جامی کەنداو دەستی پێکرد و براوەش خەڵاتێکی دارایی گەورەی پێدەدرێت

ليست هناك تعليقات




یارییەکانی جامی کەنداوی 25 لە بەسرە دەستپێدەکەن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە دەبێت و تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی رێوڕەسمی دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە دەکات و یارییەکانیشی لە هەردوو پەیجی رووداو سپۆرتس و رووداوی عەرەبی لە فەیسبووک دەگوازێتەوە.

کاژێر 17:45 رێوڕەسمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لە یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی بە ئامادەبوونی هەزاران هاندەر و چەندین بەرپرسی سیاسی و وەرزشی لەسەر ئاستی وڵاتانی کەنداو دەستپێدەکات و چەندین برگەی هونەری جیاواز لە یاریگەکەدا پێشێکشێدەکرێن و رەحمە ریاز، هونەرمەندی بەنێوبانگی عێراقی گۆرانی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە دەڵێت.

هەشت هەڵبژاردە بەشداری لە رکابەرییەکانی جامی کەنداودا دەکەن، لە کۆمەڵەی یەکەمدا هەڵبژاردەکانی عێراق، سعودیە، عومان و یەمەن لەخۆدەگرێت و یارییەکانیان لە یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە بەڕێوەدەچن. هەڵبژاردەکانی کۆمەڵەی دووەم لە: قەتەر، ئیمارات، بەحرەین و کوێت پێکدێن، یارییەکان لە یاریگەی نێودەوڵەتی مینا بەڕێوەدەچن.

یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە کاژێر 19:00 بەکاتی باشووری کوردستان لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراقی میواندار و عومان بەڕێوەدەچێت، خیسوس کاساس، راهێنەری ئیسپانی و هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت " بە فەلسەفەی تۆپی پێی ئیسپانیا یاریی دەکەین، یارییەکەمان بەرامبەر عومان قورسە و دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی هاندەرانمان دڵخۆشبکەین."

سەرجەم یارییەکانی جامی کەنداوی 25 لەم دوو یاریگەیە بەڕێوەدەچن و عێراق ئامادەکارییەکی زۆری بۆ پاڵەوانێتییەکە کردووە.

ئەحمەد محەممەد موبەرەق، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " سەرجەم دامەزراوە وەرزشییەکانمان بۆ بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە لە ئامادەباشیدان و لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی عێراقەوە سەرۆکوەزیران گرنگییەکی زۆر بە میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە دەدات."

محەممەد کارێزی نێردراوی رووداو لە بەسرە بۆ رووماڵکردنی یارییەکانی جامی کەنداو رایگەیاند " بەهۆی جەنجاڵی و هاتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە وڵاتانی دیکەوە هیچ شوێنێک لە بەسرە نەماوە، خەڵکی بەسرە هاندەرانی هەڵبژاردەی وڵاتانی بەشدار بانگهێشتی ماڵەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی لای ئەوان بمێننەوە."

نێردراوی رووداو دەڵێت " سەرجەم بلیتەکانی یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە فرۆشراون و چاوەڕواندەکرێت زیاتر لە 60 هەزار هاندەر لە یاریگەدا ئامادەبن."

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دووپاتیدەکاتەوە کە هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی جیاواز و سەرکەوتوو پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەببەن.

لە جامی کەنداوی 25 بۆ یەکەمجار لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا سیستمی ڤار بەکاردەهێنرێت، کە پێشتر لە هیچ پاڵەوانێتییەکی دیکەی کەنداودا بەکارنەهاتووە.

عێراق لە 1979ـەوە یەکەمجارە میوانداریی جامی کەنداو دەکات، عێراق سێ جار نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردووەتەوە، بەڵام لە 35 ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە ببێتە پاڵەوان، بۆیەش ئەمجارە هەڵبژاردەکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ بردنەوەی نازناوی چوارەم لە مێژوویدا.

خەڵاتێکی دارایی گەورە بۆ براوەی جامی کەنداو دانراوە، ئەوەی دەبێتە پاڵەوان 1 ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت و خاوەنی پلەی دووەمی پاڵەوانێتییەکەش بە 750 هەزار دۆلار خەڵاتدەکرێت

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif