بەریتانیا بەنیازە سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە

ليست هناك تعليقات

 

پەرلەمانی بەریتانیا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەدات کە تێیدا هانی حکومەتی بەریتانیا دەدات سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2023، لە پەرلەمانی بەریتانیا تاوتوێی پرسی تایبەت بە ئێران کرا و تێیدا لیۆ دۆچێرتی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی بەریتانیا گوتی "ئەوان پێشتر سزایان بەسەر سوپای پاسداراندا سەپاندووە و حکومەتی بەریتانیا بیر لەوە دەکاتەوە سوپاکە بخاتە لیستی تیرۆرەوە"، بەڵام رەتیکردەوە پێش راگەیاندنی بڕیاری فەرمی بکەوێت.

هاوکات بۆب بلاکمەن، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر پشکی پارتی پارێزگارانی حکومڕان گوتی کە "پێویستە" سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە و گوتی، "داوا لە حکومەتی بەریتانیا دەکەم سوپای پاسداران وەکو رێکخراوی تیرۆریستی پۆڵێن بکات و کار لەگەڵ هاوتاکانی بکات بۆ ئەوەی دڵنیایی لە سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنن، بەبێ دواکەوتن." پەرلەمانتارەکە "سەرکوتکردنی گوتاری دژی رژێمی ئێران" بە سەرهەڵدانی نازییەکان دەچوێنێت و دەڵێت "پێش ئەوەی بگاتە ئاستێکی لەو شێوەیە، دەبێت کارێک بکەین".

پەرلەمانتارانی پارتی کاری بەریتانیاش رەخنەی تووندیان لە مامەڵەی بەرپرسانی ئێران لەگەڵ خۆپێشاندەران گرت. فلێر ئاندەرسن، پەرلەمانتاری پارتی کار گوتی "دەبێت بەریتانیا ڤیزا بداتە سەرکردەی خۆپێشاندەران و ئەوانەشی لە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە".

بەگوێرەی میدای بەریتانیا پرۆژەیاساکە لەلایەن هەریەکە لە تۆم توگندات، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا و سوێلا براڤەرمەن، وەزیری نێوخۆی وڵاتەکەوە پاڵپشتیی دەکرێت.

دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆردا، واتای ئەوە دەگەیێنێت کە ئەندامبوون لە سوپاکە، بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانیدا و تەنانەت هەڵگرتنی لۆگۆی سوپاکە لە بەریتانیا بە تاوان دەناسێندرێت.

لە کۆتایی ساڵی 2022 دا، سوپای پاسدارانی ئێران حەوت کەسی هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیان بەهۆی خۆپێشاندانەوە دەستگیرکرد. رۆژی 28-12-2022 ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوای لە ئێران کرد لە دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی بەریتانی بووەستێت و گوتیشی؛ نابێت ئەو هەنگاوە وەکو گوشاری دیپلۆماسی لە دژی بەریتانیا بەکاربهێندرێت.

ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئێران لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی دانیشتووی سەقز لە 16-09-2022 دەستیانپێکرد، ژینا لە 13ی ئەیلوول لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەرکرا و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا؛ باوکی ژینا دەڵێت، کچەکەی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.

رۆژی 19-11-2022، کێن مکاڵم، بەرپرسی گشتیی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا ناسراو بە M15 لە راپۆرتێکدا لەبارەی هەڕەشەکانی بەردەم وڵاتەکەی هۆشداریی دا لەوەی لە ساڵی 2022 دا "ئێران 10 جار هەوڵی کوشتن و رفاندنی هاووڵاتییانی دانیشتووی بەریتانیای داوە". ئاماژەی بەوەش کرد، پلانەکانی ئێران هەڕەشەی راستەوخۆن بۆسەر بەریتانیا و ئەوانیش "لە رێگەی دەزگا هەواڵگرییەکەیەوە جێبەجێ دەکات."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif