نەبونی پلان، لە پەروەردەدا، کاریگەریە نەرێنیەکانی

ليست هناك تعليقات


ڕەووف محەمەد ئالانی

کێشەکانی پەروەردە ئەوەندە زۆرن، لە ژماردن نایەن،بە بۆچونی من سەرچاوەی ئەو گرفتانە، نەبونی پلانی زانستی و داڕێژراوی هەمە جۆرە.

لە ئەمرۆی دنیای پڕ جەنجاڵی وزۆری هۆکارەکانی گەیشتن بە زانیاری، وایکردوە، هەموو تاکێک بتوانێت، بەئاسانی دەستی بەوەی مەبەستێتی پێی ڕابگات و بەدەستی بێنێت، پلاندانان، هەمیشە و بۆهەموو کارو پرۆژەیەک، بەردی بناخەی سەرخستنیەتی.

ئەوەی مەبەستی منە، لەم وتارەمدا، باسی بکەم ولێی بدوێم، گرنگی پلانە لەناو پرۆسەی پەروەردەدا، چونکە هەموومان، دەزانین، ئەگەر ویستی گۆڕانکاری و پێشکەوتن هەبێ لەهەر شوێنێک ، دەبێ لە پەروەردەوە دەست پێبکات.

زۆرجار دەبیستین کە دەڵێن پلانمان هەیە ئەو کارە بکەین، ئەوە سەرکەوتوو نیە و نابێتە جێی ئومێد،(دوایت ئایزنهاوەر)دەڵێ:( پلان گرنگ نییە، پلاندانان گرنگترینە).

لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە قسە کردن ناچێتە بواری پلاندانان، ئەم حاڵەتە زۆرجار لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکان، لە دەمی بەرپرسان دەیبیستین، بەڵام دوای چاوەڕوانیەکی زۆر ئەو قسەیە نابینین لەناو پلانداناندا ڕەنگ بداتەوە،

هەموو بوارە کارگێڕی و داراییەکان، چەند هەنگاوێکی پێویستە، ئەرکەکانی بەڕێوەبردن بەگشتی دابەشکراون بەسەر پێنج توخمە سەرەکییەکاندا، تا بگاتە ئەنجام، ئەوانیش ئەمانەن:

1- پلاندانان: بریتیە لە نەخشەکێشان و دانانی بەرنامەو شێوازی کارکردن، لەسەر پرۆژەیەکی دیاریکراو

2- رێکخستن وڕێنوێنی: ئەمەش بریتیە لە هەنگاونان بۆ ئەنجامدانی بەرنامەی نەخشەکە، کە رونکردنەوەو دیاریکردنی ئەو ڕێوشوێنانەی نەخشەکەی تێدا ئەنجامدەدرێت

3- سەرپەرشتیکردن: ئەو بەرنامەو نەخشەیە پێویستی بە سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردن هەیە، تا لە هێڵی گشتی پلانەکە لانەدات

4- هەماهەنگی(نوينةرايةتى): بریتیە لە هاوکاری و بیروڕا گۆڕینەوە، لە پێناو جێگیرکردن و سەرخستنی پلانەکە

5- کۆنتڕۆڵکردن و ئەنجام: دواقۆناغی بینینی کارو هەنگاوەکانی پلانەکەیە

ئەوەی لای زۆربەی چاودێران و پەروەردەکاران بۆتە جێی گومان و نیگەرانی، ئەوەیە پەروەردە و وەزارەتەکەی لەماوەی ئەم سێ دەیەی رابردودا، پلانەکانی سەرکەوتوو نەبوون، ئەمەش بە ڕوونی لە شیوازی دەرئەنجامەکانی دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت.

نمونەیەک لە وتەکەی(هێنری فۆرد،(١٨٦٣-١٩٤٧)دەهێنمەوە، کە ڕێک لەگەڵ، دۆخی پەروەردەی هەرێمی کوردستان گونجاوە، دەڵێت:( هەرکاتێک سەرکەوتن لە ئەنجامی پلانی باش و کۆڵنەدانێکی بەردەوام و لەگەڵ دەرفەتێکی لەباردا دەرکەوت، خەڵک بە باشی دەزانن).

بەڵام ئایا ئەو دەرفەت و هەل و کار و ئەنجامە، لەم سیستەم و شێوازەی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بینراوەو بەدیکراوە؟ بێگومان وەڵامەکەی نەخێرە.

لەماوەی ئەم نۆ کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر گۆڕانکاریەک لە وەزارەتی پەروەردە کرابێت، وەزیری تازە کاری وەزارەتەکەی لەسەر بۆچونی خۆی داناوە، کە ئەمە بۆ پەروەردە نەگونجاوە، بۆیە خەڵکانی دڵسۆزو خەمخۆر، نیگەرانن لەو دۆخەی لەناو پەروەردە هەیە و بەدیهاتووە.

بەبۆچوونی ئێمە دەبوایە سەرۆکی حکومەت لە هەموو کابینەکان، پێش کاروباری سیاسی، تا سێکتەری پەروەردە باش و چاکنەکرێت، نەدەبوو دەست بۆ هیچ سێکتەرێکیتر ببرێت، ئەمە پێی ئەوترێ چاکسازی و گەشەسەندن و پێشخستنی کۆمەڵگە.

لەلایەکیتر بۆ زۆربەی پرس وسێکتەرەکان، حکومەت پێویستی بەچەند جۆرێک لە پلاندانان هەیە،

پلاندانان، لەهەموو بەش و بۆ هەموو کەسێک گرنگ و پێویستە، مامۆستایان ، بەڕێوەبەرەکان ، سەرپەرشتیاران، بەرپرسی بەش، بەڕێوەبەرەگشتیەکان، ڕەوێژکاران، تا دەگاتە وەزیر.

ئەوەی پێویستە بکرێت، چەند کار وهەنگاوێکی زانستی پڕ بایەخن بۆ ئەوەی قۆناغەکانی پلاندانان، بۆ هەموو پڕۆژەیەک ئەنجام بدرێن، ئەوانیش ئەمانەن:

١-پلانی خێرا: ئەو پلانەیە کە پێویستە بەخێرایی کاری لەسەر بکرێت

٢-پلانی مامنەوەند: ئەو پلانەیە کە مەوەیەکی درێژتری پێویستە بۆ ئەنجامدانی ماوەکەی لە(١ساڵ بۆ ٣ساڵە)

٤-پلانی دوورمەودا: ئەو پلانەیە کە ماوەیەکی پێویستە تا ئەنجامبدرێت، ماوەی (٣بۆ ١٠)ساڵی دەوێت، نمونەی ئەو پڕۆژانەی کە نوێگەری دەکەن لە سیستمەکە، چونکە ئەوانە پێویستیان بە هەنگاوی جۆراوجۆر هەیە تا بخرێنە سەر ڕێگەی خۆیان.

ئەوەی کێشەوگرفتی بۆ وەزارەتی پەروەردە دروستکردوە، ئەم وەزارەتە لەناو کابینەی وەزاراتەکان، هەموو جارێ لەسفرەوە دەستپێدەکەنەوە، بەمەش ناتوانن هیچ پڕۆژەیەک سەربخەن.

ڕاستە ئەوانەی ئاماژەمان بۆ کردن زیاتر پەروەردە، دەگرنەوە، بەڵام لە سەروو هەموو وەزارەتەکان، دامەزراوەیەکی گەورەتر دەبێ بوونی هەبێت، کە هیچ حکۆمەتێک بەبێ ئەو وەزارەتە، کارەکانی جێناگرێ، ئەویش وەزارەتی پلاندانانە، دەکرێ بزانرێ لەم هەرێمە ئەو وەزارەتە کاری هەیە، یان تەنها بەناو هەیە؟ یان ئەوان کاری خۆیان دەکەن و گوێیان لێناگیرێت؟ چونکە هەموو پڕۆژەو کارو بەرنامەی حکۆمەتەکە پێویستە لەوێوە پەخشبکرێت و ئینجا ئەنجامبدرێت.

تا حکۆمەت و وەزارەتی پەروەردە پلاندانان نەکەنە کاری لەپێشینەی هەموو شتەکان، چاوەڕوانی باشتر نابین، بەهیوام گوێ لە خواستە دڵسۆزانەکان بگرن، تا ئێمەش چاوودڵمان بخەینە سەر دواڕۆژیکی باشترو جوانتر بۆ ئایندەی هەرێمەکەمان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif