سەرپۆشی بەسیاسیکراو لەنێوان تورکیا و كۆماری ئیسلامی ئێراندا

ليست هناك تعليقات


ئەبوبکر کاروانی
-
سەرپۆش لەمێژووی نوێی ناوچەکەماندا، تەنھا ئاماژە نییە بە ئەرکێکی دینی و پابەندبوون بە کەلتورێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو لەسۆنگەی ململانێی توندی نێوان تەوژمی عەلمانی و ئیسلامی لەسەر ناسنامە، گۆڕاوە بە رەمزێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی و لە بازنەی ئیمان و ئازادی تاکەکەسی دەرکراوە و کرا وەبەپرسێكی وروژاو لەپانتایی گشتیدا.

رژێمی عەلمانی سەرەڕۆ و نامیھرەبانی تورکیا، لەچوارچێوەی دژایەتیکردنی رواڵەتەکانی ژیانی ئیسلامی، کە جلوبەرگیشی گرتەوە، سەرپۆشی کرد بە رەمزی دواکەوتوویی و دژایەتی ناسنامە و ئایدۆلۆژی دەوڵەت و سەرەنجام لە دامودەزگا گشتییەکان و لەوانەش زانکۆکاندا قەدەغەیکرد. واتە دەوڵەت دەیوست لەڕێی بێبەشکردنی ئافرەتی سەرپۆش بەسەر لەمافەکانی و قێزەونکردنی لەکۆمەڵگەدا، بەزۆر سەرپۆش لەسەری لابەرێت.

رێو شوێنەکانیشی لەم رووەوە بەجۆرێك توند و سەخت بوون، لەکاتێکدا عەبدوڵڵا گوڵ و ئۆردوگان لە لوتکەی دەسەڵاتی وڵاتەکەیاندا بوون، یەکەمیان کچەکەی کە دەچووە زانکۆ بارۆکەی لەسەر دەکرد و ئەویدی ناردی بۆ ئەمەریکا لەبەرئەوەی لەوێندەرێ ناچارنەبوو سەرپۆشەکەی لە حەرەمی زانکۆدا فڕێبدا.

لێرەشەوە، خەبات بۆ ئازادی سەرپۆش لەمێژووی ھاوچەرخی تورکیادا، بوو بە بەشێك لەخەبات بۆ کرانەوە و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ. لەگەمەی دیموکراسی و ھەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگیشدا بەمەستی بەدەستھێنانی دەنگی توێژە موحافیزەکار و ئایندارەکەی کۆمەڵگە لەلایەن زیاد لەرەوت و ھێزێکی سیاسییەوە بەکار دەھێنرێت.

ھەرلەم چەند رۆژەی رابردووشدا بوو، ھاوکات لەگەڵ نارەزایەتییەکانی شەقامی ئێرانی و سەرپۆش دژی لەنێوان بەشێ لەخەڵکی ئەووڵاتە و بەتایبەتیش نەوەی نوێدا، سەرۆکی جەھەپە واتە رێبەری ئۆپۆزیسیۆن و میراتگری مێژوویی پارتەکەی ئەتاتورك، باسی لەئامادەکردنی پڕۆژەیەك لەلایەن فراکسیۆنە پەڕلەمانییەکەی حیزبەکەیەوە، دەربارەی ئازادی سەرپۆشکردن لە دامودەزگا گشتییەکان و دەرھێنانی لەبازنەی ململانێ سیاسییەکە و گێڕانەوەی بۆ چوارچێوەی ئازادییە تاکەکەسییەکان کرد و بەکردەوەش پێشکەشیان کرد. باسی ئەوەشی کرد کەئەوان لە رابردوودا ھەڵەیان کردووە، کە بەجۆرێك لە دوایلێبوردنکردنی ناراستەو خۆ لەم پرسەدا لەقەڵەم دەدرێت.

سەردەمی پادشایەتی ئێرانیش چیرۆکەکە زۆر لەم دۆخە نزیك بوو، بەحوکمی سەرسامبوونی زۆری رەزاشا بە کەمال ئەتاتورك و سیاسەتەکانی. سەرپۆش لەم نموونەدا، واتە دژایەتی سەرپۆش و سەرپۆش بەسەر و بێبەشکردنی ئافرەتی موسوڵمانی باڵاپۆشی ھاوچەرخ لەبەشێ لەمافەکانی وەکو ھاوڵاتی لەسۆنگەی جۆری جلوبەرگەوە، رەمزی ستەمکاری رژێم و ئازادیە، چونکە رەمزە بۆ سنوورداری ئازادییە تاکەکەسییەکان.

ھەرچی نموونەی ئێرانی نوێیە، واتە کۆماری ئیسلامی ئێران، کە دەوڵەت لەدوای شۆڕشەوە، بەزۆر سەرپۆشی بەسەر ئافرەتانی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، دیمەنە و ئاماژەکان بەتەواوەتی جیاوازن. سەرپۆشیش رۆڵێکی سومبولیکی جیاوازی سیاسی و کەلتوری دەگێڕێت. سەرپۆشی بەسیاسیکراوی سەپاو، لەساتەوەختێکی دیاریکراوی مێژوویدا، نەك ھەر بۆتە ئاماژەی سنورداری ئازادییە تاکەکەسییەکان، بەڵکو بۆتە یاخود کراوەتە رەمزی کۆی خراپیەکانی سیستم و ناڕەزایەتی تەوژمێکی بەربڵاوی کۆمەڵگە لە نیزامی باوو.ھەربۆیەبە سوکایەتیکردن بەسەر پۆش نارەزایەتی بەرامبەر کۆی پرسی ئازادی و کارنامەی نوخبەی حوکمڕان دەردەبڕێت.

لەبەرەنجامی گشتی و رووناکی ئەوەی لەپێشیشەوە وتمان، دەخوازین بڵێین :کاتی ئەوە ھاتووە، دەوڵەت لەخۆگری ھەمووان بێت و تاك ئایدۆلۆژی نەبێت. سەرپۆش و ھاووێنەکانی لەبواری سیاسەت دەربھێنرێن و بخرێنەوە ماڵە تایبەتەکەی ئیمان و ئازادی تاکەکەسییەوە، چونکە بە سیاسیکردنی سەرپۆش لەھەردوو نموونەکەدا خراپەی لێکەوتەوە.دژبەلۆژیکی ئیسلامیشە کە سەرپۆشی بە ئیمان و قەناعەتی دینی و کۆمەڵایەتی تاکەکەسەوە بەستۆتەوە و ھیچ سزایەکی بۆ بێسەرپۆشی دیارینەکردووە. دژبەبنەماکانی دیموکراسی ومافەکانی مرۆڤیشە،بەحوکمی ئەوەی ئەم جۆرە پرسانە دەخەنە خانەی مافە تاکە کەسییەکانەوە، واتە ئەو مافانەی دەوڵەت نابێت دەستیان تێبخات بەمەبەستی لەقاڵبدان و زەوتکردنیان.

سەرپۆشیش کاتێ ئیسلامی و ئەخلاقییە، بەرھەمی ھەڵبژاردنیعەقڵ و ئیرادەیەکی ئازاد بێت، سیاسەتیش کاتێ سیاسەتە سنور و ئەرکی خۆی بناسێت و دەرکیان پێبکات و بیانپارێزێت، لەوانەش پاراستنی ئازادییە تاکەکەسییەکان و رێزگرتن لە ئازادی ھاوڵاتیان لەچوار چێوەی دەستورێکی مەدەنی تەوافوق لەسەرکراودا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif