داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئیسرائیل دەکەن

ليست هناك تعليقات


دەیان هەزار کەس بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی حکومەتە تووندڕەوەکەی بنیامین نەتەنیاهوو چوونەسەر شەقامەکانی تەلئەڤیڤ. خۆپێشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی نەتەنیاهوو دەکەن.

ئێوارەی رۆژی شەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2023، میدیای ئیسرائیل رایگەیاند، 80 هەزار خۆپێشاندەر بەشدارییان لە گردبوونەوەیەک لە دژی حکومەتی ئەوپەڕی راستڕەوی تووندڕۆی نەتەنیاهوودا کردووە و دروشمی "دیکتاتۆر بهێننە خوارەوە"یان دەگوتەوە.

پێشتر، لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکە، پۆلیس رایگەیاندبوو کە نزیکەی 20 هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکەدا کردووە.

لەدوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەلایەن نەتەنیاهوویەوە لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2022دا، ئەوە بە گەورەترین خۆپێشاندان لە ئیسرائیل دادەنرێت. چەند گردبوونەوەیەکی دیکە لە قودس/ئۆرشەلیمیش لە بەردەم ماڵەکەی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئیسرائیل هەبوون.

نەتەنیاهوو کە زۆرترین ماوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بووە، لە کۆتایی ساڵی 2022 دا بە حکومەتێک لە پارتەکانی ئەوپەڕی راستڕەوی تووندڕۆ و ئۆرسۆدۆکسەوە جارێکی دیکە سەرۆکایەتیی حکومەتی کردەوە.

خۆپێشاندەران داوایان لە نەتەنیاهوو کرد دەستلەکاربکێشێتەوە.

پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن داوایان لە خەڵکی کرد بچنە ریزی خۆپێشاندەرانەوە بۆ ئەوەی "پارێزگاری لە دیموکراسی بکەن" و لە دژی چاکسازیی دادی بووەستنەوە.

یاریڤ لێڤین، وەزیری دادی ئیسرائیل رۆژی 4ـی کانوونی دووەم پلانێکی مشتومڕهێنی راگەیاند کە دەسەڵاتی زیاتر دەدات بە پەرلەمانتاران لە دیاریکردنی دادوەران و بوونی دەسەڵات بەسەر بڕیارەکانی دادگەی باڵادا.

لە ئیسرائیل کە دەستوورێکی دیاریکراوی نییە، دادگەی باڵا ئێستا دەسەڵاتی هەیە یاساکان هەڵبووەشێنێتەوە ئەگەر پێیوابوو دەبنە هۆی جیاکاری.

ئایالا پرۆکاچیا، دادوەری پێشووی دادگەی باڵای ئیسرائیل بە خۆپێشاندەرانی گوت: "تێکدانی بەها بنەڕەتییەکانی سیستمەکەمان قبووڵ ناکەین. بە ساتێکی چارەنووسسازدا تێپەڕدەبین بۆ داهاتووی ئیسرائیل".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif