نەتەوە یەکگرتووەکان: ساڵی رابردوو 9,277 پەناخوازی سووری ئوردنیان جێهێشتووە

ليست هناك تعليقات


نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ساڵی رابردوو سەروو 9000 پەناخوازی سووریایی دانیشتووی ئوردن، وڵاتەکەیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە سووریا یان لە وڵاتی سێیەم نیشتەجێ بوون.

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە ساڵی 2022دا 9277 پەناخوازی سووریایی ئوردنیان جێهێشتووە کە بەشی زۆریان بەرەو وڵاتی سێیەم کۆچیان کردووە و لەوێ نیشتەجێ بوون.

نزیکەی 1.3 ملیۆن پەناخوازی سووریایی لە ئوردن هەن، کە سەرووی 660 هەزاریان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمار کراون.

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، 4,013 کەس گەڕاونەتەوە سووریا، لەکاتێکدا 5,264 پەناخواز لە وڵاتی سێیەم نیشتەجێ بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە ساڵی 2022دا 50966 پەناخوازی سووریایی لە وڵاتە جیاجیاکانەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ژمارەکە لە ساڵی 2021دا 35624 کەس و لە ساڵی 2020ـیشدا 38235 کەس بووە. لە ساڵی 2019شدا نەتەوە یەکگرتووەکان زۆرترین ژمارەی پەناخوازە گەڕاوەکانی سووریای تۆمار کردووە، بە جۆرێک، تەنیا لەو ساڵەدا 94971 کەس لە وڵاتانی میواندارەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

بە شێوەیەکی گشتی، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەدات کە لە ساڵی 2016وە 354055 پەناخوازی سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان کە 64934 کەسیان لە ئوردن بوون.

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەش دەکات، ئەو ژمارە "تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمار کراون" و دەکرێت ژمارەکە بەرزتر بێت.

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2022دا، کۆی 22526 پەناخوازی سووریایی وڵاتانی میوانداریان بەرەو وڵاتی سێیەم جێهێشتووە. ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆگرامێکی نیشتەجێکردنی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەنجامدراوە. ئامارەکان بەم جۆرەن: لە میسر 1,813 کەس، لوبنان 7,490 کەس، ئوردن 5,264 کەس، تورکیا 7,158 کەس و لە عێراقیش 801 پەناخوازی سووریایی لە چوارچێوەی ئەو پرۆگرامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گوێزراونەتەوە بۆ وڵاتانی سێیەم.

ئامارەکان پیشانی دەدەن، هەریەکە لە کەنەدا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، سوێد، نەرویج و هۆڵەندا زۆرترین پەناخوازیان وەرگرتووە بۆئەوەی لە وڵاتەکانیاندا نیشتەجێ بکرێن.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif