تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رایگەیاند، "گلەیی و هەڵویستمان لە کردەوە و شێوازی ئیدارەدانی کابینەی نۆیەم هەیە."
رۆژی یەکشەممە 15-01-2023، سەرۆک و تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەت لە کاردانەوەی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "یه‌كێتی هیچ كات له ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن نه‌ترساوه، ئاماده‌ین بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى پاک و بێگه‌رد، به یاسایه‌كى هه‌مواركراو، لیستێكى پاكى تۆمارى ده‌نگده‌ران، زامنكردن و پاراستنى مافی پێكهاته و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان."
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆک و تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەت
بەداخهوه سه‌ره‌ڕاى بوونى دنیایه‌ك كێشه و قه‌یران و قووڵبوونهوهى زیاترى ناكۆكییه‌كان، چاوه‌ڕوان بووین بۆ یه‌كجار سه‌رۆكى حكومه‌ت وه‌ک سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم قسه بكات، چاوه‌ڕوان بووین په‌یامه‌كه‌ى ده‌ستپێشخه‌رى بێت بۆ چاككردنى دۆخى ژیانى هاووڵاتییان و كۆتایی هێنان به كێشه‌كانى نێوان هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی ناو حکومەت بێت، به‌داخه‌وه وانه‌بوو. ئێمە چاوەڕێی هەڵوێستێک بووین کە هەوڵێک بێت بۆ نزیکبوونەوەی لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی چارەنوسساز لەنێوانیادا.
ئێمە گلەیی و هەڵوێستمان هەبووە لەکردەوە و شێوازی ئیدارەدانی ئەم کابینەیە کە مەسرور بارزانی سەرۆکیەتی. گلەییەکانیشمان هی خەڵکن. پەیوەندییان بە شێوازی حوکمڕانی، خراپی خزمەتگوزاریی و نادادپەروەریی لە نێوان شارێک بۆ شارێکی دیکەوە هەیە. گلەییەکانیشمان گەیاندووە لەڕێی نووسراوێکەوە نەک لە میدیا بڵاویبکەینەوە بۆ موزایەدە کردن و چارەسەرەکانیشمان داڕشتووە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەرێمەکەمان، بەڵام لەبری ئەوەی دەستی چارەسەر درێژ بکەنەوە، یاخود سەرۆکی حکومەت راستەوخۆ لێمان بپرسێت کێشەتان چییە؟ راگەیێندراوێکی لەو جۆرە بڵاودەکاتەوە.
لەبارەی شه‌هیدكردنى عه‌قید هاوكار جاف سەرۆکی حکومەت دەیەوێت به زۆری زۆردارى یه‌كێتی و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك له‌ناو یه‌كێتی تۆمه‌تبار بکات، بیریان چووه له سه‌ره‌تاى رووداوه‌كه‌وه ئه‌وه یه‌كێتی بوو داواى لێكۆڵینه‌وه‌ى هاوبه‌شی كرد و داواشی كرد لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌شداربن له لێكۆڵینه‌وه‌كان، كه‌چی ده‌زگا ئه‌منییه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت هه‌ر زوو سیناریۆكهى خۆیان بڵاوكرده‌وه و ده‌یانه‌وێت بیكه‌نه ئه‌مری واقیع، تازه به‌تازه سه‌رۆكى حكومه‌ت قسه‌ى یه‌كێتی دووباره ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت، با لایه‌نى نێوده‌وڵه‌تى بێنه ناو لێكۆڵینه‌وه‌كان، پاش چی! دواى ئه‌وه‌ى سیناریۆكانتان بڵاوكردووەته‌وه و تەواوی بودجەی هێزێکی نیشتمانی قارەمانی وەک دژە تیرۆرتان بڕی و هەوڵی بڕینی قووتی سەدان قارەمانی ئەم نیشتیمانەتان داوە؛ تازه‌ش بیرتان كه‌وتووەته‌وه كه ئه‌م رووداوه له جه‌رگه‌ى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامدراوه، پێده‌چێت سه‌رۆكى حكومه‌ت ئاگاى لێ نه‌بێت یان نه‌یه‌وێت ئاگاى لێبێت هه‌ر له‌و جه‌رگه‌ى هەولێرە هێزێكى یاخى و له‌یاسا ده‌رچوو هەڕەشەی چوونه سه‌ر ماڵی جێگری سه‌رۆكى حكومه‌ت کرد و هه‌ر له‌و جه‌رگه‌ى پایتهختهش رۆژنامه‌نووس و دەیان و سەدان کەسیش تیرۆر ده‌كرێت و تاوانبار داڵده ده‌درێت و فهوجیشی بۆ ده‌كرێته‌وە.
ئینجا سه‌رۆكى حكومه‌ت له راگه‌یێندراوه پڕ له چهواشهكارییهكهى ده‌ڵێت، "یه‌كێتی به‌رپرسه له‌و دۆخه‌ى له سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه، راپه‌ڕین و گه‌رمیان دروست بووه." چاوه‌ڕوان بووین سه‌رۆكى حكومه‌ت بڵێت، بڕیارمدا به‌شێوه‌یه‌كى مه‌یدانى خۆم سه‌ردانى سلێمانى و ده‌ڤه‌ره‌كه بكه‌م و له كێشه‌كان بكۆڵمه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه وەک کاری هەمیشەیی تۆمەتی بەخشیوەتەوە، به‌م هه‌نگاوه‌شی سه‌لماندى کە نایەوێت سه‌رۆكى حكومه‌تى هەموو هه‌رێمى كوردستان بێت و ده‌بێت خه‌ڵكى خۆڕاگر و خۆشه‌ویستى سلێمانى بپرسن: كه ئه‌و سه‌رۆکی حكومه‌ته له ماوه‌ى نزیکەی چوار ساڵدا چەند جار هاتووەته ئه‌و سنووره؟ هه‌ر جارێكیش هاتبێ بۆ قردێله بڕینێک هاتووه و خێرا گه‌ڕاوه‌ته‌وه. بەڵێ ئابڵوقە خراوەتە سەر سلێمانی، ئەی ئابڵوقە لای ئێوە چی دەگەیێنێت؟ نەدانی شایستە داراییەکانی سلێمانی چی ناو دەنێن؟ دواکەوتنی مووچە لە سلێمانی و دابەشکردنی لە هەولێر چی ناو دەنێن؟ پیلانی کەمکردنەوەی داهاتی سلێمانی بۆ نانەوەی ئاژاوە نەبێت چیی پێدەڵێن؟ لەوەیان تەنها سیاسەتی چەوت کەڵکی نییە، ئێمە دەتوانین بەزمانی داتا و ژمارە پێتان بڵێین: بەڵێ بە پیلان ئابڵوقەتان خستووەتە سەر سلێمانی.
هەمووان دەزانن كێشه‌ى سه‌ره‌كى و گه‌وره‌ى كوردستان داهاتى نه‌وته نه‌ك تەنها داهاتى ناوخۆ، ئه‌وه سه‌رۆكى حكومه‌ت و سیاسەتە داراییەکەیەتی کە هەرێمەکەمانی كردووەته قوربانى سیاسه‌تى ناڕوون و ناشه‌فافی داهاتى نه‌وت! له‌بری نیعمه‌ت، نه‌وتیان كردووەته نه‌عله‌ت!
له داهاتى ناوخۆش، ئه‌رێ بێ زه‌حمه‌ت پێمان بڵێن كێ ده‌زانێ داهاتى ئیبراهیم خه‌لیل چه‌نده؟ ئه‌و لیژنانه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت باسیان ده‌كات بۆ ناچن كۆنتڕۆڵی داهاتى ئیبراهیم خه‌لیل و حاجى ئۆمه‌ران و خاڵه سنوورییه‌كانى دیکە بكه‌ن؟
كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنى سیاسی پێكهات، ئێمەی یەکێتی لە گفتۆگۆکانمان گوتمان زیاتر لە کابینەکانی پێشوو دەبێت کار لەسەر نەهێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی بکەین، ئێمە ئەوکات کە ئەو داوایەمان هەبوو لەخەمی ئەوە بووین کە غەدر لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان نەکرێت، کە بەداخەوە وەک پێشبینیمان کرد، غەدرەکە کرا و بەسەروزیادەوە، ئەوەش یەکێک بووە لە نیگەرانییەکانمان لە خودی سەرۆک حکومەت.
هه‌ر زوو ئه‌م رێككه‌وتنەی حکومەتی پێ پێکهێنرا شكێنرا، بەڵام هەر دانمان به‌خۆماندا گرت و گوتمان به‌ڵكو باشتر بن و ورده ورده فێربن کە حوكمڕانى بەو عه‌قڵیه‌تە ناکرێت!
لێره‌دا به پێویستى ده‌زانین بڵێین؛ ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى حكومه‌ت ئه‌وه‌نده چاكسازی خوازه، چه‌ند ساڵه بۆ پڕۆژەیاسای بودجه نانێرێتە په‌رله‌مان؟ تیمى یه‌كێتی رێگربوون؟ بەڕێز سەرۆکی حکومەت، لە جیاتی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی کەرەستەی حکومەت بخەرە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌كانى سووته‌مه‌نى، كاره‌با، نه‌وتى سپی ماڵان، گاز، گرانى بازاڕ و دابینکردنی دەرمان بۆ هاووڵاتییان.
ئاشکرایە کە داهاتی کوردستان بەشی تەواوی مووچە دەکات، دەبا وەک چۆن لەو نامەیەی کە بۆمان ناردوویت نووسیبوومان، داهاتی کوردستان یەک بخە و مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک خەرجی سیادی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت دوور لە فەلسەفەی دوو ئیدارەیی تاکو هەموو هاووڵاتییانی کوردستان سوودمەندبن.
له كۆتاییدا به‌وپه‌ڕی راشكاوییه‌وه ده‌ڵێین:
یه‌كێتی هیچ كات له ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن نه‌ترساوه، ئاماده‌ین بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد، به یاسایه‌كى هه‌مواركراو، لیستێكى پاكى تۆمارى ده‌نگده‌ران، زامنكردن و پاراستنى مافی پێكهاته و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.
پێشمان وایه: راگه‌یێندراوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆی سه‌رۆكى حكومه‌ت باشترین وه‌ڵامه بۆ پرسیارى خه‌ڵكى كوردستان كه ده‌ڵێن، "بۆ تیمى یه‌كێتی ناچنه كۆبوونه‌وەکانی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران؟" بە داخەوە ئەم کابینەیە خراپترین کابینە بووە لە مێژووی حوکمڕانی کوردستان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق