هۆکارەکانی هەوکردنی قوڕگ لە بەیانیاندا

ليست هناك تعليقات

 

پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانی لەبارەی هەوکردن و ئاوسانی ئاڵووەکان لە بەیانیاندا، چەند خاڵێکی گرنگ و باو باسدەکات و دەڵێت: ئەستەمە کەسەکە بزانێت هۆکارەکەی ڤایرۆسییە یاخود بەکتریا، بەڵام دەشێت هەریەک لە هەستیاری، گەڕانەوەی ترشەڵۆگی گەدە و وشکیی نێو دەم هۆکاری هەوکردنەکە بن.

دکتۆر باڕباڕا باوێر، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهیۆ لە ئەمریکا دەڵێت: ''زۆرجار هۆکارەکانی هەوکردنی قوڕگ بەهۆی وشکیی هەوای ژووری نوستندا دروستدەبن کە بە خواردنەوەی ئاو یاخود خۆشۆردن چارەسەر دەکرێن.''

پسپۆڕەکەی پزیشکیی خێزانی هەوکردنی قوڕگ بە یەکێک لە نیشانەکانی هەستیاری دادەنێت و دەڵێت: بوونی لینجەمادە و خوورانی قورگ دوای لەخەوهەڵسان، نیشانەی سەرەکیی تووشبوون بە هەستیارین، پێویستە بە دەنکۆڵەی دەرمانی هەستیاری چارەسەربکرێن و کەسەکە خۆی لە وشکبوونی دەم بپارێزێت.

هەروەها دکتۆر باڕباڕا گەڕانەوەی ترشەڵۆگی گەدە بە هۆکارێکی ئاوسانی قوڕگ دادەنێت و دەڵێت: کاتێک سوورێنچک بڕێک لە ترشی گەدە دەگەڕێنێتەوە بەرەو سەرەوەی قوڕگ، سەرئەنجام دەبێتەهۆی هەوکردن و وشکبوونەوەی قوڕگ لە بەیانیاندا، هەروەها دەشڵێت: ''بۆ پێشگیریکردن لەم حاڵەتە، پێویستە دوو کاژێر پێش خەوتن هیچ ژەمێکی خۆراک نەخورێت.''

دکتۆر باڕباڕا هاووڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت: لەکاتی هەستکردن بە نیشانەکانی وەکو 'تا، دەردراوی لووت، بێهێزی ماسوولکەکان، ئازاری ئەژنۆ، کۆکە و پژمە' دەبێت دەستبەجێ بۆ وەرگرتن و دەستنیشانکردنی هۆکاری تووشبوون بە نیشانەکان، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.

لە کۆتاییدا دکتۆر باڕباڕا چەند رێنوێنییەک لەکاتی تووشبوون بە پەتا وەرزییەکان دەخاتەڕوو و دەڵێت: غەرغەرەکردن بە خوێیاو، خواردنی هەنگوین، خواردنەوەی شیر و شلەمەنی گەرم، یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەی هەوکردنی قوڕگ، بەڵام قاوە، کهول، بیبەری تیژ و خۆراکە ترشەکان لەکاتی ئاوسان و هەوکردنی قوڕگ نابێت بخورێن.

ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ نەخۆشییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ رایدەگەیێنێت کە 'خوران، سووربوونەوە و ئازار لەکاتی قوتدان' نیشانە سەرەتاییەکانی هەوکردنی قوڕگن، هەروەها روونیشیدەکاتەوە منداڵان و ئەوانەی جگەرەدەکێشن لە گرووپە مەترسیدارەکانن بۆ تووشبوون بە ئاڵۆزییەکانی دوای هەوکردنی قوڕگ.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif