محەممەد شیاع سوودانی: گرێبەستێك لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆ دەکەین

ليست هناك تعليقات


سەرۆکوزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە ئەڵمانیا، سەردانەکەی بۆ واژۆکردنی ژمارەیەک گرێبەستە لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا بۆ پەرەپێدانی کەرتی کارەبا، لەوانە کۆمپانیای سێمنس. سوودانی پێش بەڕێکەوتنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دەرفەتی وەبەرهێنان لە بواری گازی هاوەڵ و گازی سرووشتی دەخەینە بەردەستی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا."

ئەمرۆ پێنجشەممە، 12-1-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی و بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومەتەکەی و ژمارەیەک پیاوانی کار، گەیشتە ئەڵمانیا. پێش بەڕێکەوتنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، " سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتزە، هەروەها لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە نایابە دێت لەنێوان بەغدا و بەرلین و ئەو وێستگە ئەرێنییانەیە کە بە درێژایی مێژووی ئەو پەیوەندییە هەبووە، بەدڵنیاییەوە سەردانەکەمان رۆڵی لە بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە لە هەموو بوارەکان دەبێت."

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، "هەمووان دەزانن ئەڵمانیا ئەمڕۆ یەکێکە لە جەمسەرە سەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا، لەسەر ئاستی جیهانیش لە ئابوورییە پێشکەوتووەکانە، بە کۆمپانیا و وەبەرهێنان و ئەو ئاستە تەکنەلۆژییەیە کە پێیگەیشتووە."

سوودانی ناوەڕۆکی سەردانەکەشی خستەڕوو و گوتی، "ئەم سەردانە بۆ رووپامایی و پڕۆتۆکۆلی نییە، بەڵکو سەردانێکە چەند هەفتەیەک لەلایەن ژمارەیەک لیژنەی نێوان هەردوولا ئامادەکاری بۆ کراوە، جیاوازیی ئەم سەردانە لە سەردانی سەرۆکوەزیرانەکانی پێشوو ئەوەیە ئەم سەردانە نەخشەڕێگەیەک یان پلانێکی کاری هاوبەش لەنێوان ئەڵمانیا و عێراق لەخۆدەگرێت، ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتن لەخۆدەگرێت کە یەکسەر جێبەجێ دەکرێن، بە حوکمی دابینکردنی پارەی پێویست و ئەو رێککەتنانەی بەشێوەیەکی سەرەتایی کراون و لە سەروبەندی سەردانەکە تەواودەکرێن."

سەرۆکوەزیرانی عێراق زیاتر لەبارەی وردەکاریی سەردانەکەیەوە کە هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە، پیشەسازی، کۆچ و کۆچبەران و ژمارەیەک راوێژکار و پیاوانی کار لەخۆدەگرێت، روونکردنەوەی دا و گوتی، "سەردانەکە بڕگەی گرنگ لەخۆدەگرێت و پەیوەندیی بە کارەباوە هەیە، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای سیمینس واژۆدەکرێت کە ژمارەیەک بڕگەی تێدایە پلانێکی جێ ئومێدە بۆ هەستانەوەی ئەم کەرتە لە سەرجەم بوارەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن، وەکو ئاماژەم بۆکرد پارەمان بۆ دابینکردووە، ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنانەی لە حکومەتەکانی رابردوو واژۆکراون بەداخەوە زۆرینەیان بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست بۆیان جێبەجێ نەکراون، یان پارەی پێویست بۆ جێبەجێکردنیان دابیننەکراوە، بەداخەوە زۆرینەیان تەنیا بە مەرەکەبی سەر کاخەز مانەوە، ئەو رەشنووسەی لەبەردەستماندایە کە لە بەرلین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان واژۆدەکرێت، پارەی پێویستمان بۆ گەرەنتی کردووە و دوای واژۆکردن یەکسەر جێبەجێ دەکرێن."

سەردانەکەی سوودانی لەکاتێکدایە، زیاتر لە 20 ساڵە عێراق بە دەست خراپیی کارەباوە دەناڵێنێت و ئێستا رۆژانە پێدانی کارەبای نیشتمانی لە وڵاتەکە رۆژانە 10-12 کاژێرە. سوودانی رایگەیاند، "ئەوەی لە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای سیمنس نوێیە، ئەوەیە گرێبەستێکی درێژخایەن لەخۆدەگرێت بۆ کارەکانی شیاندنەوە و چاککردنەوە، ئەو کارانەی زۆرجار گوێمان لێدەبێت دوادەکەوێت و چاوەڕوانی رەزامەندی و بوودجە و ئەو شتانەی دیکەیە لە هۆکار و پاساوەکان، ئەو کێشەیە کۆتایی پێدێت و لەگەڵ سیمینس گرێبەست دەکەین بۆ چاککردنەوە و پاراستنی وێستگەکانی کارەبا، بە تایبەت زۆرینەی ئەو وێستگانە لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە بە گرێبەستی درێژخایەن دامەزراون، ئەمەش نزیکەی 20٪ تێچوومان بۆ دەهێڵێتەوە، لە هەمان کاتدا کارەکانی چاککردنەوە ئاسان دەکات و وێستگەکان بە هەموو تواناکانیان دەهێڵێتەوە."

سەبارەت بە بانگهێشتکردنی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا بۆ وەبەرهێنان لە عێراق، سوودانی دەڵێت، "لەو سەردانە دەرفەتی گرنگ لەبارەی وەبەرهێنان لەبواری گازی هاوەڵ و گازی سرووشتی دەخەینە بەردەستی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا، هەروەها دەرفەتی گرنگیان دەخەینە بەردەم لە کەرتی پترۆکیماییەکان."

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی تەوەری دیکەی نێو خشتەی کارەکانی سەردانەکەی کرد و روونیدکردەوە، "هەروەها رەهەندی چارەسەرکردنی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا یەکێک دەبێت لە رەهەندە سەرەکییەکان و پلانی کاری ئەڵمانی-عێراقی دەستپێشخەری و پرۆگرام لەبارەی گەشەپێدانی مرۆیی و راهێنانی پیشەیی و خوێندنی باڵا لەخۆدەگرێت کە رۆڵی دەبێت لە رەخساندنی دەرفەتی کار."

سەبارەت بە کەرتی داراییش، سوودانی دەڵێت، "هەروەها بڕگەیەک هەیە پەیوەندیی بە هاوئاهەنگیی دارایی و بانکییەوە هەیە، بەو شێوەیەی کە رۆڵی هەبێت لە گەشەپێدانی ئابووری و ژینگەی لەبار دروستبکارت بۆ کۆمپانیاکان و کەرتی کار."

محەممەد شیاع سوودانی بەشداریپێکردنی پیاوانی کاری لەنێو شاندەکەی بە گرنگ زانی و گوتی، "سەردانەکە خشتەیەکی چڕی لە دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەڵمانیا و کۆمپانیاکان تێدایە، شاندەکەی ئێمە پیاوانی کار لە کەرتی تایبەتی عێراق لەخۆدەگرێت، کۆمپانیای نیشتمانی کە پڕۆژەی جێبەجێکراویان هەیە، بەشێکیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا پڕۆژەیان جێبەجێکردووە، بۆیە حکومەت رژدبوو لەسەر ئەوەی پیاوانی کاریش لەم شاندە لەگەڵماندا بن، جگە لەوەش وەزیرانی دەرەوە و پیشەسازیی و کۆچ و کۆچبەران لەگەڵ راوێژکارانی پسپۆڕ پێکدێت."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif