نەتەوە یەکگرتووەکان: کۆمپانیا نەوتییەکان "درۆی گەورە"یان کردووە

ليست هناك تعليقات


 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی تووندی لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەگرێت و دەڵێت، "درۆی گەورە"یان لەبارەی رۆڵی خۆیان لە قەتیسبوونی گەرمای زەوی کردووە.

لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامادەبووانی گوت، پێویستە ئەو کۆمپانیایانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کردووە، وەکو چۆن باجی گەورە لە کۆمپانیاکانی بواری تووتن بەهۆی زیانەکانی جگەرەکێشانەوە وەردەگیرێت، پێویستە یاسای گەورە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان دابنرێن.

گوتێرێز بە هۆڵێکی پڕ لە بازرگان و کەسایەتیی سیاسیی گوت، "هەفتەی رابردوو زانیمان کە چەند بەرهەمهێنەرێکی سووتەمەنییە نەریتییەکان، لە ساڵانی 1970كان بە تەواوی دەیانزانی کە بەرهەمەکەیان هەسارەکەمان سووردەکاتەوە."

مەبەستی گوتێرێز ئەو لێکۆڵینەوەیە بوو کە لە گۆڤاری ساینس بڵاوکراوەتەوە کە باس لەوە دەکات، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل ئەنجامی لێکۆڵینەوەی زاناکانی خۆی لەبارەی کاریگەریی سووتەمەنییە نەریتییەکان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا، پشتگوێ خستووە و مەترسییەکانی بەرهەمەکانی شاردوونەتەوە.

هەندێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت، بە گوتەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، "درۆی گەورە"یان کردووە، "وەکو پیشەسازیی تووتن، ئەوانەی بەرپرسن، پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif