بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی گشتیی باجەکان 3.5 ملیۆن دۆلاری بردووەتە دەرەوە

ليست هناك تعليقات


دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ئۆپەراسیۆنێکدا، چوار تۆمەرتباریان دەستگیرکرد کە یەکێکیان بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی باجەکانە، دەستیشیان بەسەر سەرووی ملیارێک دینار و بڕێکی زۆر خشڵ و تاپۆی 11 خانوو داگرتووە. بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی گشتیی باجەکانی عێراق کە سەردەستەی تۆمەتبارانەکانە، "دانی بەوەدا ناوە کە 3.5 ملیۆن دۆلاری بردووەتە وڵاتێکی دراوسێ."

دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 30-01-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای دەستکەوتنی زانیاریی ورد و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادگەی ناوەندی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سێ تۆمەتبار دەستگیرکران."

بەپێی راگەیێندراوەکە ئەو سێ تۆمەتبارە پەیوەندییان بە تۆمەتبارێکی دیکەوە هەیە، ئەویش بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی گشتی باجەکانە. کە لەسەر بابەتێکی دیکە دەستبەسەرە و دانپێنانی وەرگیراوە. ئەو چوار کەسە تۆمەتبارکراون بە "سپیکردنەوەی پارە."

دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەر یەک ملیار و 227 ملیۆن دینار، (556،900 ) هەزار دۆلاری ئەمریکی و بڕێکی زۆری زێڕ و خشڵی تۆمەتبارەکاندا گرتووە. هەروەها دەستیان بەسەر 11 تاپۆی خانووبەرە کە 9یان لە ناوخۆی عێراق و دووەکەی دیکە لە دەرەوەی وڵات بوون، گرتووە.

بە گوێرەی دەستەی دەستپاکی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی دەستەی گشتیی باجەکان، دانی بەوەداناوە 3.6 ملیۆن دۆلاری بردووەتە دەرەوەی وڵات.

مانگی 9ـی ساڵی 2022، ئوسامە حسام جەودەت، لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی باجەکان دوورخرایەوە. بەپێی بەڵگەنامەیەک لە 15-9-2022 دەرچووە، وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی بڕێکی زۆر پارە لە داهاتی دەستەی گشتیی باجەکان، بەو هۆیەوە بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکە و یاریدەدەر و ژمارەیەک بەڕێوەبەری بەشەکانی دەستەکان لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif