پاپا فرانسیس: ئاگادارنەبووم قەشەکانم گێچەڵی سێکسییان بە خەڵک کردووە

ليست هناك تعليقات


پاپا فرانسیس، سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی جیهان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ بەشێک لە قەشەکانی ئەو رێبازەی ئایینی کریستیانی، بە تایبەتی گێچەڵی سێکسی؛ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند، بە بیستنی ئەو هەواڵانە تووشی شۆک بووە و بۆ بەشێکیشیان دڵتەنگ بووە.

پاپا فرانسیس لەبارەی دۆسیەی گێچەڵی سێکسیی خۆزێ رامۆس، سەرۆکی کەنیسەی تیمۆر لێستێی دەڵێت، دوو ساڵ بەر لە بڵاوبوونەوەی "ئابڕووچوونی" ئەو قەشەیە لە کەنیسەی کاسۆلیکی دوورخراوەتەوە و ئەوەش یەکێکە لە سزاکان لە دۆخێکی هاوشێوەدا.

فرانسیس لە چاوپێکەوتنەکەیدا باسی لەوەشکرد، کاتێک داوایان لێکردووە دۆسیەی گێچەڵی سێکسیی مارکۆ ئیڤان، شێوەکار و قەشەی بەناوبانگی کاسۆلیکی پەردەپۆش بکات، ئەو رەتیکردووەتەوە و باسی لەوەکرد، ئەو "لایەنگری قوربانییەکانە".

ژنێکی سلۆڤینیایی لە 2019دا داوایەکی لە دژی مارکۆ ئیڤان بەرزکردەوە، کە گوایە لە ساڵانی 1980 و 1990دا گێچەڵی سێکسی پێکردووە.

پاپا فرانسیس لە چاوپێکەوتنەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کەنیسەی کاسۆلیکی کارێکی زۆری لەبەردەستدا ماوە کە بیکات بۆ دەرخستنی راستییەکان لەبارەی ئەو دەستدرێژییە سێکسییانەوە کە باس دەکرێن.

پۆپا فرانسیس لە باسی ئەو کاتەی هەواڵی بەشێک لە ئابڕووچوونەکانیان پێ راگەیاندووە دەڵێت، "نەمدەزانی چیبکەم"، چونکە هیچ ئاگاداری ئەو بابەتە نەبووە پێشتر. دەشڵێت، ئەو کاتەی کە زانی، "ئیدی بۆمبەکە تەقییەوە و هەستمکرد چ گەندەڵییەک لە نێو قەشەکاندا بڵاوبووەتەوە".

دواتر لە باسی دەستکردنی بە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکەدا دەڵێت: "سەرەتا بە نزاکردن دەستمپێکرد، دواتر هەموو قەشەکانم لێرە کۆکردەوە و دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد. هێشتاش ئەو لێکۆڵینەوەیە کۆتایی نەهاتووە."

یەکێکی دیکە لەو دۆسیانەی پاپا باسی دەکات کە ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەسەری، دۆسیەی ئابڕووچوونی قەشەی کارلۆس هیمێنیس بیلۆ، قەشەی تیمۆری رۆژهەڵاتە. رۆژنامەیەکی هۆڵەندی لە ئەیلوولی رابردوودا بڵاویکردەوە، دوو کوڕ داوایان لەسەر بیلۆ تۆمارکردووە کە لە ساڵەکانی 1990 کە ئەو کات گەنج بوون، گێچەڵی سێکسی پێکردوون.

گومانەکان ئەوە نیشاندەدەن، کەنیسەی کاسۆلیکی رێگەی بە بیلۆ داوە بە بێدەنگی دەست لەکاربکێشێتەوە، تاوەکو ناوی کەنیسەکە بە خراپ لەلای خەڵک نەڕوات.

لەبارەی دۆسیەی مارکۆ ئیڤانەوە دەڵێت، زۆر دڵتەنگ بووە، چونکە لە پێشووتردا لێیەوە نزیک بووە. لەوبارەیەشەوە لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتی: "بۆ من بابەتەکە سوپرایز بوو. ئەو کەسە هونەرمەندێکی زۆر پلە باڵا بوو، بابەتەکە زۆر ئازاری دام".

بەشێک لە قسەکانی پاپا فرانسیس، سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی لەگەڵ میدیا ئەمریکییەکە: 

ئەمە بابەتێکە لە ئارادایە. پەیوەندی بە ئازاردانی کەسێکی لاوازەوە هەیە، بە جۆرێک وەک ئەوەی بە کەم سەیر بکرێت. دەکرێت لاواز بیت لەبەر نەخۆشی، دەکرێت لاواز بیت لەبەر ناڕێکی باری سایکۆلۆژیت، دەکرێت لاواز بیت لەبەر پشتبەستن بەوانی دیکە. هەندێکجار لەوەوە گێچەڵی سێکسی روودەدات. هەندێک هەن گێچەڵی سێکسی بە خەڵک دەکات و دۆخێکی هەستیار دەقۆزێتەوە، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی هەستیار، بۆیە دەستگیردەکرێت.

دەبوو دەست بهێنمە بابەتەکەوە و هەوڵبدەم دەرەنجامەکان بگۆڕم. یەکەم جار کە بە بابەتەکەم زانی لە گەشتەکەمدا بووم بۆ چیلی. نەمدەتوانی بڕوا بکەم. تۆ بووی لە فڕۆکەکەدا پێت وتم: "باوکە شتەکان بەم جۆرە کارناکەن"، منیش وەڵامم دایتەوە، "ئەو کچە چەندە ئازایە، مەگەر وانییە؟" بیرمە کە وام وت. تۆ لەبەردەممدا بوویت بیرم لەوە دەکردەوە کە دەبێت چی بکەم؟ ئەوە ئەو کاتە بوو کە بۆمبەکە تەقیەوە، ئیدی زانیم چی گەندەڵییەک لە ناو قەشەکاندا بڵآوبووەتەوە. سەرەتا بە نزاکردن دەستم پێکرد، دواتر هەموو قەشەکانم لێرە کۆکردەوە و دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد. هێشتاش ئەو لێکۆڵینەوەیە کۆتایی نەهاتووە. بەڵآم تۆ خۆت شاهێدی ئەوە دەدەیت کە ئەو بابەتە بە تەواوی شارابووەوە و لە دواتردا من پێم زانی، ئەی وانیە؟ هەموو رۆژێک شتی نوێ فێردەبیت. لیژنەیەکی تایبەت بە گێچەڵکردن پێکهاتووە و بە باشی کارەکانیان دەکەن. یەکێک لەو کەسانەش کە زۆر سوپاسی دەکەم کاردیناڵ ئۆمێڵییە. ئەو پیاوە کارەکەی زۆر ئاسانکرد، پیاوێکی خودا پێشڕەوی کارەکەی کرد.

لە کەیسی تیمۆر لێستێیدا دەڵێم، 'تەنیا چاوەڕێی کات بکە هەموو شتێک رووندەبێتەوە'. ئەمە رووداوێکی زۆر کۆنە و لەو کاتەدا هیچ ئاگاییەک لەبارەی رووداوەکەوە لە ئارادا نەبوو. ئەو کاتەش کە شتەکان لەبارەی قەشەی تیمۆر لێستێی بڵآوبووەوە، من وتم لێیگەڕێن بڵآوبێتەوە، چیدەکەن؟ من ئامادەنیم بیشارمەوە.

یاسا دەبێت رێزی لێبگیرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە دەستمان لە کێشەکە شۆردبێت. کێشەیەکی زۆر گەورەی گێچەڵی سێکسی هەیە. بۆیە هەزاران رێگە هەیە بۆ نزیکبوونەوە لە پرۆسەیەکی راستی دادگاییکردن، دەکرێت سزادان بێت یان دوورخستنەوە بێت. هەزاران رێگەی دیکە هەیە بگیرێتەبەر و مەرج نییە شوێن هەمان رێگە کۆنەکە بکەوێت. ئەگەر قوربانییەک یان کەسێکی لاواز هەبێت من هەمیشە لەگەڵیاندام. بۆ من بابەتەکە سوپرایز بوو. ئەو کەسە هونەرمەندێکی زۆر پلە باڵا بوو (مەبەستی مارکۆ ئیڤانە)، بابەتەکە زۆر ئازاریدام.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif