عێراق بۆ میوانداریکردنی جامی کەنداو ئامادەیە

ليست هناك تعليقات


دوای هەفتەیەکی دیکە یارییەکانی جامی کەنداوی 25 لە شاری بەسرە دەستپێدەکەن، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئامادەکارییەکی باشی بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە کردووە.

دووەمجارە جامی کەنداو لە عێراق دەکرێت، لە 1979 بۆ یەکەمجار یارییەکانی کەنداوی لە لایەن عێراق میوانداریکرا، بڕیارە یارییەکانی کەنداوی 25 رۆژی شەشی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچن.

کێبرکێی جامی کەنداوی 25 بە بەشداری 8 هەڵبژاردەیە کە بریتین لە عێراق، کوێت، بەحرەین، ئیمارات، قەتەر، سعودیە، یەمەن لەگەڵ عومان.

بەرپرسانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بە پاڵپشتییەکی بەهێزی حکومەت ئامادەکارییەکی زۆرییان لە رووی ئامادەکردنی شاری بەسرە بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی کەنداوی 25 کردووە، بەر لە هەفتەیەک محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی شارەکەی کرد و لەگەڵ عەدنان درجال سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و بەرپرسانی شارەکە کۆبووەوە.

یارییەکانی جامی کەنداوی 25 لەنێو هەردوو یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی، کە شوێنی 65 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە، لەگەڵ یاریگەی نێودەوڵەتی مینا کە شوێنی 30 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە بەڕێوەدەچن، لە کاتی کردنەوەی یاریگەی مینا کێشەی رووناکی هەبوو، لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێتیی تۆپی پێی عێراق سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بوون و هەروەک ئەوان باسی دەکەن کێشەی رووناکی یاریگەی مینا چارەسەرکراوە.

بێستون ئەکرەم، رێکخەری گشتی یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی"یاریگەکان ئامادەن لە هەموو رووییەکەوە بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی کەنداوی 25 و هەموو لیژنەکان لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە ئامادەباشیدان بۆ پێشوازیکردن لەو کەرنەڤاڵە وەرزشییە گەورەیە".

عێراق دەیەوێت لە رێگای میوانداری جامی کەنداوی 25 دڵی فیفا رازیبکات بۆ هەڵگرتنی ئابڵۆقەی وەرزشی لەسەر یاریگەکانی، بۆ ئەوەی خول و پاڵەوانێتییە گەورەکان لە هەموو شارەکانی عێراق بەڕێوەبچن، بەشێوەیەکی فەرمیش هەریەک لە سەلمان بن ئیبراهیم سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا لەگەڵ جیان ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا داوەتکراون بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە.

ئەکرەم زیاتر گوتی "سەرکەوتن و تۆمارکردنی میواندارییەکی جوان هیوای هەموومانە و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەیەوێت تواناکانی خۆی بە فیفا پیشان بدات، بۆ ئەوەی متمانەی پاڵەوانێتییە گەورەکان و هەڵگرتنی گەمارۆی وەرزشی لەسەر یاریگەکانی عێراق هەڵبگیرێت، لایەنێکی دیکە ئەوەی گرنگە بایەخی پێدراوە لایەنی ئەمنییە و شاری بەسرە لە رووی ئەمنیەوە تەواو دەخرێتە ژێر چاودێری هێزە ئەمنییەکانی عێراق".

بەرپرسان و رێکخەرانی یەکێتیی تۆپی پێی جامی کەنداوی 25 لە شاری بەسرەن، یەکەم هەڵبژاردەی کە دەگاتە شاری بەسرە هەڵبژاردەی کوێتە کە ئەمڕۆ دوای گەیشتنی یارییەکی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لەنێو یاریگەی مینا ئەنجامدەدات، هەڵبژاردەکانی دیکەش هەفتەی داهاتوو دەگەنە بەسرە.

بەسرە هەموو شەقام و باڵەخانەکانی بە دروشم و وێنە و ئاڵای وڵاتانی کەنداو رازاندووەتەوە، دەیەوێت سەرنجی هەموو ئەو کەس و میوانانەی سەردانی دەکەن رابکێشێت، پاسێکی کۆن کە 65 ساڵ بەر لە ئێستا هاتووچۆی بە خەڵکی شارەکە کردووە بووە خاڵێکی سەرنجڕاکێشی جامی کەنداوی 25، ئەم پاسە رەنگ شینە کە ئاڵای هەموو هەڵبژاردە بەشدارەکانی هەڵگرتبوو بە هەموو شارەکانی عێراق گەڕێندرا و لە کاتی گەیشتنی بۆ شاری هەولێر ئاڵای کوردستانیش خرایە سەر پاسەکە و پێشوازییەکی گەورەی جەماوەری لێکرا.

یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە دوو شێواز بلیتی یارییەکانی جامی کەنداوی 25 دەفرۆشێت، یەکەمیان لە رێگای ئەلیکترۆنییە، دووەمیان کردنەوەی 5 بنکەی فرۆشتنی بلیتەکانە لەناو شاری بەسرە کە بریتین لە مۆلی تایم سکوێر، مۆڵی شەناشیل، یاریگەی نێودەوڵەتی مینا، شاری وەرزشیی بەسرە لەگەڵ شەقامی کۆڕنیش، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەتوون 20 هەزار بلیتی یاری کردنەوەی جامی کەنداوی 25 فرۆشراوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif