ئیمانوێل ماکرۆن: کوردەکانی فەرەنسا بوونە ئامانجی هێرشێکی دڕندانە

ليست هناك تعليقات




ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هێرشەکەی پاریس و کوژرانی سێ کورد، سەرەخۆشی لە کوردانی فەرەنسا کرد و رایگەیاند، "کوردەکانی فەرەنسا لە نێوەندی شاری پاریس بوونە ئامانجی هێرشێکی دڕندانە."

ئەمڕۆ هەینی، 23-12-2022، هاووڵاتییەکی تەمەن 69 ساڵ لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقەی لە ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کرد و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەیش برینداربوون. هەرسێ کوژراوەکە کوردن و خەڵکی باکووری کوردستانن.

ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا چەندین ساڵە لە پاریس دامەزراوە و کاردەکات بە مەبەستی یارمەتیدانی کوردانی دانیشتووی فەرەنسا و تێکەڵکردنیان لەگەڵ کۆمەڵگەی فەرەنسی.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تویتەر رایگەیاند، "کوردانی فەرەنسا لەنێو جەرگەی پاریس بە هێرشێکی دڕندانە کرانە ئامانج. دڵمان لای قوربانییان، برینداران و خێزان و کەسوکارەکانیانە."

ئیمانوێل گریگۆری، جێگری سەرۆکی شارەوانیی پاریس لە تویتێکدا گوتی: "هێرشێک لە رێگەی چەکەوە کراوە. سوپاس بۆ هێزە ئەمنییەکان بۆ کاردانەوەی خێرایان".

ماکرۆن دەشڵێت، "سوپاسی دەزگاکانی چەسپاندنی یاسا دەکەین لە بەرامبەر بوێری و خۆڕاگرییان."

هێرشەکەی رۆژی هەینی لە لایەن پیاوێکی سپیپێستی فەرەنسیی تەمەن 69 ساڵانەوە کرا کە دوای بریندارکردنی، دەستگیرکرا و گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە.

تاوەکو ئێستا پاڵنەری پشت هێرشەکەوە پشتڕاستنەکراوەتەوە، بەڵام لۆر بیکیو، داواکاری گشتیی پاریس گوتی، هێرشکارەکە پێشتر شوفێری شەمەندەفەر بووە، ساڵێک لەمەوبەر بەهۆی هەوڵدان بۆ هێرشکردنەسەر دوو کۆچبەر بە چەقۆ، دەستگیرکرابوو و ماوەیەکی کەم لەمەوبەر بە کەفالەت ئازادکرابوو.

ئیبراهیم سەیدۆ، چیرۆکنووس و مامۆستای زمانی کوردی لە زانکۆی سۆبۆن لە پاریس کە یەکێک بووە لە شاهێدحاڵەکان، رۆژی هەینی بە تەلەفۆن لە بووڵتەنی کاژێر چواری ئێوارەی رووداودا گوتی، هەموو کوژراو و بریندارانی رووداوەکە کوردن.

کوردانی شاری پاریس لە دوای هێرشەکە خۆپێشاندانیان کرد و گرژی لەگەڵ پۆلیس دروستبوو. بەشێک لە کوردانی فەرەنسا، پەنجەی تۆمەتیان بۆ تورکیا درێژکرد و دروشمی "دەوڵەتی تورکیای بکوژ"یان گوتەوە.

بەڵام جیڕالد دارمانان، وەزیری نێوخۆی فەرەنسا گوتی، روونە کە هێرشکارەکە ویستوویەتی خەڵکی بیانی بکاتە ئامانج، بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەک نییە دەریبخات ئامانجی بە دیاریکراوی خەڵکی کورد بووبن.

کادار پیرێ، بەڕێوەبەری رێکخراوی کوردانی بێسنوور لە پاریسەوە بە رووداوی راگەیاند: "گومانی زۆر لەسەر تاوانەکە هەیە، چونکە هێرشکارەکە رەوەندی وڵاتانی دیکەی بە ئامانج نەکردووە،" هەروەها گوتیشی، ئەوان پێیانوایە هێرشەکە "بە دیاریکراوی دژی کورد بووە."

ئەو چالاکڤانە کوردە باسی لەوەش کرد، "تاوانبارەکە ماوەی تەنیا 10 رۆژە ئازادکراوە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif