانی بە تۆمەتی سیخوڕی لەسێدارەداوە و ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بەدوای خۆیدا هێنا.

لە لیستی سزادراوەکانی رۆژی دووشەممەی حکومەتی بەریتانیا، هەر یەک لە کیومەرس حەیدەری، فەرماندەی زەوینی هێزە چەکدارەکانی ئێران و حوسێن نەجات، فەرماندەی سوپای پاسداران لە شاری تاران هەن.

لەبارەی سزاکانی ئەمڕۆ، جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی: "ئەوانەی ئەمڕۆ سزا دراون لەنێو جەرگەی سەرکوتکارییە دڕندانەکەی رژێمدان لەدژی خەڵکی ئێران. بەریتانیا و هاوپەیمانەکانمان پەیامێکی روونیان ناردووە کە هیچ شوێنێک نییە بۆ خۆشاردنەوەی ئەوانەی کە تاوانبارن بە ئەنجامدانی خراپترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ."

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، یەکێتی ئەوروپا. سزای بەسەر 37 کەسایەتی و دامەزراوەی ئێراندا سەپاند کە سزاکانی بریتین لە دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سامان و موڵکی ئەو بەرپرسانە لەنێو ئەوروپا. هەروەها سەرجەم ئەو بەرپرسانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە گەشتکردنیان بۆ ئەوروپا لەسەر قەدەخە کرا، ئەم پاکێجە سزا نوێیەی یەکێتیی ئەوروپا لە بەرامبەر بەمامەڵە تووندەکانی بەرپرسانی تارانە لە دژی خۆپێشاندەران.

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی ئێرانەوە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی رابردوو، ‌هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە زیاتر لە 20 هەزار خۆپێشاندەریان دەستگیر کردووە.

 
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif